کەژاڵ نوری هۆنراوەیەک بۆ ژنانی ئێزدی بڵاودەکاتەوە

کەژاڵ نوری "شاژنەکەی کەوانەی زێڕین" بۆ ژنانی دیلگیراوی دەستی داعش دەنووسێت.

کەژاڵ  نوری، نووسەر و شاعیر لە ٣ی ئاب، ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا، هۆنراوەیەک بە ناونیشانی "شاژنەکەی کەوانەی زێڕین" بۆ ژنانی ئێزیدی دیلگیراوی دەستی داعش دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە.

 

شاژنەکەی کەوانەی زێڕین

شاژنەکەی کەوانەی زێڕین, ئێستا لەکوێ کەنیزەکیت؟

لەکام پەرستگا نوێژەکەی, لە کوێ خەریکی دیرەکیت°؟

ژنە رەسەنەکەی کوردەواری, دیلی دەستی کام دڕندەیت؟

لەچی قوژبنێکی تاریکدایت, لە کام بیاباندا پەرەندەیت؟

لە جیلوەتدا مەلەک تاوس، عەزازیل بۆ بوو بە ئەنفال؟

لە گریانتا خەم و کاوس، دیلانێت بۆ بوو بە قیتال؟

بە کام زمان بانگت دەکەن, کام ئیسم کرا بە ناوت؟

کام دەست نیقابی خستەجێی, پڵپڵە و مەرجانەی کڵاوت؟

ئەی ئاسکەکەی شاخی تۆرۆس, بە کام چەک سێرەت لێگیرا؟

لە کام باژێڕدا فرۆشرایت, چۆن زنجیر لە پاوانت کرا؟

لە جیلوەتدا مەلەک تاوس، عەزازیل بۆ بوو بە ئەنفال؟

لە گریانتا خەم و کاوس، دیلانێت بۆ بوو بە قیتال؟

کەنیشکە کوردی ئازار سەخت, چەند چەقۆ رۆحی سمیویت؟

شمشێری ژەنگاوی کام دەست, پەردەی شەرمی هەڵدڕیویت؟

هۆ کوردەکەی زاگرۆس نشین، ئێستا لە کوێ دائەنیشیت؟

لە جێی مێری خۆشەویستت، ئێستا ژنی کام داعشیت؟

لە جیلوەتدا مەلەک تاوس، عەزازیل بۆ بوو بە ئەنفال؟

لە گریانتا خەم و کاوس، دیلانێت بۆ بوو بە قیتال؟

 

دیرەک:- نزاو پاڕانەوە