خراپترین کارەساتی سروشتی، لە مێژووی ٣٠ ساڵەیی سلۆڤینیا

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو، سلۆڤینیا خراپترین کارەساتی سروشتی بەخۆیەوە بینیووە و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ شەممە، وڵاتی سلۆڤینیا خراپترین کارەساتی سروشتی لافاوی لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای بارانبارینێکی بەخوڕدێت و کە چەندین وێرانکاری دروستکرد.

 

لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارینی بەخوڕ، وردە وردە ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەشوهەوا، هەڵسەنگاندن بۆ ڕادەی زیانەکانی لافاو وێرانکەرەکان کرا، قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە بە نیو ملیار یۆرۆ زیاتر خەمڵێندرا.

 

ڕۆبێرت گۆلۆب، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی سلۆڤینیا ڕایگەیاند، "ئەمە خراپترین کارەساتی سروشتییە لە مێژووی ٣٠ ساڵەی سلۆڤینیادا، کە دوو لەسەر سێی وڵاتی گرتۆتەوە".

 

لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، لافاو داڕمانی زەوی بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە دەستیپێکردووە، بەشێکی گەورەی ناوەڕاست و باکووری سلۆڤینیای ژێرئاو خستووە و ڕێگەی چوونە ناو گوندەکانی بڕیوە و هاتوچۆی پەکخستووە.

 

ئاژانسی هەواڵی سلۆڤینی بڵاویکردەوە، تا ئێستا لانیکەم سێ کەس کە دوو هاوڵاتی هۆڵەندی و سلۆڤینییەکە گیانیان لەدەستداوە، دەسەڵاتداران ڕۆژی شەممە تەرمی پیاوێکیان لە جەرگەی شاری لیوبلیانا لە کەناری ڕووباری ساڤا وەرگرتەوە.

 

شارۆچکەی "کرنا نا کۆرۆسکێم" کە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری پایتەختەوە دوورە، یەکێک بوو لەو شارۆچکەیانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و بە پچڕاویی ماوەتەوە، چونکە دەبوو هاوکارییەکان لە ڕێگەی کۆپتەرەکانی سوپاوە بگەیەندرێتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

 

نزیک لە پایتەخت لە شارۆچکەی کامنیک، کە دەوترێت ژنێکی سلۆڤینی بەهۆی لافاوەکەوە گیانی لەدەستدابوو، هێشتا زۆرێک لە ڕێگاکان داخراون و چەند ناوچەیەکیش ڕێگاکانیان پچڕاون.