کژار: لەسێدارەدان نە دادپەروەرییە و نە وەڵام کپکردنی دەنگی ئازادیی و مافی ژیانە

کژار دژی لەسێدارەدانی زیندانیان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو وتی: لەسێدارەدان نە دادپەروەرییە و نە وەڵام؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ کپکردنی ئەو دەنگانەی کە باس لە ئازادی و شکۆ و مافی ژیان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتیی توندی دەربڕی دژی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران.

 

ڕاگەیاندراوەکەی کژار بەم جۆرەیە:

جارێکی دیکە بە دەنگێکی بەرز و ئیرادەیەکی پتەوەوە، دژایەتییەکی توندیی خۆمان بەرامبەر بە بڕیاری لەسێدارەدانی نامرۆڤانەی زیندانییەکان ڕادەگەیەنین. لەسێدارەدان نە دادپەروەرییە و نە وەڵام؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ کپکردنی ئەو دەنگانەی کە باس لە ئازادی و شکۆ و مافی ژیان دەکەن.

 

ئێمەی ژنانی ئەم سەرزەمینە کە بە درێژایی مێژوو باری قورسی ستەم و هەڵاواردن و سەرکوتکردنمان لەسەر شان بووە، ئەمڕۆ لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن لە ژیانێکی ئازاددا وەستاوین. دەنگی ئێمە دەنگی ئەو دایکانەیە کە منداڵەکانیان لە ڕێگای ئازادیدا لەدەستداوە؛ دەنگی ئەو خوشکانەیە کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیانن؛ دەنگی ئەو ژنانەی کە چیتر بێدەنگی قبووڵ ناکەن؛ دەنگی ئەو ژنانەیە کە لە لوتکەی چیای زاگرۆس بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانیان ڕوویان لە تێکۆشان کردووە، دەنگی ئەو گەلانەیە کە بۆ ئازادی و دیموکراسی تێدەکۆشن.

 

ساڵانێکە ژنە زیندانییە سیاسییەکانی وەک زەینەب جەلالیان؛ پەخشان عەزیزی؛ سپێدە قلیان؛ نێرگز محەمەدی؛ شەریفە محەمەدی؛ وریشە مورادی و ژنە زیندانییەکانی دیکە کە بۆ مافەکانی مرۆڤ تێکۆشاون؛ بە ئیرادەی پۆڵاین لە دژی هەموو کردەوەکانی ئەشکەنجەدان و فشار؛ بوونەتە سیمبولی تێکۆشان و بەرخۆدا بۆ هەموو ژنانی ئێران و ڕژێمی کۆلۆنیاڵیستی ئێرانیان ڕووبەڕووی ترس و تۆقین کردووەتەوە. ئەم ژنانە بە پێداگری لەسەر کەلتووری تێکۆشان و ڕەتکردنەوەی تەسلیمبوون، بۆ هەمیشە ناوی خۆیان لە ساڵنامەی بەرخۆدانی جیهاندا تۆمارکردووە. ئەم ژنانە کە ژیانی خۆیان کردووەتە فیدای ئایدیاڵە وڵاتپارێزییەکان؛ لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان دەبنەوە.

 

بەرپرسیارێتی ڕاپەڕین بۆ بەرگریکردن لەم ژنانە، دەکەوێتە سەر شانی هەموو ئەو ویژدانانەی کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن و بێدەنگ نابن.

 

لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی هەوڵێکی بێهودەیە بۆ چاندنی ترس و سەرکوتکردنی هیوا لە کۆمەڵگەدا. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ پەتێک ناتوانێت ئایدیای ئازادی هەڵبواسێت. هەموو بڕیارێکی لەسێدارەدان پریشکێکی نوێیە لە تێکۆشانی بەردەوام بۆ شکۆی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین.

 

کژار وەک هێزێکی پێکهاتوو لە ئیرادەی ژنانی تێکۆشەر ڕایدەگەیەنێت:

ئێمە دژی مەرگ دەوەستینەوە، چونکە ژیانمان هەڵبژاردووە؛

ئێمە دژی سەرکوتکردن دەوەستینەوە، چونکە ئازادی بە مافی خۆمان دەزانین؛

ئێمە دژی لەسێدارەدان دەوەستینەوە، چونکە دادپەروەری لە کوشتندا نابینین، بەڵکو لە ڕزگاریدا دەیبینین؛

وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، بە باوەڕبوونمان بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیاری کردووە؛ پێمان وایە کە دێموکراتیزەکردنی ئێران لە ڕێزگرتن لە هەموو ناسنامە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. وەستاندنی بڕیاری لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران دەتوانێ یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی ئێران بەرەو دیموکراتیزەکردن بێت.

 

لەم ڕۆژانەی شەڕدا سەرەڕای نەبوونی ئینتەرنێت و زانیاری بەڵگەدار، بەپێی داتای مەیدانی، نزیکەی سی کەس لەسێدارە دراون، کە دانپێدانانەکانیان لە ڕێگەی ئەشکەنجەدانەوە دەستکەوتوون و تەنانەت بچووکترین مافی مرۆڤیشیان پێ ڕەوا نەبینراوە. لەم ڕۆژانەدا کە کۆمەڵگای جیهانی سەرنجی لەسەر هەواڵی جەنگە، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان، دوور لە سەرنجی جیهان، سیاسەتێکی دیکەی ڕەتکردنەوەی مافی مرۆڤە لە ئێران لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵەی دەسەڵاتدارییدا.

 

داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مەدەنی و ویژدانە بێدارەکانی سەرانسەری جیهان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم پڕۆسە نامرۆڤانەیەدا بێدەنگ نەبن و هەنگاوی خێرا و کاریگەر بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی زیندانییەکان.

 

ئەمە بانگەوازێکە؛ بانگەوازێک بۆ وەستانەوە، بۆ هاوارکردن، بۆ ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان.

ژن ژیان ئازادی

 

نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیان و ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتی.