زیادبوونی کۆچکردنی ژنانی پسپۆڕ لە ئێران

بەهۆی نەبوونی ئازادی کەسی و کۆمەڵایەتی ڕێژەی کۆچکردنی ژنان لە ئێران لە زیادبووندایە، جیاوازییە ڕەگەزییەکان و نەبوونی دەرفەتی کار، نیگەرانییەکانی زیادکردووە لە کەمبوونەوەی کەسانی پسپۆڕ و کارامە و کاریەگەری لەسەر گەشەی ئابووری.

نەسیم محەمەد خواه

 

بانە- لە ساڵانی ڕابردوودا ئاماری کۆچکردنی پسپۆرانی ژن لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە لێکۆڵینەوە لە ئامارە فەرمییەکان دەردەکەوێت کە ژمارەی کۆچبەران لە ساڵێکدا گەیشتووەتە ٦٥ هەزار کەس کە لە ئێراندا بە تۆمارێکی پێوانەیی کۆچکردن دادەنرێت.

 

زیادبوونی ڕێژەی کۆچکردن نەک هەر لە داهاتوودا کێشەی جددی بۆ دانیشتووانی ئێران دروست دەکات، بەڵکو ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی دروستبوونی بۆشای هەیە بەوەی ڕێژەی زۆری کەسانی ناو کۆمەڵگە ببنە کەسانی بەتەمەن، کە ڕەنگە لە ساڵانی داهاتوودا کەرتی پسپۆڕ و کاری مرۆیی مەترسییەکی جددییان لەسەر بێت، چونکە زۆربەی کۆچبەران خوێندەوار و گەنجن.

 

هۆکارە سەرەکییەکانی کۆچکردن بریتین لە کێشەی ئابووری، نەبوونی ئازادی کەسی و کۆمەڵایەتی، و نائومێدی، لەم نێوەندەدا ژمارەی کۆچکردنی ژنان لە زیادبووندایە، فاکتەرەکانی وەک کولتوور و یاساکانی دژە ژنان، زیادبوونی هەڵاواردنی جێندەری لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتدا لەو هۆکارانەن کە ئارەزووی کۆچکردن لە نێو ژناندا زیاد دەکەن، بەتایبەتی ژنانی پیشەیی، جگە لەوەش کۆچی ژنان بۆ گەڕان بەدوای هەلی کار و خوێندنی باڵا و خۆشگوزەرانی ئابوریشدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە زیادکردنی ئەم ڕەوتە.

 

ژنان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی بوونەتەوە و هەڕەشەکانی حکومەتی ئێران ژنانی ناچار کردووە ئێران بەجێبهێڵن، چونکە ئەو ژنانەی بەشدارییان لە گردبوونەوەکاندا کردووە، دەستگیرکراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، لە کاتێکدا جێهێشتنی ئێران بڕیارێکی مەترسیدارە بۆ ژنان، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆیان ناچارن وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن.

 

ڕودبار.ف، یەکێکە لەو ژنانەی مەهاباد کە بەم دواییە داوای کۆچکردنی کردووە بۆ خوێندن، سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنی لە ئێرانەوە دەڵێت: "هەر جارێک بیر لە جێهێشتنی ئێران دەکەمەوە، لە ناخی دڵەوە هەست بە دڵتەنگی دەکەم، چونکە بیرکردنەوەی دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەم و هەموو ئەو شتانەی لە نیشتماندا دەگوزەرێت بە ئازارە، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی تر نابینم بۆ من گونجاو بێت، ساڵانێکی زۆر خوێندوومە و سیڤیم دروستکردووە، بەڵام پۆستێکی گونجاوی کارم نییە، ئێستاش نمرەی A ناوەندم هەیە، لە ماڵەوە بێکارم، تەنانەت مەرج و ئاسانکاریشم نییە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، خەڵکی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبن و کێشە ئابوورییەکان وا لە هەمووان دەکەن بیر لە ڕۆیشتن بکەنەوە، هیچ هیوایەکم نییە لێرە بژیم و پێشبکەوم".

 

ن.م، مامۆستای زانکۆیە لە بواری ئایتی لە زانکۆی شیکاگۆ، باسی هۆکاری کۆچکردنی لە ئێرانەوە دەکات، : "بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە زانکۆی تاران وەرگرتووە و کاتێک داواکارییەکەم بۆ سکۆلەرشیپ لە ئەمریکا وەرگیرا، کێشەکانی کۆچ و نیشتەجێبوونی ئێرانییەکان لە ئەمریکا هێشتا ئەوەندە توند نەبوون، بەڵام دوای ئەوە قۆناغێکی زۆر سەختم بەسەر برد، چونکە نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ ئێران و خێزانەکەم ببینم و ئەگەر بگەڕێمەوە، شوێنی نیشتەجێبوون و خوێندنم لە ئەمریکا دەکەوێتە مەترسییەوە، سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لێرە هەمبوو، دڵنیام کە هەرگیز نەمدەتوانی لە ئێراندا بگەمە پێگەیەکی لەو شێوەیە، چونکە پێش هەموو شتێک لە ئێران بەتایبەت بۆ بوارەکانی ئەندازیاری ژنان ئاستەنگی زۆریان لەبەردەمدایە نەک تەنها بۆ کار بەڵکوو هەروەها بۆ خوێندن، لە ئێران ئەگەر پێگەیەکی گرنگت دەستکەوت دەبێت سەرت داپۆشیت و دەستبەرداری هەموو بیروباوەڕەکانت بیت یان ببیتە ئەندامی بەسیج یان بنەماڵەی شەهید یان سەرباز بیت، بێگومان لەبەر ئەوەی ئێمە ژنین هەمیشە دەبینین پیاوی نەخوێندەوار و بێتوانا بە ئاسانی دەگەنە پلە باڵاکان. "لێرە لە ئەمریکا، لانیکەم بەهام هەیە و هاندەدرێم بەهۆی کارەکانم و شارەزاییەکەمەوە."

 

ع.پ، پزیشکێکی ژنی ئێرانی لە کەنەدا دەڵێت: سەرەتا کاتێک هاتمە کەنەدا و ڕووبەڕووی کێشەی کۆچبەری بوومەوە، پێم وابوو گەورەترین هەڵەی ژیانم کردووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بە هەوڵ و کۆڵنەدانێکی زۆر، توانیم پاسپۆرتی کەنەدی بەدەست بهێنم و لەم وڵاتە وەک پزیشکی پسپۆڕ کار بکەم، ئێستا کە دەگەڕێمەوە بۆ ئێران زیاتر هەست بە جیاوازی ژیانی ئەو دوو وڵاتە دەکەم، لە کەنەدا لانیکەم وەک کەسێک و پزیشکێک ڕێزم لێدەگیرێت و کارەکەمم بەدڵە، لە ئێراندا زۆر بێ بایەخی سەیری ژنان دەکرێت و ئەمەش وایکردووە هەرگیز نەگەڕێمەوە بۆ ئێران."