ژنێکی خەڵکی باکووری کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پاڵێوراوە
دیلان یەشیل گیۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و بەهێزترین کاندیدی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندایە، پاش ئەوەی سەرۆکی پێشوو دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
دیلان یەشیل گیۆز-زێگەریۆس، خەڵکی باکووری کوردستانە و تەمەنی ٤٦ ساڵە، کاندیدی سەرەکی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندایە پاش ئەوەی ڕکابەرەکانی کشانەوەیان ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی هۆڵەندا گەورەترین ڕکابەر بۆ شوێنگرتنەوەی "مارک ڕوتێ" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی هۆڵەندا و سەرۆكی پارتی "ڤی ڤی دی"، ژنێکی باکووری کوردستانە بە ناوی "دیلان یەشیل"، پاش ئەوەی کاندیدەکانی وەک "کلاس دیخۆف و ئیدیت شیپەرز)" وازیان لە خۆكاندیدكردن هێنا.
دیلان یەشیل گیۆز، پێشتر وەزیری داد و ئاسایشی هۆڵەندابووە و ئێستا جگە لە "ئەندرێ بۆسمان" هیچ کێبڕکێیەکی نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پارتەكەی و بوون بە سەرۆك وەزیرانی وڵات.
دیلان یەشیل گیۆز لە ساڵی ١٩٧٧ ئەنقەرە لە تورکیا لەدایکبووە و لە منداڵیدا کۆچی کردووە بۆ هۆڵەندا، بنەماڵەکەی خەڵکی باكووری كوردستانن و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری "دەرسیم"ن، زانستە کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی لە زانکۆیەکی ئەمستەردام خوێندووە، ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی ماستەری لە ڕۆشنبیری و ڕێکخستن و بەڕێوەبردن بەدەستهێناوە و ئێستا سیاسەتمەدارێکی هۆڵەندییە.
لە ساڵی ٢٠٢٢ ەوە وەزیری داد و ئاسایش بووە لە کابینەی چوارەمی حكومەت، ئەندامی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە بووە، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و لە ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری بووە.
دیلان یەشیل گیۆز کە وەزیری داد و ئاسایشی ھۆڵندایە، یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا بەهۆی کشانەوەی "مارك روتە" سەرۆك وەزیرانی وڵاتەکە و پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكە لە لایەن پەرلەمانەوە.