کێشەی کڕینی نان بە کارتی بانکی بۆ کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران

لەدوای جێبەجێکردنی پلانی کڕینی نان و هەروەها کڕینی بلیتی میترۆ بە کارتی بانکی، کۆچبەرانی ئەفغانی ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە بۆ کڕینی نان کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە، ڕۆژنامەی شەرق باسی لەو کێشانە کرد کە ڕووبەڕووی کۆچبەرانی ئەفغانی لە ئێران دەبێتەوە، کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ٥ ملیۆن کۆچبەری ئەفغانی بە شێوەیەکی هەمیشەیی یان کاتی لە ئێران بژین.

 

ئەم ڕۆژنامەیە ئاماژە بە هەبوونی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار خوێندکاری کۆچبەری ئەفغانی لە قوتابخانەکانی ئێران دەکات و نووسیویەتی: " ئەگەر کۆچبەرێکی ئەفغانی تەواوی خولەکانی پەروەردەیی لە ئێران تەواو کردبێت، بە قۆناغی سەرەتایی، یەکەم و ئامادەیی دووەمیشەوە، پاشان ئەگەر بیەوێت لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی نیشتمانییەوە بچێتە زانکۆ، ئەگەر وەرگیرا، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان و بە پاسپۆرتی ئەو وڵاتە لە زانکۆی ئێران ناوی خۆی تۆمار بکات، تەنانەت ئەگەر لە تاقیکردنەوەی وەرگرتن پلەی یەکەمی بەدەستهێنابێت، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە هاوڵاتیانی کۆچبەری ئەفغانی واز لە بەردەوامبوون لە خوێندن بهێنن."

 

ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها نووسیویەتی بە ئاماژەدان بە قەدەغەکردنی هاووڵاتیانی کۆچبەری ئەفغانی لە کردنەوەی هەژمار لە بانکەکانی ئێران و وەرگرتنی کارتی بانکی کە پێویستی بە کارتی لەدایک بوون یان کارتی نیشتیمانی هەیە، نووسیویەتی: "لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانی وەرگرتنی نان بە کارتی بانکی یان کارتی نان، کە لە بەشێک لە شارەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، کۆچبەرانی ئەفغانستان لە کڕینی ئەم بەرهەمە بەکاربەرییە ڕۆژانەیە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبنەوە."

 

هەروەها لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا تەنها بە کارتی بانکی دەتوانرێت بلیت لە میترۆکان بکڕدرێت و ئەمەش کێشەی زۆری بۆ هاوڵاتیانی کۆچبەری ئەفغانستان دروستکردووە.