تۆمارکردنی زیاتر لە ٧٩ هەزار هاوسەرگیری و ٣٧ هەزار جیابوونەوە لە ئێران
بەپێی ئامارێک کە تۆماری دەوڵەتی ئێران بڵاویکردوەتەوە، لە ماوەی دوو مانگدا، ٧٩ هەزار و ٢٦٠ هاوسەرگیری، ٣٧ هەزار و ٧٠١ جیابوونەوە لە سەرتاسەری ئێران تۆمار کراوە.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، نووسینگەی تۆماری ئەو وڵاتە لە ئاماری نوێدا ژمارەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی ڕاگەیاندووە.
بەپێی ئامارەکان، لە کۆتای مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵ ٧٩ هەزار و ٢٦٠ هاوسەرگیری، ٣٧ هەزار و ٧٠١ جیابوونەوە لە سەرانسەری ئێران تۆمار کراون.
زۆرترین ژمارەی هاوسەرگیری لە تاران بە ٩ هەزار و ٢٧٢، خوراسان ڕەزەوی بە ٧ هەزار و ١٢٥ و خوزستان بە ٦ هەزار و ١٥٧ و کەمترین هاوسەرگیری لە سێمنان بە ٤٦٠، ئیلام بە ٦٦٣، و کۆهگیلویە و بۆیار ئەحمەد بە هەزار و ١٥٧ حاڵەت تۆمار کراوە.
هەروەها لە کۆی ٣٧ هەزار و ٧٠١ حاڵەتی جیابوونەوە کە لە ماوەی دوو مانگدا تۆمارکراون، کەمترین حاڵەتی جیابوونەوە لە ئیلام بە ١٨٥ حاڵەت، خوراسانی باشوور بە ٣١٢ و کۆهگیلویە و بۆیار ئەحمەد بە ٣٧٤ و بەرزترین حاڵەتی جیابوونەوە لە تاران بە ٦٢٢٩ حاڵەت، خوراسان ڕەزەوی بە ٤٠٦٨ و ئەسفەهان تا ئێستا ٢٠٠٠ حاڵەتی جیابوونەوەی هەبووە.
پێویستە ئەوە بخرێتەڕوو کە ناهۆشیاری هاوسەرگیری، بەرزبوونەوەی هاوسەرگیری منداڵ، هەژاری، بێکاری، بارودۆخی ئابووری لەو هۆکارانەن کە بوونەتە هۆی زیادبوونی جیابوونەوە لە کۆمەڵگەدا و بەرپرسەکانی ئێرانیش نەیانتوانیوە میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە داڕشتنی سیاسەتێکی کاریگەر لەم بوارەدا دابین بکەن.