زیاتر لە پەنجا هەزار مەتر زەوی سلێمانی لە مین پاککراوەتەوە
لە ماوەی ساڵێک و نۆ مانگ لە سنووری سلێمانی ٥١ هەزار مەتر چوارگۆشە لە مین و پاشماوەکانی پاککراوەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی مینی پارێزگای سلێمانی بەهاوکاری ڕێکخراوی "ئێم ئەی جی" بۆ هەڵگرتنەوەی مین، توانیویانە لەچیای ئەزمەڕ ٥١ هەزار مەتر چوارگۆشە زەوی لەمین و پاشماوەکانی پاک بکەنەوە.
نەوزاد عەلی، بەرپرسی چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی مینی سلێمانی، هەڵمەتی پاکردنەوەی مین ماوەی ساڵێک و نۆ مانگی خایەندووە، ٨١ مینی دژە کەسی و ٢٦ پاشماوەی نەتەقیو هەڵگیراوەتەوە.
بەرپرسی چالاکییەکانی بەڕێوبەرایەتی مینی سلێمانی ڕایگەیاند، "بەهۆی زۆری بەردی زەویەکە و دەستکاری کردنی لەلایەن هاوڵاتیانەوە، ئاستەنگی بۆ تیمەکان دروستکردووە لەپاککردنەوەی زەویەکان لەمین و پاشماوەکانی مین."
لەوبارەیەوە حاکم فەرهاد ساڵح، بەڕێوەبەری شارەدێی سیتەک ئاماژەی بەوەداوە، پاککردنەوەی ئەم ناوچەیە لەمین تەنها گرنگی بۆ شارەدێی سیتەک نیە، بەڵکو بۆ تەواوی شاری سلێمانی گرنگە، چونکە شوێنێکی گەشتیاریە و هاوڵاتیان لەناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی دەکەن.
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی زۆری مین ڕێژکراوی هەیە، تا ئێستاش بە تەواوی نەتوانراوە پاکبرێتەوە، هەندێکیان بەهۆی سەختی ناوچەکەو هەندێکی تریان بەهۆی دەستکاریکردنیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، ئاستەنگی بۆ پاککردنەوەیان دروست بووە.
بەوتەی بەرپرسانی بەرێوەبەرایەتی مینی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکەەوە زیاتر لە ٧٧٦ کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیس بووبوو، بەڵام لەساڵی ١٩٩٢ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مین و هاوبەشەکانی لە رێکخراو و کۆمپانیاکانی بوارەکەوە نزیکەی ٦٥٪ی ئەو رووبەرە پاککراوەتەوە.
زەوییە مین ڕێژکراوەکان ساڵانە لە هەرێمی کوردستان دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هاووڵاتیان، دەزگای گشتی کاروباری مین بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٤ کەسیش برینداربوون.