پێش ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئاژانسەکەمان ژنە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بۆ کۆبوونەوەیەکی ناوچەیی کۆدەکاتەوە

ژنانی ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا جەختیان لەسەر پێویستی گۆڕینی میدیا لە تەنها ڕاپۆرتکردن لەسەر توندوتیژی دژی ژنان کردەوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەش لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

 ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ئاژانسەکەمان نوژنها (NUJINHA) لە ڕێگەی زوومەوە گفتوگۆیەکی ناوچەیی ڕێکخست، کە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراوی ژنە ڕۆژنامەنووسان، پیشەییەکانی میدیا، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، چالاکوانانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای کۆکردەوە.

 

ئەم گفتوگۆیە لە وەڵامی پێویستی بەپەلە بۆ دروستکردنی کەشی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن کە هاودەنگی ژنان بەهێزتر بکات و ئاسانکاری بکات بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونی پیشەیی و مەیدانی لە نێوان ژنانی چالاک لە کەرتی میدیا و مافی مرۆڤ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.

 

کۆبوونەوەکە چوار دانیشتنی سەرەکی لەخۆگرتبوو، مالڤا محەمەد، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ئاژانسەکەمان، یەکەم دانیشتنی بە تیشک خستنە سەر ڕاستی توندوتیژی دژی ژنان و کاریگەریی شەڕ و ململانێ بەردەوامەکان لەسەر ژیانیان کردەوە، دواتر زهور مەشریقی، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری تونسیی ئاژانسەکەمان، کە دانیشتنی دووەمی پێشکەش کرد،  ئەزموونی دیار و بەرچاوی ژنانی لە خەبات و بەرخۆدان لە بەرامبەر ئاڵەنگاری ئێستادا پیشان دا.

 

لە دانیشتنی سێیەمدا، حەنان حارت، ڕۆژنامەنووسی مەغریبی و سەرنووسەری ئاژانسەکەمان، باسی لە بەرپرسیارێتی میدیا کرد بۆ گەیاندنی ورد و دادپەروەرانە پرس و گێڕانەوەی ژنان، ئەسما فەتحی، ڕۆژنامەنووسی میسری کۆتایی بە دانیشتنی چوارەم هێنا بە گرنگیدان بە زمانی میدیایی و پێویستی شیکردنەوەی چەشنە کۆنەپەرستانەکان و ڕوانگەی پیاوانە لە ڕووماڵی ڕۆژنامەوانیدا، بەشداریکردن لە دامەزراندنی وتارێکی میدیایی دادپەروەرانەتر و هۆشیارتر لەسەر پرسەکانی ژنان.

 

پێکهاتەی توندوتیژی و مەرجەکانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە

سەبارەت بە ڕاستی توندوتیژی دژ بە ژنان و کاردانەوەی شەڕەکان لەسەر بارودۆخەکانیان، مالڤا محەمەد، ڕۆژنامەنووس و سەرنوسەر ئاماژەی بەوەدا،چکە تێگەیشتن لە توندوتیژی دژی ژنان لە شەڕەکاندا پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو توندوتیژییە هەیە کە تەنها بە کاریگەرییەکی لاوەکی ئاژاوەگێڕی لە پێنوا بدرێت، لەبری ئەوە وەک ئامرازێک سەیرکردن کە پەیوەستە بە پێکهاتەی ململانێ و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە، جگە لەوەش شەڕەکان هەڵاواردنی یاسایی و ئابووریی هەنووکەیی دژی ژنان لە کاتی ئاشتیدا قووڵتر دەکەنەوە، جەستەیان دەکەنە مەیدانێک بۆ بێڕێزیکردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان خراپتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی کولتووری چەواشەکارییەوە کە سزای ڕزگاربووان دەدات، هەروەها ئابووری جەنگ وابەستەیی و لاوازی ماددی ژنان دەگۆڕێت بۆ ڕێگەی ئازاردان و بەهێزکردنی ئابووری دەکاتە پێویستییەک بۆ پاراستن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێکان، زۆرجار پەراوێزخستنی کۆن بە دوورخستنەوەی ژنان و دواخستنی پرسەکانیان بەرهەمدەهێنرێتەوە، سەرەڕای ڕۆڵی سەرەکییان لە کاتی قەیرانەکاندا. بۆیە پێویستە بوژانەوە و دادپەروەری ئینتقالی لەسەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ دابمەزرێت کە گوازراوە دابەش بکاتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەم گۆڕانکارییە تەنها بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە میدیای بەرپرسیار هەیە کە پێشێلکارییەکان بە چوارچێوەی سیاسی خۆیانەوە ببەستێتەوە بەبێ ئەوەی ژنان بۆ ڕۆڵی زیانبەرکەوتوو بچووک بکەنەوە، لە هەمووی گرنگتر، پێویستی بە دەستەبەرکردنی بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە بڕیاردان و دانوستانەکانی ئاشتیدا هەیە، چونکە "ئاشتییەک کە هەڵاواردن بەرهەمبهێنێتەوە، ئاشتییەکی دادپەروەرانە نییە".

 

لە سترێئۆتایپەوە بۆ سەرکردایەتی

زهور مەشریقی، ڕۆژنامەنووس و سەرنوسەری تونسی دووپاتی کردەوە، کە ئەو شەڕ و ململانێیانەی لە ناوچەکەدا بەدی کراون سەلماندوویانە کە ژنان "پاڵەوانی ڕاستەقینە"ن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا، سەرەڕای ناجێگیری دۆخەکە، ژنان بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرن، ڕەخنەی لە پەراوێزخستنی ژنان لە لایەن میدیاکانەوە گرت بە بەراورد بە پیاوان، مەیلی وێناکردنی تەنها وەک "زیانبەرکەوتوویەکی لاواز" کە بەدوای پەناگە و پاراستندا دەگەڕێن.

 

سەبارەت بە مێژووی خەباتی ژنان ڕوونیکردەوە، کە چالاکی ژنان لە ناوچەکەدا بە هۆی هەڵوێستی کۆمەڵایەتیی دوورخستنەوە و هەڵاواردنەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بووەتەوە، ئەزموونی تونسی وەک نموونەیەک لە خەباتی کۆبووەوەی هێنایەوە کە لە ساڵانی چلەکاندا بە داواکاری ئازادیی کەسی و دامەزراندنی کۆمەڵە دەستیپێکرد، کە گەیشتە لوتکە بە بەشداریکردنیان لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان چ پێش سەربەخۆیی و چ دوای سەربەخۆیی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێگایە بە دەستکەوتی مێژوویی گەیشتە لوتکە، دیارترینیان دەرکردنی یاسای باری کەسی بوو لە ساڵی ١٩٥٦ کە فرەژنی قەدەغە دەکرد و جیابوونەوەی دادوەری و مافی سەرپەرشتیکردنی دامەزراند، لەگەڵ دەرکردنی یاسای لەباربردنی پارێزراوی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کە بزووتنەوەی ژنان وەک مافێکی تەندروستی و جەستەیی پاڵپشتی دەکرد، سەرەڕای ئەو گفتوگۆیانەی کە لە دەوروبەریان بوون، لە کۆتاییدا یاسای بنەڕەتی ژمارە ٥٨ی ساڵی ٢٠١٧ سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کە پێناسەی توندوتیژی فراوانتر کرد بۆ ئەوەی توندوتیژی ئابووری و سیاسی و دەروونی بگرێتەوە و بێ سزای تاوانبارانی هەڵوەشاندەوە.

 

هەروەها دەستی خستە سەر ئەزموونی ژنانی کورد لە خەبات و خۆڕاگریدا کە بە درێژایی مێژوو وەک نموونەیەکی بەرچاوی خۆڕاگری و بەرخۆدان کاردەکات، ڕۆڵی ئەوان تەنها لە پشتیوانیکردندا سنووردار نەبوو، بەڵکو لە پێشەنگی بەرگریکردن لە خاک و ناسنامە و مافەکانیان بوون.

 

تیشکی خستە سەر ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی کە ژنانی شەڕڤان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ناوچەکانیاندا دەیگێڕن، توانای ژنی کوردی نیشاندا بۆ تێکەڵکردنی خەباتی ڕزگاریخوازی و ژنان، ئەم ئەزموونانە بەشدارییان کردووە لە چەسپاندنی پێگەی ژنان وەک هاوبەشی جەوهەری لە بڕیاردان و بونیادنانی کۆمەڵگەدا، کە بیانکاتە ئامڕازێکی جیهانی بۆ بوێری و ئیرادەی نەگۆڕ لە بەرامبەر ستەم و پەراوێزخستن.

 

زهور مەشریقی، هەروەها ستایشی ئازایەتی ژنانی لە سودان کرد کە ئازارەکانیان هاوشێوەی ئازارەکانی هاوتاکانیان لە غەززە و یەمەن و ڕۆڵی ئەوان لە ئاشکراکردنی تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی و ڕێکخستنی دەستپێشخەرییەکانی مافی مرۆڤە.

 

لە چوارچێوەی توندوتیژی سێکسیدا، نەغەم کەراجە، ڕۆژنامەنووسی فەڵەستینی، لە دەستێوەردانی خۆیدا، ڕۆشنایی خستە سەر پرسێکی جددی و زۆرجار چاوپۆشی لێدەکرا، ئەویش ئازاردانی ژنان لە بەرامبەر یارمەتیدان لە فەڵەستین، ئاماژەی بە تاوانە بەڵگەدارەکان کرد، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر ژنێک لەلایەن کارمەندێکی فریاگوزاریەوە لە بەرامبەر چارەسەری پزیشکیدا، هەروەها ئازاردانی بێوەژنێک کە داوای سپۆنسەری دەکات، هەروەها ئاشکراکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە کەمتر نییە لە داوای بەشداریکردنی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان.

 

هەڵبژاردنی وشەکان بەرپرسیارێتییەکی پیشەیی و ڕەوشتییە

حەنان حارت، ڕۆژنامەنووسی مەغریبی و سەرنووسەری ئاژانسەکەمان، پرسیارێکی بنەڕەتی وروژاند سەبارەت بەوەی کە چۆن میدیا دەتوانێت لە تەنها ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنانەوە بگۆڕێت بۆ بوون بە هاوبەشێکی چالاک لە بەرەنگاربوونەوەی، لەسەر ئەم بنەمایە، تێبینییەکی سەرەکی سەرهەڵدەدات، زۆرجار ڕووماڵکردنی میدیاکان لەسەر وردەکارییەکانی خودی ڕووداوەکە چڕ دەبێتەوە، ڕووداوەکە دەبێتە مانشێتی ڕۆژنامەکان، وردەکارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان دەسوڕێنەوە و سەرنجێکی بەرفراوانیان پێدەدرێت، بەڵام ئەم سەرنجە بە خێرایی کاڵ دەبێتەوە کاتێک شەپۆلی سەرەتایی کاردانەوەکە کەم دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لێرەوە پێویستی بەپەلەی ڕۆژنامەگەری لە پرسیاری ”چی ڕوویدا؟” بۆ ئەوەی پرسیاری قووڵتر و کاریگەرتر بکەن ئەم پرسیارانە پێویستە لە هۆکارەکانی پشت تاوانەکە بکۆڵنەوە، تا چەند ژنان دەستیان بە پاراستن گەیشتوە، کەلێنەکانی میکانیزمەکانی دەستێوەردان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە و ئەوەی دوای ئەوە ڕوویداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری تەنها لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە ڕوودانی توندوتیژیدا سنووردار نییە. درێژدەبێتەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ تێگەیشتن لەو مەرجانەی کە ڕێگە بەم دیاردەیە دەدەن بەردەوام بێت و لێپرسینەوە لە دامەزراوە بەرپرسیارەکانی پاراستن و خۆپاراستن، جیاوازی هەیە لە نێوان تەنها بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی زوو تێپەڕ سەبارەت بە هێرشێک و بەرهەمهێنانی کارێکی ڕۆژنامەوانی قووڵ کە ڕەهەندەکانی دیاردەکە ئاشکرا دەکات و هۆکار و کاردانەوەکانی دەکۆڵێتەوە.

 

بە بەدواداچوون بۆ ڕووماڵکردنی میدیاکان، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو زمانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەکاردەهێنرێت، جێگەی سەرنجی تایبەتە، هەندێک جار، ژنە دەستدرێژی کراوەکە دەبێتە بابەتی لێپرسینەوە نەک سەرنجدان لەسەر خودی کردەوەی توندوتیژی بێت، جگە لەوەش هەندێک لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان پرسیار لەبارەی ڕەفتار و جل و بەرگ و پەیوەندییەکانی یان هەڵبژاردنی کەسی زیانبەرکەوتووەکە دەوروژێنن و بەرپرسیارێتی تاوانبارەکە پاڵدەنێنە پاشخانەوە، سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە مانشێتەکان دەربڕینی چەواشەکارانە وەک "تاوانی ئیرەیی" یان "تاوانی خۆشەویستی" بەکاردەهێنن، ئەو پێناسانەی کە توندوتیژی ڕۆمانسی یان پاساویان بۆ دەهێنێتەوە لەبری ئەوەی بە ڕوونی وەک دەستدرێژی یان تاوان بە پشتبەستن بە ڕاستییە دامەزراوەکان ناوی ببەن.

 

بۆیە هەڵبژاردنی وشەکان تەنها هەڵبژاردنی سەرنوسەری تێپەڕ نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە بەرپرسیارێتی پیشەیی و ڕەوشتی ڕۆژنامەنووسان، پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان پێویستیان بە زمانێکی هەستیار نییە بۆ ئەوەی گرنگییان پێبدرێت، ئەوان لە خۆیاندا پرسێکی بنەڕەتین و تەنها پێویستیان بە ڕووماڵکردنی ورد و بەرپرسیارانەی میدیایە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، مەحاڵە لەمڕۆدا باس لە توندوتیژی دژی ژنان بکرێت بەبێ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشی دیجیتاڵیدا بکرێت، کە شێوازی نوێی وەک ناوزڕاندن، هەراسانکردن، هەڕەشەکردن، هێرشکردن ئەلیکترۆنی وەرگرتووە، ئەو کارانەی کە کاریگەرییەکانیان درێژدەبێتەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و دەروونی ژنان.

 

لەم چوارچێوەیەدا، میدیا بەرپرسیارێتییەکی دووانەی لە ئەستۆدایە: ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەم دیاردە دووبارەبووانە لە هەمان کاتدا دوور بکەونەوە لە بوون بە ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوە یان گەورەکردنیان، ئەم بەرپرسیارێتییە درێژدەبێتەوە بۆ پاراستنی خودی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کەمپەینەکانی تۆقاندن و ناوزڕاندن کە پەیوەندییان بە کار و بۆچوونەکانیانەوە هەیە، نابێ ڕۆڵی ڕاگەیاندن تەنها بەو شتانە سنووردار بێت کە دەربارەی ژنان بڵاودەکرێنەوە، هەروەها دەبێت دڵنیابوون لە ژینگەیەکی پارێزراوی کارکردن بۆیان لەناو دامەزراوە میدیاییەکان، پاراستنیان لە هەراسانکردن، جیاکاری و هەڕەشە دیجیتاڵییەکان لەخۆبگرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە کارەکانم کە پرسەکانی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا دەگرێتەوە، پێموایە ڕۆژنامەگەریی سنووربەزێن بەرپرسیارێتییەکی زیادە دەسەپێنێت، سەرەڕای پرسە هاوبەشەکان، ناوەڕۆکە جیاوازەکان لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی دەبنەوە، ئەوانەی بەهۆی نەریتی کۆمەڵایەتی یان میکانیزمی لاوازی پاراستن و دادپەروەرییەوە سنووردارکراون، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە شێوازی جیاوازی بەرخۆدان و ڕێکخستنی ژنان بەرچاویان هەیە، بۆیە پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی ناوچەکە وەک یەک بلۆک یان گشتاندنی ئەزموونی وڵاتێک بۆ وڵاتانی دیکە.

لە کۆتاییدا حەنان حارت جەختی لەوە کردەوە، کە لە کاتێکدا میدیا ناتوانێت بە تەنها کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە شکاندنی دیواری بێدەنگی دەوروبەری و ڕێگریکردن لە ئاساییبوونەوە یان قبوڵکردنی کۆمەڵایەتی.

 

ڕوانگەی پیاوسالاری توندوتیژی دژی ژنان پاساو دەدات

ئەسما فەتحی، ڕۆژنامەنووسی میسری و پەیامنێری ئاژانسەکەمان، دووپاتی کردەوە، کە ئەو زمانە ڕۆژنامەوانییەی کە لە ڕووماڵکردنی پرسەکانی ژنان بەکاردێت هەمیشە بێلایەن نییە، هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی سەردێڕ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی گێڕانەوەکەدا و هەندێکجار دەتوانێت بەشداربێت لە پاساوهێنانەوە و ئاساییکردنەوەی کۆمەڵایەتی توندوتیژی.

ڕوونیکردەوە، پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ژنان لە سەرەتای هەواڵەکاندا بە دەستەواژەی وەک "بەهۆی ناکۆکی خێزانییەوە" ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە کوشتن دەرئەنجامی سروشتی هەر ململانێیەکی خێزانییە، هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان بەرگری لەم شێوازە دەکەن وەک نووسراوی وشە بە وشەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی یان لێدوانی خێزانیی، بە پشتگوێخستنی کاریگەریی ناڕاستەوخۆی زمان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ڕووماڵە میدیاییەکان جگە لە ڕۆژنامەگەریی ژنان و تایبەتمەند، زۆرجار ژنان بە هۆکاری ئەو توندوتیژیانە دەزانن کە بەرامبەریان دەکرێت، بە بیانووی جیاوازی تاوانەکان دەدرەوشێننەوە بەبێ ئەوەی قووڵببنەوە لە وردەکاری و ڕەهەندە ڕاستەقینەکانیان، لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژەی بە شێوازی ڕووماڵکردنی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە پێی دەوترێت "کوشتن بە بیانووی شەرەف" وەک ئەوەی ڕەوا بێت یان کوشتنیان مسۆگەری بکرێت، کە ئەم پاساوهێنانە بەربڵاوەی میدیایی بەشداربووە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەکە و هانی هەندێک پیاوی داوە بۆ ئەنجامدانی.

 

ئەسما فەتحی باسی لە باڵادەستی دیدگای پیاوانە کرد لە بەشێکی زۆری ڕوماڵی میدیادا، جا چ لە هەڵبژاردنی گۆشەی سەرنوسەریدا بێت یان لە سروشتی پرسیار و میوانەکاندا، وتی: نزیکبوونەوە لە پرسەکانی ژنان لە چاویلکەیەکی پیاوسالارییەوە، چەشنە چەقبەستووەکان بەرهەم دەهێنێتەوە و ژنان بۆ ڕۆڵی "زیانبەرکەوتووی بێدەسەڵات" یان "لایەنی تاوانبار" کەم دەکاتەوە.

ئەزموونی مەیدانی خۆی لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی لە میسرەوە بیرهێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو چەشنە کۆنەپەرستانەی پێشوەختەی هەبووە، کە بەهۆی وێناکردنی میدیاییەوە لە قاڵب دراون، ژنانی میسر لە کاری ماڵەوە و کشتوکاڵ و چاودێری منداڵاندا قەتیس بوون، وتی: کاتێک ژنە چالاک و کاریگەرەکانم ناسی، تووشی شۆک بووم بەهۆی ڕاستیەکی تەواو جیاوازەوە، لە کاتی مەشقکردنمدا بۆیان، تووشی بیرۆکەی دەوڵەمەند بووم کە پاڵنەریان بوو بۆ ئەوەی تێڕوانینەکەم دووبارە دابڕێژمەوە و ئەم ڕاستیە ڕاستەقینەیە لە نووسینەکەمدا بگەیەنم.

 

ئەسما فەتحی لە کۆتاییدا بە پرسیارکردن لە ڕادەی کاریگەریی چەشنە کۆنەپەرستانەکان لەسەر بینەران کە هەرگیز سەردانی ئەو ناوچانەیان نەکردووە و باوەڕەکانیان تەنها لە ڕێگەی نووسینی ڕۆژنامەنووسانەوە دروست دەبێت، داوای کرد شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ بیرکردنەوەی سەرنوسەری نەریتی و پەسەندکردنی ڕێبازێکی میدیایی هەستیاری ڕەگەز کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بابەتیانە باس لە پرسەکانی ژنان بکات.

 

دانیشتنی دیالۆگ بریتی بوو لە زنجیرەیەک گفتوگۆ و دەستێوەردان لە نێوان بەشداربووان، تیشکی خرایە سەر پرسەکانی توندوتیژی و کاریگەریی شەڕەکان لەسەر ژنان، هەروەها ئەزموونەکانی خەبات و بەرخۆدان کە لەلایەن ژنانەوە پەرەی پێدراوە لە بەرامبەر جۆرەها توندوتیژی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان، هەروەها گفتوگۆکان لەسەر بەرپرسیارێتی میدیا و ئەو زمانەی کە پێویستە بەکاری بهێنێت و ئەو میکانیزمانەی کە پێویستە ڕاستییەکان بخاتەڕوو.