کۆنگرەی ستار: هێرشەکان ترس لە فەلسەفەی ژنی ئازاد نیشان دەدات

مەجلیسی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا لە بەیاننامەیەکی نووسراودا هێرشی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر ئەندامان و بەڕێوەبەرانی مەجلیسی کانتۆنی قامیشلی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "خودا شەهیدان بە شەرەف و بەهاکانی شۆڕش ببەخشێت".

قامیشلۆ

 

ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی لەسەر ڕێگای گوندی بەیاندۆر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش و هاوڵاتییەک بە ناوی فیرات تومۆ شەهیدبوون.

 

ئەنجوومەنی کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد و قوربانیانی بەبیرهێنایەوە، کۆنگرەی ستار لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی ژنان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنانە، داوای لە ژنان کرد و ڕایگەیاند، " ڕێز لە شەرەف و بەهاکانی شەهیدانی شۆڕش بگرن".

 

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

" ماوەیەکی زۆرە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ڕانەگرتووە، بێ جیاوازی هاوڵاتیانی سڤیل لە گەنج و پیر و ژن و منداڵ دەکاتە ئامانج، هەموومان دەزانین دەوڵەتی تورک دژی مرۆڤایەتی مامەڵە دەکات و دوژمنایەتی سیستەمی دیموکراسی و ژنان دەکات، ئەم دەوڵەتە فاشیستییە کە پشکی خۆی لە مرۆڤایەتی و دیموکراسی وەرنەگرتووە، بەرگەی پەرەسەندنی سیستەمێکی دیموکراسی بە سەرکردایەتی ژنان ناگرێت، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە جیاتی سیستەمی دیموکراسی هێزی تاریکی وەک داعش و بزووتنەوەکانی هاوشێوەی دەوێت."

 

"ئەو خەڵکەی خۆیان لە داعش پاراستووە، خۆیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاش دەپارێزن"

لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا کە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن بەرامبەر ئەم هێرشانە، " هێرشەکەی ئەمڕۆ دەرئەنجامی هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و ڕووسیایە، دوای هەڵبژاردن زیادبوونی هێرشەکان سیاسەتی ئەردۆغانە، دوژمنایەتی ئەردۆغان لەگەڵ کورد دووپات دەکاتەوە، تەنانەت پێش هەڵبژاردنیش بەڵێنی دابوو هێرش بکاتە سەر کورد و پێداگری لەسەر کوشتنی خەڵکی ناوچەکە و کورد بکات، بۆ گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانی ئیمپراتۆریەتی نوێی عوسمانی هەموو هەوڵێک دەدات، بەداخەوە هەرچەندە ئەم هێرشانە لەبەردەم چاوی هەموو جیهاندا ئەنجام دەدرێن، بەڵام نە دەوڵەتانی یەکگرتوو و نە یەکێتیی ئەورووپا و نە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ هەڵوێستیان نیە و بەڵکو بێدەنگن و هاوکاریان دەکەن، خەڵکی ئەم ناوچەیە کە ساڵانێکە لە بەرامبەر ستەم و چەوساندنەوەی داعش بەرگری لە خۆیان دەکەن، لە بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکەری تورکیاش بەرگری لە خۆیان دەکەن."

 

دەوڵەتی تورکیا لە بیرۆکەی ژنێکی ئازاد دەترسێت

ئەمڕۆ بەیانی، کاتێک هاوڕێمان یوسرا دەرویش هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆی ئیدارەی خۆسەر، لەگەڵ سێ هاوڕێکەیدا دەچووە سەر کار، لەلایەن دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورکەوە هێرشیان کرایە سەر، بەداخەوە ئەو و جێگرەکەی لیمان شوێش و فیرات تومو شەهید بوون و هاوسەرۆکی داهاتووی بە ناوی گابی شەموون بە سەختی بریندار بوو، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و دۆستانیان دەکەین، هیوای چاکبوونەوە بۆ هاوڕێ بریندارەکەمان دەخوازین، بە تایبەتی پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی و داگیرکەری تورک زیاتر بۆ سەر ژنان ئەنجامدەدرێت، ئەمەش ترسی ئەو لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ژنانی ئازاد دەردەخات."

 

بۆ ئازادی ژن تێکۆشانیان دەکرد

هاوڕێمان لێمان شوێش و یسرا دەروێش، ساڵانێکی زۆرە لە ئاستی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردندا خزمەتی وڵات و کۆمەڵگاکەیان کردووە، بۆ ئەوەی ژنان بگەنە ناسنامەی ئازادی خۆیان و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئەم هاوڕێیانە لە کاری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ئەکادیمیدا هەوڵێکی زۆریان هەبووە و مۆرکی خۆیان لەسەر کارەکانیان داناوە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییان گێڕاوە.

 

لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئەو دۆستانە، دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک دەگاتە لوتکە، پێش ئێستا سێ هاوڕێی ژنمان لە هێلینج، زەهرا بێرکل، زەینەب سارۆخان، هەڤرین خەلەف، جیان تۆلهیلدان، یاد ئێقیدە و سەدان ژنی دیکە لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک شەهید بوون، دەوڵەتی تورکیا دوژمنایەتی هێڵی ژنی ئازاد دەکەن، ئێمەش وەک هاوەڵی ئەو شەهیدە شەرەفمەندانە تا کۆتایی بە ڕێگای ئەواندا دەڕۆین.

 

ئێمە وەک کۆنگرەی ستار بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دڕندانەیە دەکەین و دەڵێین تا کۆتایی شوێن ڕێگەی شەهیدەکانمان دەکەوین، داوا لە هەموو ژنان و کۆمەڵگا دەکەن کە ئاگاداری دروشم و بەهاکانی شەهیدانی شەرەف و بەهاکانی شۆڕش بن."