قەیرانە ئابوورییەکان فرۆشی بازاڕەکانی ئێرانی پەکخستووە

هەڵاوسانی ئابووری توانای کڕینی هاووڵاتیانی کەمکردووەتەوە و پێشانگاکان سەرەڕای کەمکردنەوەی نرخەکانیان بەڵام فرۆشیان نیە، هاووڵاتییان تەنانەت بە داشکاندنیشەوە کەمتر ئارەزووی کڕین دەکەن.

ڕوناک حسێنی

 

پیرانشار- لەو کاتەی ئابووری وڵاتێک ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە و ڕێژەی هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، کاریگەرییەکانی لە ئاستە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت.

 

 یەکێک لەو لایەنانەی کە ئەم مەرجانە کاریگەری زۆری لەسەر هەبووە، توانای کڕینی خەڵکە، لە دۆخێکی لەو شێوەیەدا هاووڵاتیان بە گشتی پێیان باشە خۆیان لە کڕینی کاڵای نا پێویست بەدوور بگرن بەهۆی کەمبوونەوەی توانای داراییان، هەروەها ئەنجامەکەی بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی فرۆشتن لەلایەن بازرگان و فرۆشیاران.

 

پێشانگاکانی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ کە دەچنە شارە جیاوازەکان و هەوڵدەدەن بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان کڕیارەکان ڕابکێشن بە نرخێکی گونجاوتر، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، سەرەڕای ئەوەی نرخەکان گونجاوترن بەراورد بە بازاڕی کۆ، بەڵام بە گشتی خەڵک خۆیان لە کڕینی کاڵا لەم پێشانگایانەدا بەدوور دەگرن بەهۆی خراپی دۆخی دارایی خەڵک و سەختی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان.

 

لەیلا.ڕ، یەکێک لە بەشداربووانی بازاڕەکە باسی لە دابەزینی فرۆش لە پێشانگاکان کرد و وتی: " چەند جارێک بۆ پێشانگا هاتووین بۆ پیرانشار، لە کاتی نەورۆزدا کە هاتین فرۆشی باشترمان هەبوو، بەڵام ئێستا سەردانیکەران زیاتر سەیری بەرهەمەکان دەکەن لە جیاتی ئەوەی بیکڕن، تەنانەت پاش ئەوەی نرخەکانمان کەم کردوەتەوە و داشکاندنی زیاتر دەکەین، بەهۆی ئەوەی توانای کڕینی خەڵکی کەمی کردووە و ئاستی فرۆشمان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و لە ڕووی داراییەوە لاوازبووین."

 

مەهسا.ش، یەکێکە لە فرۆشیارەکان لە کۆشکێکی تایبەت بۆ فرۆشتنی کتێب لە پێشانگاکەدا، سەبارەت بە دۆخی فرۆشتن وتی: " هەست دەکەم هاتوومەتە شوێنێکی هەڵە، لە کاتی پێشانگاکەدا تەنیا چەند کتێبێکم فرۆشتووە، وا دیارە خەڵک حەزیان لە خوێندنەوەی کتێب نییە، بەگشتی سەردانیکەرانی پێشانگاکە بەراورد بە پێشوو کەمترن و لەم نێوەندەدا کەمتر سەردانی کۆشکەکەمان دەکەن، زۆرێک لە سەردانیکەران بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بکڕن پێشانگاکە بەجێدەهێڵن."

 

زەینەب.ق، یەکێک لە هاووڵاتیانی پیرانشار کە بۆ بازاڕکردن سەردانی پێشانگاکەی کردووە، ڕایگەیاند: " ئەو پێشانگایەی کە ئێستا بەڕێوەدەچێت دەرفەتێکی بۆ ڕەخساندم کە هەندێک کەلوپەلی چێشتخانە بکڕم، هەرچەندە پێشانگاکە جۆرەها بابەتی دیکۆرات و جوانکاری نمایش دەکات، بەڵام توانای کڕینیمان نیە، هاوسەرم دوکانی جلوبەرگی هەیە و هەرچەندە پیرانشار سەردانیکەری زۆری هەیە بۆ بازاڕکردن، بەڵام بەڵام داهاتمان بەراورد بە ڕابردوو کەمی کردووە و لە دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبینەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێم باشە خۆم لە کڕینی شتومەکی ناپێویست بەدوور بگرم."