بەرزبوونەوەی پەستانی دەروونی لە گەنجان

ژمارەی ئەو گەنجە پێگەیشتوانەی لە ئینگلتەرا هەست بە ناڕەحەتییەکی زۆر و پەستانی دەروونی دەکەن، بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەکی تەندروستی دەریخستووە لە هەر پێنج کەسێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ، یەکێکیان ڕایگەیاندووە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ تووشی پەستانی دەروونی بوون، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی یەک لە هەر حەوت کەسیان تووشی پەستانی دەروونی بووە.

 

توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی پەستانی دەروونیان هەیە لە هەموو گروپە جیاوازەکانی تەمەن بەرزبوونەتەوە، جگە لەوانەی کە تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە، شارەزایان ئاماژەیان بە هۆکارەکانی وەک پەتای کۆرۆنا، تێچووی ژیان و کەموکورتی چاودێری تەندروستی کردووە.

 

توێژەران لە کاتی چاوپێکەوتنە تەلەفۆنییەکاندا نمرەی خاڵەکانیان بەکارهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی پەستانی دەروونی بەشداربووان بۆ ڕاپرسییەکە، توێژینەوەکە کە ئەکادیمیستەکانی کۆلێژی کینگز لەندەن و زانکۆی کۆلێژی لەندەن -UCL لەخۆدەگرێت، دەڵێن بەرزبوونەوەی ئامارەکان پێویستی بە چارەسەرکردنی بەپەلە هەیە.

 

ڕاپرسییەکە لە نێوان مانگی نیسانی ٢٠٢٠ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ئەنجامدراوە و بە گشتی نزیکەی ٥١ هەزار و ٨٠٠ کەسی پێگەیشتوو تێیدا بەشداربوون.

 

هەموو مانگێک پرسیار لە کۆمەڵەیەکی نوێی کەسانی گەورەساڵان دەکرا کە چەند جار لەماوەی ٣٠ ڕۆژی ڕابردوودا تووشی کۆمەڵێک هەستی نەرێنی بوون وەک بێ بەهایی یان بێهیوایی، هەستکردن بە دەمارگیری یان هەستکردن بە خەمۆکییەک کە هۆکارەکانی دڵخۆشی نادۆزنەوە بۆ ژیانیان.

 

بەگشتی ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ڕاپۆرتی هەستکردن بە ناڕەحەتی توندیان داوە لە ٪٥.٧ بۆ ٪٨.٣ زیادی کردووە، لەگەڵ هەندێک گروپ زیاتر لە هەندێکی تر کاریگەرییان لەسەر بووە، لەنێویاندا ئەو بەشداربووانەی داهاتێکی کەمتریان بۆ ژیان هەیە ئەگەری توشبوونیان بە پەستانی دەروونی زیاتر بووە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ڕێژەی ئەو گەورەساڵانەی کە هەر جۆرە پەستانێکی دەروونیان ڕاگەیاندووە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٪٢٨ دابەزیووە، تا کۆتایی ئەو ساڵە بۆ ٪٣٢ بەرزبووەتەوە.