بەریتانیا یەکەم تووشبوونی بە گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا  تۆمارکرد

یەکەم توشبوون بە گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا تۆمارکرا، توشبووەکە سەردانی دەرەوەی وڵاتی نەکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی تەندروستی بەریتانیا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، یەکەم تووشبوونی بە گۆڕاوێکی نوێی BA.2.86  کۆرۆنا تۆمارکراوە، ئاماژە بەوەشدراوە توشبووەکە بەم دواییە گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات نەکردووە.

 

ئەمەش پاش ڕاگەیاندنی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا دێت، بەدواداچوون بۆ جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن کە دەبێتە هۆی کۆڤید-١٩.

 

لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێکس "تویتەر ی پێشوو" ڕایگەیاندووە، ئەو گۆراوە نوێیەی کۆرۆنا ناوی لێنراوە، BA.2.86 لە ئەمریکا، دانیمارک و ئیسرائیل تۆمارکراوە.

 

سەبارەت بە ڕێگاکانی پاراستنی خەڵک لەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا ڕوونیکردەوە، ڕێکارەکانی خۆپارێزی بۆ هەموو جۆرەکانی کۆڤید-١٩وەک خۆی ماوەتەوە، تاوەکو کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر سەبارەت بە گۆڕاوە نوێیەکە بەدەستدێت.

 

سەبارەت بە "EG5"، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٣ دۆزراوەتەوە و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣ وەک گۆڕاوێک لە ژێر چاودێریدا پۆلێن کراوە.

 

جێگای سەرنجە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تا ئێستا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بە سەرچاوە و هۆکارەکانی نەناسراوە، هەرچەندە بۆ یەکەمجار لە چین دەرکەوتووە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا سەدان گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەموو زاناکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ڤاکسینەکان کاریگەرن لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا.