ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کارکردن ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە

نەبوونی یاسای گونجاوی کارکردن و نەزانینی مافەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هۆکارەکانی جیاکاریی جێندەرییە، پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە لە سیاسەت و یاسای پەیوەندیدار.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- لە ئەنجامی نەبوونی بیمە و گرێبەستی کار بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئاسانی لە کارەکانیان دەردەکرێن، وەرنەگرتنی مووچەی خانەنشینی، کەمئەندامی و جیابوونەوە بابەتگەلێکن کە پەیوەندییان بە لێکەوتە کۆمەڵایەتی، یاسایی و سیاسییەکانەوە هەیە لە کۆمەڵگەی ئێران، کە سەلامەتی و خۆشگوزەرانی ژنان دەکات بە ئامانج.

 

کاری بێ مووچەی ژنانی ماڵەوە

ژنان لە مافی خانەنشینی بێبەش دەکرێن، ئەم کێشەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بێ تواناکردنی ژنان لە دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانیان دوای خانەنشینبوون، کەمئەندامی و دواجار کەمکردنەوەی ئاسایشی دارایی و پشتبەستنیان بە کەسانی دیکە.

مەهسا.ر، یەکێکە لەو ژنە گەنجانەی کە لە ئۆفیسی کۆمپانیایەکی بیمە کار دەکات سەبارەت بە بیمەی ژنان دەڵێت: "زۆربەی ژنان لەکاتی کارکردن یان ژنی ماڵەوە بیمە نایانگرێتەوە، لە هەمانکاتدا بیمە تەنها بۆ پیاوان دابیندەکرێت، هەروەها ئەو ژنانی ماڵەوە و ئەو ژنانەی کە لە دوکان، گوندەکان یان وەک کرێکاری وەرزی لە شارەکانی تردا کار دەکەن، پێویستە بیمەیان هەبێت، لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژنان بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە جیاکاریی ڕەگەزی و کەموکوڕی لە یاساکانی کاردا بیمەیان پێنادرێت، ئەمەش ژنان لە یارمەتییەکانی وەک بیمەی تەندروستی، بیمەی بێکاری، مۆڵەتی نەخۆشی، خانەنشینی بێبەش دەکات، بەبێ بیمە ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە."

 

ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان کێشەی داراییان هەیە

ژنان لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان بە هۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی و کەموکوڕی لە یاساکانی کاردا بە ئاسانی لە کار دوور دەخرێنەوە، لەوانەیە ژنانی ماڵەوە لە تەمەنی پیری و کەمئەندامی و لە حاڵەتی جیابوونەوەدا تووشی کێشەی دارایی و ئاسایشی دارایی ببنەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گرفتانە نەبوونی بیمەیە بۆ ژنانی ماڵەوە.

 

پەروین.م، یەکێکە لەو ژنانەی لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و سەرپەرشتی خێزانەکەی دەکات، دەربارەی دۆخی ژیانی وتی: "لەگەڵ هاوسەرەکەمدا ناکۆکیم هەبوو و بۆ ئەوەی دوو کچەکەم بە تەنیا پەروەردە بکەم، بەرپرسیارێتییانم گرتە ئەستۆ، کاتێک جیابوومەوە هیچ داهاتێکم نەبوو، هەرچەندە چەند ساڵێک بوو لە ماڵەوە کارم دەکرد و لەبەر ئەوەی کارەکەم بێ مووچە بوو، خانوو و ئۆتۆمبێل و پاشەکەوتەکە بە ناوی هاوسەرەکەمەوە بوو، دوای جیابوونەوە لە چەندین شوێن کارم کردووە، هەرچەندە بە مووچەیەکی کەم کارم دەکرد، بەڵام لە یەکێک لەو شوێنانەی کارم دەکرد خاوەنی کارەکەم دەریکردم، چونکە ناڕەزایەتیم هەبوو بەرامبەر دواخستنی مووچەکەم بۆ چەند مانگێک و ئێستاش دوای ساڵێک مووچەکەی نەداوە بەتەواوی، هەموو ئەو ژنانەی کاریان دەکرد بەبێ پارەی بیمە کاریان دەکرد، ئەگەر پشکنینێک بهاتایە بۆ دوکانەکە، خاوەنەکەی بە بەرتیل پشکنەرەکەی ڕازی دەکرد بۆ ئەوەی واز لەو ڕاستییە بهێنێت کە ئەو ژنانەی لە دوکانەکەدا کاردەکەن نەبوون".

 

سەربەخۆیی دارایی و یەکسانی جێندەری

لەیلا.ش، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی دارایی ژنان و ئازادییەکانی ژنان، ئەو ژنە چالاکوانە وتی: "بە دڵنیاییەوە دەڵێم، سەربەخۆیی دارایی ژنان و پشتنەبەستنیان بە کەسانی دیکە، یەکێکە لە پێشمەرجە بنەڕەتییەکانی ئازادی و یەکسانی جێندەری، کاتێک ژنان بتوانن پێداویستییە داراییەکانیان دابین بکەن، بە شێوەیەکی سروشتی دەسەڵاتی بڕیاردانیان زیاتر دەبێت لە ژیانیاندا، ئەم سەربەخۆییە داراییە ژنان لە پشتبەستن بە هاوبەشی ژیان یان پێکهاتە کاریگەرەکانی جێندەر جیا دەکاتەوە و لە بارگرانی دارایی پشتبەستن بە کەسانی دیکە ڕزگاریان دەکات، بە گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی، ئێمەی ژنان دەتوانین بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە بڕیارەکانی ژیانماندا مامەڵە بکەین، لەوانە هەڵبژاردنی پیشە، درێژەدان بە خوێندن، وەبەرهێنان و پلاندانانی دارای، سەربەخۆیی داراییمان متمانە بەخۆبوونمان پێدەبەخشێت و پشتگیریمان دەکات لە بەهادان بە خۆمان و پاڵنەرمان بۆ گەشەکردن، هەروەها ئەم سەربەخۆییە داراییە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی جیاکاری جێندەری، بە هاوسەنگی هێز و بەهێزکردنی ئێمە وەک ژن، ئەو ئاستەنگانەی کە دژی پێشکەوتن و سەرکەوتنمانن لە کۆمەڵگادا لادەبرێن، ئەم سەربەخۆییە داراییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر و ڕێگەمان پێدەدات ڕۆڵێکی چالاکانە تێیدا بگێڕین."

 

چارەسەرەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکانی کار، هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پێشخستنی بیمەی کۆمەڵایەتی دەتوانن جیاکاری جێندەری نەهێڵن و دەستڕاگەیشتن بە بیمە و سوودەکانی بۆ ژنانی کارکەر دابین بکەن، هۆشیاری و پەروەردەش گرنگە، هەڵاواردنی جێندەریی لە مافەکانی بیمە بۆ ژنانی کرێکار کەمدەکاتەوە و دۆخیان باشتر دەکات، بۆ گۆڕینی ئەم پرسانە، کۆمەڵگا بە گشتی پێویستی بەوەیە کە هەستیار بێت بەرامبەر ئەم پرسانە و هەنگاو بنێت بەرەو نەهێشتنی ئەو نائاساییانە لە ڕێگەی چاکسازیی سیاسی و یاسایی و پێشخستنی کولتوری یەکسانی جێندەری و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ ژنان."