لە جیندرێس هەزاران کەس ئاگری نەورۆزیان بۆ شەهیدان داگیرساند

لە ناوچەی جیندرێسی عەفرین، شەوی پێشتر کە ئاگری نەورۆز داگیرسا، چەتەکان هێرشیان کردە سەریان و ٤ کەسیان کوشت،  دوێنێ هەزاران کەس بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان داگیرساند.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی پێشتر لە ناوچەی جیندرێس، چەتەکانی "ئەحرار شەرقیە" سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەقەیان لە ئاهەنگی نەورۆز کرد.

 

لەو هێرشەدا ٤ هاووڵاتی بنەماڵەی "پێشمەرگە" خەڵکی گوندی حەکیچەی سەر بە ناحیەی شی شەهید بوون بە ناوەکانی، فەرحان الدین محەمەد عوسمان ٤٣ ساڵ، نەزمی عوسمان ٣٨ ساڵ، محەمەد فارح ئەلدین عوسمان ١٨ ساڵ، محەمەد محەمەد عوسمان ٤٢ ساڵ.

 

ئەوەش زانراوە ئەو هاووڵاتیانەی لە گوندی حەکیچە کوژراون لە شی سەر بە عەفرین، بەڵام ڕوویان لە ناوچەی جیندرێس کردووە.

 

دوای کۆمەڵکوژییەکە، کەسوکاری شەهیدان و سەدان کەس چوونەتە بەردەم ئەو نەخۆشخانە سەربازییەی کە دەوڵەتی تورکیا لە سەنتەری عەفرین دروستیکردبوو، بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان، خێزانەکان تەرمەکانیان وەرگرتەوەو و ڕوویان لە شارۆچکەی ئاتمە لە ئیدلب کرد کە نزیکە لە جیندیرێسەوە.

 

بۆ مەراسیمی پرسەکە، هەزاران کەس لە جیندریس کۆبوونەوە و دروشمی " شەهید نامرێت" یان دەوتەوە، خەڵکی گوند و ناوچەکانی عەفرین بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ناشتنی شەهیدەکان چوونە جیندرێس.

 

ئاگری نەورۆز لەو ناوچەیەی کە خەڵکەکەی تێدا کۆبوونەتەوە داگیرساند.