کژار: مەرگی نیلوفەر نیشانەی بەردەوامی توندوتیژیی سیستماتیکە دژی ژنان
کژار ڕایگەیاند، مەرگی نیلوفەر موجاور ڕووی ڕاستەقینەی توندوتیژیی سیستماتیک دژ بە ژنان و شکستی دامەزراوەکان لە پاراستنی ژیان و شکۆی ژنان ئاشکرا دەکات، بە توندی هەر توندوتیژییەک دژی ژنان شەرمەزار دەکەین.
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی نیلوفەر موجاور، کە ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بوو، لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و ئەشکەنجە بوویەوە و لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا، بەو بۆنەیەوە کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" بە نووسراو ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەمشێوەیەیە:
“لە کاتێکدا بەرەو ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستان و ئێراندا هەنگاو دەنێین، هەواڵی دڵتەزێنی گیانسپاردنی نیلوفەر موجاور، کە بە شێوازێکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوو و تووشی جەڵدەی مێشک ببوو، کۆمەڵگەی کوردستان و بە تایبەت بزووتنەوەی ژنانی تووشی خەمێکی قووڵ و تووڕەیییەکی جەماوەری کردەوە.
کەیسی نیلوفەر ڕووداوێکی دابڕاو وتاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پێکهاتە و وێنەیەکی گەورەتری توندوتیژیی ڕێکخراو و هێرشی سیستماتیک بۆ سەر ژنان، هێرشێک کە ڕەگوڕیشەی لە سیستەمی هەزاران ساڵەی پیاوسالاری و تیۆری “خاوەندارێتیی”جەستە»دا کۆبووەتەوە و جەستەی ژن وەک شوێنی ئۆپەراسیۆنی دەسەڵات دەبینێت. ئەگەرچی بیستنی هەواڵی ئەشکەنجە و ژنکوژی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دیاردەیەکی نامۆ نییە و لە هەمبەریشیدا خەباتێکی بەردەوام لە ئارادایە، بەڵام ئەم توندوتیژییە چیتر تەنیا بەرهەمی نۆرمە نەریتییەکان نییە، بەڵکو ڕۆژانە بە شێوازێکی هەژێنەر، سیستیماتیک و بێبەش لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆیی سەر هەڵدەداتەوە و ڕوو لە زیادبوونە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا زیاتر لە بیست ژن بوونەتە قوربانی. ئەم ژمارانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو توندوتیژییە سەختەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. تێکەڵبوونی هەژاریی کولتووری، ڕەگەزپەرستی، سێکسیزمی کۆمەڵایەتی و سیستمی دەوڵەتیی دژەژن لەگەڵ قەیرانی ئابووری، ئاسایشی و لێکەوتەکانی ئابووریی و سیاسییەکانی جەنگ، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ژینگەیەکی ئاڵۆزی ڕەخساندووە، کە تێیدا توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرکوت لە ئاستی گشتیدا.
لەبەر ئەمە، ناکرێت توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا وەک تاوانێکی دابڕاو لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان شی بکرێتەوە. ئەم توندوتیژییە بەرهەمی ڕاستەوخۆی پەیوەندییە نادادپەروەرەکانی دەسەڵاتە لە ناخی سیستمێکی پیاوسالاردا؛ سیستمێک کە لە ڕێگەی یاسا، دامەزراوە فەرمییەکان و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدارییەوە، نەک تەنیا ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدات، بەڵکو میکانیزمەکانی دووبارە پەیدابوونەوەشی بەردەوام دەکات. توندوتیژی و ژنکوژی لە ڕەهەندەکانی جەستەیی، دەروونی و فکریدا، تەنیا زیان بە تاک ناگەیەنێت، بەڵکو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی دەروونی، کەلتوور و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تەواوی کۆمەڵگە. کاتێک ژنێک ئەشکەنجە دەدرێت یان دەکوژرێت، کەرامەتی مرۆیی و حەزی ژیان لە سەرانسەری کۆمەڵگەدا دەکرێتە ئامانج.
ئێمە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بڕوامان وایە، کە تاقە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتخواز و ژنکوژە، پەرەپێدانی مۆدێلێکی هەمەلایەنەی “خۆپاراستنی جەوهەری”یە لە بوارەکانی فکر، ڕامان، پەروەردەی کۆمەڵایەتی، گۆڕینی زەینیەتی نێرسالاری و ڕێکخستنی جەماوەرییدا. ئێمە هەر جۆرە هەڵاواردن و توندوتیژییەک دژی ژنان لە کوردستان و ئێراندا، بە توندی مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. داوا لە ویژدانی بێدار و هوشیاری کۆمەڵگەی کوردستان دەکەین، کە لە بەرانبەر ژنکوژیدا بێدەنگ نەبن و وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی، لە بەرانبەر سیستمی کوشتن، ژیانی واتەدار بپارێزن.
ژن، ژیان، ئازادی.