کژار: ڕێگەی ئازادی بە ڕاستی شەهیدان ڕەنگڕێژە
کژار یادی شەهیدانی بەرز ڕاگرت و ڕایگەیاند، بەبێ ڕۆحی فیداکارییان، بەرخۆدان نەدەگەیشتە ئەم ئاستە، پێویستە تێکۆشان لەسەر ڕاستیی شەهیدان دابڕێژرێتەوە، وتی: شەهیدانمان کە بە پارادایمی ڕێبەرێتی پەروەردە بووبوون، بە ڕۆحی کۆمۆناڵ ڕێگەی ئازادییان ڕوونتر کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک لە کەسێتیی شەهیدی فەرماندە "دەرسیم بەهار"دا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی سەرجەم گەریلا شەهیدەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردەوە و هاوپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ خێزانەکانیان دووپات کردەوە؛ هاوکات وەک ڕێهەڤاڵی شەهیدان پەیمانی دا کە خاوەنداری لە نرخ و میراتەکانیان بکات و درێژە بە خەبات بدات لەسەر ڕێبازەکەیان.
ڕاگەیاندراوەکی کژار بەم شێوەیەیە:
"کاتێک لە ڕاستیی ژیانی شەهیدان و نرخێکی قورسی ئەوان داویانە، دەروانین، پێویستە ڕۆح، هەست و بیرکردنەوەمانیش لەگەڵ قووڵایی و گرانی ئەو ڕاستییانە بگونجێت. بە تایبەتی لە وڵاتێکی وەک کوردستان، کە ئازار و ناخۆشییەکانی ژیان لە هەموو بوارەکانی خۆیدا ڕەگیان داکوتاوە، پێویستە هەر تاکێک بە پێی توانای خۆی هەوڵ بدات بۆ تێگەیشتن لەم ڕاستییە قورسانە و دۆزینەوەی چارەسەری بۆیان.
دوژمن سەدان ساڵە هێرشە جەستەیی، دەروونی، کولتووری و سیاسییەکانی خۆی لە دژی گەلی کورد بەردەوام دەکات. گەلی کورد، سەرەڕای ئاوارەیی، زیندان، کوشتار و هەموو ئەو ناخۆشی و سەختییانەی بەسەریدا هاتوون، هەمیشە بە بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا ڕاوەستاوە. بەڵام لە ناو ئەم مێژووە پڕ لە ئازار و ناخۆشییەدا، قارەمانانێک سەریان هەڵدا کە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان خستە لاوە و خۆشەویستی و تینوێتیی ئازادییان بە خواستەکانی دوژمن نەفرۆشت. ئەوان هاوڕێی ئەو ڕێگایە بوون کە تا دوا سات لەسەر ئامانجەکانی خۆیان پێداگرییان کرد، بەرخۆدانیان کرد و لەو ڕێگایەدا شەهید بوون.
کاتێک لە بەرخۆدانی ئەو هاوڕێیانە دەروانین، پێویستە چەمک و مانای ئەم بەرخۆدانەش بە قووڵاییەوە هەڵبسەنگێنین. لە مێژووی کوردستاندا، بەرخۆدانی ئەو هاوڕێیانە ڕاستییەکی بێوێنەیە. ئەوان بۆ ساڵانێکی درێژ لە ناو ئەشکەوتەکاندا، بەبێ ئاو، خواردن و خەوی پێویست، لە ژێر مەترسیی بەردەوامی هێرشەکانی دوژمن و بۆردومانی کیمیاییدا، لە بەرامبەر یەکێک لە دڕندانەترین شێوەکانی توندوتیژی لە مێژوودا خۆیان ڕاگرت. ئەم بەرخۆدانە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ دروست نەبوو؛ بەڵکو بۆ پێکهاتنی، پێویستی بە هۆشیاری، باوەڕ، ئیرادە و ئامادەکارییەکی قووڵ هەبوو.
ئەو هاوڕێ شەهیدانەی کە لە ژێر ڕێبەریی ڕێبەر ئاپۆ پەروەردە بووبوون، لە بەرزترین ئاستی ژیانی کۆمۆناڵدا بوون. ئەوان بە ڕۆحی کۆمۆناڵ، فیداکاریی بێوێنە و شێوازی ژیانی خۆیان، لە ناو تونێلەکانی شەڕ و سەنگەرە جیاوازەکاندا یەکگرتوویی و هاوپشتییان دروست دەکرد. هەمیشە بە خەبات و فیداکاریی خۆیان ڕووناکیی هیوایان زیاتر دەکرد و ڕێگای ئازادییان جوانتر دەکرد. بێگومان، بەبێ ئەم ڕۆحە کۆمۆناڵ و باوەڕە قووڵە، گەیشتنی بەرخۆدان بەو ئاستە مومکین نەبوو.
کاتێک مرۆڤ بیر لە هەموو وردەکارییەکانی بەرخۆدانی ئەو شەهیدانە دەکاتەوە، تێدەگات کە ئێمە، هەم وەک هاوڕێی ئەوان و هەم وەک ئەندامانی گەلی کورد، لە بەرامبەر ئەو ڕاستییانەدا خۆمان بە قەرزدار دەزانین. ڕاستە ئەو خێزانانەی کە ئازیزانی خۆیان لەدەست داوە، بە تایبەتی دایک و باوکیان، ئازار و خەمێکی قورسیان بەسەردا هاتووە؛ بەڵام پێویستە ئەم ڕاستییەش بزانین کە ئەو شەهیدانە بە ژیانی خۆیان شانازییەکی گەورەی قارەمانێتی و بەرخۆدانیان تۆمار کردووە. ئەوان بە هۆشیارییەکی قووڵەوە دەیانزانی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان چ بڕیارێک دەدەن و لەو ڕێگایەدا چ نرخێک دەدەن. ئەمانە ڕاستییەکانی ژیانن کە هەر مرۆڤێک ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە و بژی. بەڵام ئەو هاوڕێیانە بۆ خاکێکی ژێردەست، بە گیان و خوێنی خۆیان مێژوویەکی نوێیان نووسی.
لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە هەر تاکێکی کورد، بە تایبەتی گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو خێزانانەی نرخێکی قورسیان داوە، بە بەرپرسیارێتی و هۆشیارییەوە لە بەرامبەر ئەم ڕاستییانەدا هەڵوێست بگرن. هەستی قووڵ و خەم و پەژارە لە بەرامبەر لەدەستدانی ئەو قارەمانە گەورانەدا شتێکی سروشتییە؛ چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت جێگای ئەوان پڕ بکاتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە جگە لە یادی ئەوان، مانا و لایەنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی بەرخۆدانیانیش تێبگەین و بیانپارێزین.
دەبێت گەلەکەمان باش بزانێت کە لە ناو ڕاستییە دژوارەکانی شەڕ و بەرخۆداندا، هەر تاکێک بە بڕیار و هەڵوێستی خۆی بەشداری لە چارەنووسی ئەم خەباتەدا دەکات. دوژمن بە ڕێگەی هێرشەکانی شەڕی تایبەت هەوڵ دەدات ئیرادەی بەرخۆدان بشکێنێت، نرخەکانی لەناو ببات و یادی ئەو بەرخۆدانە بێمانا بکات. بۆیە ئەرکی ئێمەیە کە ئەو ڕاستییانەی ئەو هاوڕێیانە ژیاون بە باشی بناسین، بۆ نەوە نوێیەکانمان بیگوازینەوە و بە بەردەوامبوون لەسەر نرخەکانیان، یادیان زیندوو ڕابگرین.
ئەو خێزانانەمان کە نرخێکی قورسیان داوە، پێویستە بە قووڵاییەوە ئەو ڕاستییانەی ئەو هاوڕێیانە ژیاون بەدوادا بچن و یادیان تەنها وەک یادی کەسانێک کە لەدەستمان داون نەپارێزن، بەڵکو وەک میراتێکی فکری، سیاسی و ژیانی بیانپارێزن. ئەو شەهیدانە بە فیداکردنی گیانی خۆیان بوونە گەورەترین مامۆستایانی ژیان. ئەوان وەسیەت و نرخەکانی قەهرەمانانی مێژوویان، وەک قازی محەممەد، لەبیر نەکرد و وەک ئەو ڕێبەرانە، هێڵی بەرخۆدانیان کردە بنەمای ژیانی خۆیان.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) بە بۆنەی یادی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوەکانیان ڕاگەیەندراون، جارێکی دیکە هاوپشتی و پشتگیریی خۆمان بۆ خێزانەکانیان دووپات دەکەینەوە. ئێمە وەک هاوڕێی ئەو شەهیدانە، پەیمان دەدەین کە خاوەنداری لە نرخ و میراتەکانیان بکەین و خەباتی خۆمان لەسەر ڕێگای ئەوان بەردەوام بکەین. لە هەموو بارودۆخێکدا ئیرادەی خۆمان بەهێزتر دەکەین و وەک تیشکی خۆر، ڕووناکیی ڕێگای ئازادی بەردەوام دەکەین. ئێمە یادی شەهیدان بە بەردەوامکردنی ڕێگا و پاراستنی نرخەکانیان زیندوو ڕادەگرین."