گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک ئاستی سەرچاوە ئاوییەکان دادەبەزێنێت

سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ڕژێمی ئێران ئاستیان دادەبەزێت، کە یەکێک لە پڕۆژەکان سەرچاوەی ئاوی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران دەستیکردووە بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک، لە کاتێکدا چەندین ڕووبار و سەرچاوەی ئاوی هەرێمی کوردستان پشت بە ئاوی زێی بچووک دەبەستن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جاری دیکە ئەو ئاوەی گرتووەتەوە.

 

پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ بۆ برهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی زێی بچووک وەردەگرێت، یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی ئێران بەردەوام ئاوی گرتووەتەوە و بەنداوی لەسەر درووستکردووە، کە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی دابینکردنی ئاوی پاکی ماڵان.

 

ئەندازیار مارف مەحمود، لێپرسراوی پرۆژەی ئاوی خاس باسی لەوەکردووە کە ئاوی پرۆژەی خاس بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە لەماوەی ڕۆژێکدا ئاستی ئاو لە دوو مەتر و ٥٦ سانتیمەتر بۆدوو متر و ٩٧سانتیمەتر کەمیکردووە، لە کاتێکدا وەک چارەسەری بە دروستکردنی بەنداوی دەڵگە کێشەکە چارەسەردەبێت.

 

ئێران لە ڕێگەی تونێلێکی ٣٥ کیلۆمەترییەوە ئاڕاستەی ئاوەکە دەباتە دەریاچەی ئورومیە، لە دوێنێشەوە ئاوەکەی گرتووەتەوە بەڵام ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێری پێدەچێت تا ئاوەکە لە هەرێمی کوردستان کەمببێتەوە، لە ئێستاشدا دەستکراوە بە دابەشکردنی ئاوی خەزانەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی هاوڵاتیان.

 

ساڵانە بەتەواوی ئاوەکە لەلایەن ئێرانەوە دەگیرێتەوە، ئەمساڵیش ئەمە یەکەمجارە کە ئاوەکە بگرێتەوە و بارودۆخی کەمئاوی دروست ببێت.

 

زێی بچووک، لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و درێژەکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر دەبێت و لەسنوری قەزای پشدەرەوە ده‌ڕژێته‌ ھەرێمی کوردستان.