هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان و بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن

یەکێک لە خوێندکارەکان دەڵێت: "ئێمە ئەو نەوەیە نین کە ڕێگە بدەین دەنگمان لێبسەندرێتەو، ئەم نیشتمان و ئەم خاکە هی ئێمەیە و ئەگەر دیکتاتۆر بەنیازی شەڕکردن بێت، لە ناڕەزایەتی و مانگرتندا نیشانمان دا کە چۆن شێوازی شەڕکردنمان بناغەکانی ئەم حکومەتە دەهەژێنێت."

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- دوای هێرشی کیمیایی و ژەهراویکردن بۆ سەر چەند قوتابخانەیەکی شاری مەهاباد و دوابەدوای ڕاگەیاندنی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، زۆربەی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکانی ئەو شارە پەیوەست بوون بە مانگرتنەکانەوە و قوتابییان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.

 

چەند قوتابخانەیەک لەو شارەدا بەتەواوەتی داخراون و مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانەکان نەچوونەتە قوتابخانە و ئەو قوتابخانانەش قوتابخانەی کچان و کوڕانی ئەم شارە دەگرێتەوە.

 

زیوەر یەکێکە لەو قوتابیانەی کە ڕۆژی شەممە لە قوتابخانەی بەناوبانگی شافیعی کیمیاباران کرا و دەڵێت: " ئێمەی منداڵ زۆرتر ئازاری گەدەمان هەبوو و کاتێک هەناسەمان دەدا ئازارەکە ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەماندەویست هەناسە بدەین، واتە ئازاری هەناسەدان لەو ساتەدا زۆر زیاتر بوو لە هەناسەنەدان و منیش خۆم سەرئێشەیەکی وام هەبوو کە بێهۆش بووم."

 

درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: " یەکێک لە هاوڕێکانم لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراوە، کاتێکیش لەگەڵ من نەخۆشخانە دەرچوو، دواتر شەو دووبارە دۆخی تێکچوو بۆیە بردیانەوە بۆ نەخۆشخانە و لە بەشی چاودێری چڕ داخڵیان کرد، ئێمە ڕێگە نادەین هیچ بیرکردنەوە و هیچ حکومەتێک تەندروستیمان بخاتە مەترسییەوە و لە مافە سەرەتاییەکانمان بێبەشمان بکات، ئێمە بەرگری لە مافەکانمان دەکەین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین دژی حکومەت، ئێمە ئەو نەوەیە نین کە ڕێگە بدەین بێدەنگ بکرێین، ئەم نیشتمانە و ئەم خاکە هی ئێمەیە، دیکتاتۆر ناتوانێت و مافی ئەوەی نییە لە خاکی خۆماندا، لەناو قوتابخانەی خۆماندا مەیدانی شەڕمان بۆ دروست بکات و ئەگەر بەنیازی شەڕکردن بێت، ئێمە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا نیشانمان دا کە چۆن شێوازی شەڕ و هێزی ئێمە بناغەکانی ئەم حکومەتە دەهەژێنێت، ئێمە بایکۆتی وانەکان دەکەین، بەبێ حیجاب دەچینە قوتابخانە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەبەردەممان بوەستێت."

 

دایکان و باوکان، وەک لایەنگری سەرەکی قوتابیان و لایەنگرانی ئەم بانگەوازە مانگرتنە، منداڵەکانیان نەناردووە بۆ قوتابخانە، ئەو مامۆستا و کارگێڕانەی بەرکەوتەی ئەم مەترسییە دەبن، فشارێکی زۆریان لەسەرە لەلایەن پەروەردەوە بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانە و بوونی مامۆستای حکومی لەناو ئەو مامۆستایانەدا پێگەی کار و کەرامەتی ئەوانی خستۆتە مەترسییەوە.

 

س.م، مامۆستای شاری مەهابادە و وتی: " سەرەتا پێم باش نەبوو قوتابخانە دابخرێت چونکە وانەکانی منداڵان دواکەوت، بەڵام ئێستا کە دەبینم هیچ بەدواداچوونێک لەم ڕووەوە نەکراوە و منداڵەکان ئەوەندە لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە ئازاریان پێگەیشتووە، بە ئەرکی خۆم دەزانم کە پۆلەکان ڕێک نەخەم و دەمەوێت پۆلەکان لە ژینگەیەکی دڵخۆشدا بەڕێوە ببەم، بەڵام ئینکاری بەردەوامی ئەم هێرشانە لەلایەن پەروەردە و دامەزراوە ئەمنییەکان و تەنانەت میدیا ناوخۆییەکانیشەوە کە بێدەنگ بوون، ڕێگەمان پێنادات ئەم داوایە بەرز بکەینەوە و ئەوەی من لە سیاسەتی پەروەردە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بینیومە تەنها ئینکاری و سادەکردنەوەی ڕووداوەکانە."