دادگا سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی ژنێک دەرکرد

پاش دوو ساڵ دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژی ژنێکی گەنج دەرکرد، کە ئامۆزایەکی خۆیبوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کوشتنی ژنێکی گەنج بە ناوی " ئەوین ئەحمەد" سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژەکەی دەرچوو.

 

لە دادگای هەولێر ئەمڕۆ دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی "ئەوین ئەحمەد" کە ئامۆزاکەی بوو بەڕێوەچوو، ئەحمەد عوسمان، باوکی ئەوین، ڕایگەیاند: "دادوەر سزای لە سێدارەدانی بۆ بکوژی کچەکەی دەرکردووە کە ئامۆزایەکی خۆیبوو."

 

ئەوین ئەحمەد، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵی دانیشتوی شارۆچکەی تەقتەقی سەر بە قەزای کۆیە بوو، دوو ساڵ پێش ئێستا و لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە لەلایەن ئامۆزایەکیەوە بە دەمانچە کوژرا.

 

بەپێی زانیارییەکانی خێزانەکەی ئەوین ئاماژەیان پێکردووە، ئامۆزاکەی چەند جارێک داخوازی ئەوینی کردبوو، بەڵام ئەوین وتبووی تاوەکو خوێندن تەواو نەکات، هاوسەرگیری ئەنجام نادات، بەوهۆیەوە ئامۆزاکەی چەند جارێک هەڕەشەی لە ئەوین کردووە، لە رۆژی ١٨ حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ لە ئاهەنگێکی بوک گواستنەوە دا، ئامۆزاکەی بە سێ فیشەک کۆتایی بە ژیانی ئەوین هێنا.

 

پێشتر پۆلیسی تەقتەق دەربارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندبوو: بکوژەکە کە تەمەنی ٢٣ ساڵە، لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەستی پلان بۆ دارێژراو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.