مەراسیمی بە خاکسپاردنی یوسرا دەروێش و لێمان شوێش بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوەچووە

هەردوو ژنە تێکۆشەر بە ناوەکانی یوسرا دەروێش و لێمان شوێش کە لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی تورکیا شەهیدبوون، ئەمڕۆ لە شارۆچکەی عامود سەر بە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە مەراسیمێکی ڕێزلێنان بە خاک سپێردران.

قامیشلۆ

 

دوێنێ دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ڕێگای نێوان تیربەسپیێ و گوندی بەیاندور ئەنجامدا کە سەر بە شاری قامیشلۆیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا یوسرا دەروێش هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ و لێمان شوێش جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ و هاوڵاتی بە ناوی فیرات تومە گیانیان لەدەستدا.

 

ئەمڕۆ هەزاران کەس لە دانیشتووانی کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری قامیشلۆوە بە کۆمەڵ چوونە گۆڕستانی شەهید ئیسماعیل سەر بە شارۆچکەی عامود کە سەر بە کانتۆنی قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە بۆ مەراسیمی بە خاکسپاردنی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە ئازادیخوازان دەستی پێکرد.

 

"ئێمەش شوێن پێی شەهیدەکانمان دەگرین"

پاشان هێڤی سلێمان بەناوی مەجلیسی خانەوادەی شەهیدانەوە قسەی کرد و وتی: "شەهیدمان هەیە، ئیرادەمان هەیە، ئێوە ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان دەکەم، ژنان بەهێزن و دەتوانن پێشەنگایەتی بکەن و لەبەردەم دوژمندا بوەستنەوە، دوژمن هێرش ناکاتە سەر خەڵکی لاواز، هێرش دەکاتە سەر خەڵکی بەهێز، ئێمە هێز و ئیرادەمان هەیە، بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆمان هەیە، ئێمە بە دوژمن دەڵێین ئێوە ناتوانن لەناومان ببەن و لاوازمان بکەن، با هەموو لایەک ئەم ڕاستییە باش بزانن ئێمە شوێنپێی شەهیدەکانمان هەڵدەگرین، هەزاران کەس هەن درێژە بە ڕێگای یوسرا و لێمان دەدەن و تۆڵەسەندنەوەکەیان لەسەر زەوی کۆتایی نایەت."

 

٣٨ ساڵ بۆ ئازادی کاری کردووە

ڕێکخەری گشتی کۆنگرەی ستار، ڕوکەن ئەحمەد، یادی شەهیدانی کردەوە و وتی: "کاتێک باسی شەهید لێمان دەکەین، باسی لێمانی کوردستان دەکەین، ساڵانێکی زۆر خەباتی کرد و بڕیاریدا بچێتە نێو ڕێگای ئازادییەوە، بەرخۆدانییەکی گەورەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا کرد، لە زۆر ناوچە و شاردا کارەکانی ئەنجامداوە بەتایبەتی دژی داگیرکاری و تیرۆر وەستاوەتەوە، خاوەنی ئەزموونی ٣٨ ساڵە و خەڵکی عامودە، شەهید لێمان خەباتی کرد بۆ ئەوەی دەنگی ژنانی ئازاد بێت، ئەم هەڤاڵانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی گیانی خۆیان لە پێناو ئێمەدا بەخت کرد، بۆ ئەوەی دوژمن تێکبشکێنین، پێویستە ئاگاداری شەهیدەکانمان بین، کاتێک ئیدارەی خۆسەر بڕیاری سزادانی داعشی دا، دەوڵەتی تورکیا یەکسەر هێرشەکانی چڕتر کردەوە، لەگەڵ چەتەکان لەسەر مێزەکان دانیشتبوون بۆ ئەوەی پلانی پیس دژی گەلەکەمان دابڕێژن."

 

"تۆڵە دەکەینەوە"

ڕوکن ئەحمەد لە کۆتاییدا وتی: "ئەگەر ژنانی ئازاد بمێننەوە، ئەوا ئەم شۆڕشە بەردەوام دەبێت، ئێمە بەڵێن بە شەهیدەکانمان دەدەین کە ڕێگە نادەین سەرۆکێک خاکەکەمان داگیر بکات، بەڵێن دەدەین تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی یوسرا و لێمان دەکەین، سەری هەموو ژنان سەلامەت بن و سەرکەوتن هی ئێمەیە."

 

لە کۆتاییدا پێشەنگەکانی شۆڕشی ژنان بە دروشمی "شەهید نامرن" بەخاک سپێردران.