دوو مانگ زیندانی بۆ ژنێک کە دژایەتی حیجابی زۆرەملێ دەکات

ژنێک لە تاران بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە حیجابی زۆرەملێ، سزای دوو مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ چوونەدەرەوەی ئێرانی لێ قەدەغە کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمەڵێک لە چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایانگەیاند کە ژنێک لە تاران بە دوو مانگ زیندانی و دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران سزادرا بە تاوانی "پابەند نەبوون بە حیجابی زۆرەملێ" لە شەقام و لە شوێنی گشتی لەبەردەم خەڵك.

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لەم حوکمەدا کە بە ئامادەنبوونی خۆی لەلایەن لقی ١٠٨٨ی دادگای تاوانەکانی تاران بە سەرۆکایەتی عەلی ئومێدی دەرچووە، بە تاوانی " پابەند نەبوون بە حیجابی زۆرەملێ" و مامەڵەکردن بە شێوازیێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی کۆمەڵگە.

 

هەروەها لە بەشێکیدا بە ئەگەری ڕەفتاری دژە ئێرانی لە کاتی گەشتەکانی دەرەوەی ئێران وەک یەکێک لە هۆکارەکانی قەدەغەکردنی ڕۆیشتنی ئەم ژنە باس کراوە.

 

پێویستە بوترێت لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی "حیجاب و پاکیزەیی"، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆ چەوساندنەوەی ژنان زیاتر دەبن و لە بەرامبەریشدا ژنانیش بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ بەبێ "حیجابی زۆرەملێ" لە فەزای ئەلیکترۆنیدا بەرەنگاری ئەم هێرش و فشارانە دەبنەوە.