لە ئەستەمبوڵ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار باڵەخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی پشکنینی بینا زیانلێکەوتووەکانی دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بینا لە ئەستەمبوڵ پێویستیان بە ڕووخاندن یان نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەممە میدیایەکی تورکیا بڵاویکردەوە، ٣٥ هەزار باڵەخانە بە مەترسیدار پۆلێنکراون، لە کاتێکدا لە سەرتاسەری شارەکەدا ٢٠٧ هەزار باڵەخانە هەن کە پێویستیان بە ڕووخاندن یان نۆژنکردنەوەی بەپەلە هەیە، هەروەها ٧٧ هەزار کەسیش هەن کە لەم بینایانەدا دەژین.

 

لە لایەکی دیکەوە، زانای بومەلەرزەزان ناجی گورور، پشتڕاستی کردەوە، چەندین جار بەرپرسانی لە ئەگەری بومەلەرزە وێرانکەرەکانی ئەستەنبوڵ ئاگادارکردەوە، کە دانیشتوانی ١٠٠ هەزار بینای ئەستەمبوڵ ئەگەری مردنیان لە ژێر داروپەردووی ماڵەکانیاندا هەیە.

 

دانیشتووانی ١٠٠ هەزار باڵەخانە لە ئەستەمبوڵ چاوەڕێی مردن دەکەن، بەهۆی مەترسییەکانی بوومەلەرزەوە ژیانیان لە مەترسیدایە و پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت هەیە.

 

لە مانگی شوبات بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی ٧.٧ پلە بە پێوەری ڕێختەر تورکیا و سوریا، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، ناوەندی بوومەلەرزەکە شاری مەڕەش لە باکووری کوردستان بوو، بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان هەزار کەس، ڕووخان و وێرانبوونی ژمارەیەکی زۆر لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون.