دیواندەرە، گرفتی پسیبوون و بڕینی ئاوی خواردنەوە

پیسبوون و بڕینی ئاوی خواردنەوە، چیرۆکی ڕۆژانە و دووبارەبووەوەی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی دیواندەرەیە.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- پچڕانی بەردەوامی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکە جیاوازەکانی دیواندەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمەش نیگەرانی خەڵکی لێکەوتوەتەوە، لە ئێوارەی سێشەممەوە تا ڕۆژی چوارشەممە ئاوی تەواوی شارەکە پچڕاوە و بە وتەی ئەو بەرپرسانەش تا ڕۆژی پێنجشەممە چارەسەر ناکرێت.

 

دابەشکردنی ئاوی پاکی خواردنەوەی ماڵان، کۆکردنەوەی پاشەڕۆ و ئاوەڕۆکان بە شێوەیەکی تەندروست ئەرکی سەرەکی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی سنەیە، لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە پرۆژەی دروستکردنی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوەی دیواندەرە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا کاری تێداناکرێت و وازی لێ هێنراوە.

 

هاوشێوەی پڕۆژەکانی تری ئەم کۆمپانیایە، وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆی دیواندەرە تا نیوەی کاری تێداکراوە و جێهێڵدراوە، بۆنی ناخۆش و پسیبوونی ژینگەی ناوچەکە بەهۆی ئاوەڕۆی دیواندەرە بەردەوامە، تا ئێستاش لەلایەن بەرپرسانەوە هیچ بەڵێنێک نییە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

 

ساڵی ڕابردوو لە مانگی تەمموزدا ڕەنگ و تامی ئاوی دیواندەرە گۆڕا، باس لەوەکرا کە ئاوی خواردنەوەی دیواندەرە تامێکی ناخۆشی هەیە و قەوزەی تێدایە وە ڕەنگی گۆڕاوە، دەسەڵاتداران بوونی قەوزەیان پشتڕاستکردەوە و بەڕێوەبەرانی تۆڕی تەندروستی شارەکەش لە چەند چوارچێوەیەکی کاتیدا نەبوونی کلۆریان بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە پشتڕاستکردەوە.

 

یەکێک لە هاووڵاتیانی نیشتەجێی دیواندەرە وتی: " کرێکاری نانەواخانەم، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر کاتژمێرێک کە سەردانی ماڵەوەم کردووە، ئاومان نەبووە، جلوبەرگی نەشۆراو هەمووی لە ماڵەوە کۆبووەتەوە."

 

ف.لوتفی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "چەند جارێک بە تەنکەر ئاوی خواردنەوە بەسەر دانیشتوانی گەڕەکەکەدا دابەشکراوە، بەڵام من لەو کاتەدا لە شوێنی کارەکەم و ناتوانم لە ڕیزدا بوەستم بۆ وەرگرتنی ئاو، سەرباری بەنداوی سیازاخ و زۆری ئاوی ناوچەی دیواندەرە، بۆ بەرپرسان جێگەی شەرمەزارییە کە خەڵک بێ ئاون."