عێراق ٪١٠٠ پەیوەندی کارەبای لەگەڵ تورکیا تەواو دەکات

لەگەڵ تەواوبوونی پەیوەندی کارەبای عێراق لەگەڵ تورکیا، کار لەسەر پەیوەندی کارەبا لەگەڵ ئوردن دەکات بە ئامانجی دابینکردنی ١٥٠ مێگاوات کارەبا.

ناوەندی هەواڵ

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا، هەفتەی ڕابردوو ئاشکرای کرد، پەیوەندیی کارەبای عێراق لەگەڵ تورکیا ٪١٠٠ تەواو بووە، بەڵام عێراق چاوەڕێی ئامادەکردنی لیستی نرخە گونجاوەکانە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی کارکردن.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دووپاتی کردەوە کە کار لەسەر پەیوەندی کارەبای لەگەڵ ئوردن بەردەوامە، ڕوونیشی کردەوە کە کارەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیران بە توانای ١٥٠ مێگاوات تەواو دەکرێن.

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕایگەیاندووە، کارکردن لەبارەی پەیوەندیی کارەبای لەگەڵ کەنداویش بەردەوامە، هەروەها بریتییە لە دروستکردنی هێڵێک کە وێستگەی کارەبای فاو لە باشووری عێراق بە وێستگەی کارەبای وەفرا لە کوێت دەبەستێتەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری کارەبا بۆ ڕیاز لە ١١ نیسان باسی لە پرسە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە پەیوەندی کارەبا لەگەڵ سعودیە کرد.

 

جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق جدییە لە پەیوەندیی کارەبایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەروەها عێراق دەستپێشخەری پەیوەندی کارەبایی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەکات، کە دەبێتە هۆی دابینکردنی ٥٠٠ مێگاوات کارەبای پارێزگای بەسرە.

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەدا کە سەردانەکەی وەزیری عێراق بۆ سعودیە ئامانجی کاراکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بووە بۆ تەیارکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە ١٠٠٠ مێگاوات، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردەوە کە پەیوەندی کارەبا لەگەڵ ئوردن دەبێتە هۆی زیادکردنی ١٥٠  مێگاوات بۆ تۆڕی نیشتمانی.

 

ڕوونیشیکردەوە، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەی فراوانتر بە عێراق دەبەخشێت بۆ هەڵبژاردنی نرخ بۆ ئەو وزەیەی بۆ هاووڵاتیان دابین دەکرێت.

 

ڕۆژی ٢ شوبات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارەبایە لە سعودیەوە یان لە ڕێگەی تۆڕی سعودیەوە یان تۆڕی کەنداو.