سنووردارکردنی توند بۆ ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

دوابەدوای چڕبوونەوەی گوشارەکانی حکومەت بۆ سەر ژنان و ناڕازییانی یاسا سەپێندراوەکانی ڕژێمی ئێران، بڕیارە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری مۆری لێبدرێت و ڕێگری لە ژنان دەکرێت کە بە جلوبەرگی کراوەوە بچنە ناو شوێنە گشتییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژنان و دەستێوەردانی هێزەکانی حکوومەت لە شێوازی جل و بەرگی خەڵک و شێوازی ژیانیان، کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری لە شاری کاشان مۆری لێدرا.

 

باس لەوە کراوە کە ئەم گرووپە بە هۆی دژایەتیکردنی یاسا و چالاکییە سەپێندراوەکانی حکومەتەوە بەسەر کۆمەڵگە، مۆر کراوە و بڕیاری داخستنی دراوە.

 

هەروەها موجتەبا عەبدڵاهی پارێزگاری ئەلبورز لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕازییانی حیجابی زۆرەملێ ڕایگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارانە بەگوێرەی ڕەچاوکردنی مافەکانی هاووڵاتی ئەنجام دەدرێن، ڕێگری لێدەکرێت بە جلوبەرگێک کە پێچەوانەی ڕێساکانی سیستم بێت بچێتە ناو شوێنە گشتیەکانی وەک ناوەندەکانی بازرگانی و شوێنە گەشتیارییەکان.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی ئەم دواییە دامودەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردنی وەک مەڵبەندی بەناوبانگی "فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە" بە جێبەجێکردنی بەرنامەی حیجابی زۆرەملێ و سەپێنراو بە تایبەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فشاری زیاتریان خستۆتە سەر هاووڵاتیان.