کژار: ٨ی ئادار مێژوویەکی گرنگ و ڕۆژێکی پڕ واتایە بۆ تەواوی ژنان
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار"، لە ڕێگای بەیاننامەیەکەوە پیرۆزبای خۆیان ئاڕاستەی ژنانی جیهان بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، هەروەها داوایان کرد هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی بدەن و ڕۆژی ٨ی ئادار بکەنە دەستپێکی بەدەستهێنانی مافەکانیان.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار، بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بە بەشداربووی ژمارەیەک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و تێیدا هاتووە: تێکۆشانی ٨ی ئادار تەنیا وەکو ڕۆژێک پێناسە ناکرێت، بەڵکو مێژوویەکی گرنگ و ڕۆژێکی پڕ واتایە بۆ تەواوی ژنان و هەموو مرۆڤێکی ئازادی خواز و دادپەروەر، بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و وەبیرهێنانەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی خەبات و تێکۆشانی ژنانی تێکۆشەرە.
لە بەیاننامەکەدا کژار باس لەوەدەکات کە هێشتا خەبات و تێکۆشانی ژنان بە ئامانجی تەواوەتی خۆی نەگەیشتووە و ژن لە هەموو وڵاتاندا هێشتا ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڵاواردنی ڕەگەزی و نایەکسانی دەبنەوە، "بەتایبەت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەژموونی بیری دواکەوتووی حکومەت بە هەموو شێوازێک لە ڕاگەیاندنەکان و هاوکات لە هەموو دامودەزگا حکومیەکانەوە دژ بە ئازادی ئینسان و بەتایبەت ئازادی و مافی ڕەوای ژنان شەڕ دەکات کە ئەمە بووەتە هۆی قورسبوونی ئەرکی ژنان و بە تایبەت ئێمە بەڵام نەبووتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ئیرادەمان.
کژار بانگەوازی لە تەواوی ژنانی ئێران بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە بە دەنگ و ڕەنگی جیاواز بێنە شەقامەکان و ئەم ڕۆژە پیرۆز بکەن و بە ڕۆحی بەرخۆدان و تێکۆشانی ٨ی ئادار بەرەو پیری ئەم ڕۆژەوە بچن و کۆتایی بە ئەقڵیەتی ژن کوژی بهێنن.
فاتمە سەقز، یەکێک لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی کژار تایبەت بەو ڕۆژە بە نوژنهای دوا و ڕۆژی ٨ی ئادار لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکات، بە تایبەت ژنانی شۆڕشگێڕ، باسی لەوەکرد کە ئەوان لە ڕێگای ئەو بەیاننامەیەوە پیرۆزبای خۆیان ئاڕاستەی ژنان دەکەن و سەردانی ئەو ژنانە دەکەن کە کار دەکەن و لەسەر پێی خۆیان وەستاون.
ئاماژەی بەوەشدا هەموو ژنێک دەبێت ٨ی ئادار بکاتە هۆکارێک بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و لەم ڕۆژەدا درک بەوە بکات کە پێویستە ئازادی هەبێت و توانای ئەوەی هەبێت بڕیاری ژیانی خۆی بدات.
جگە لەم بەیاننامەیەش ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی ئەو ژنانەیان کرد کە خاوەن کارن و گوڵیان بەسەردا دابەشکردن.
ت.پ