مەراسیمی نەورۆز لە گوندەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

نەورۆز لە سیسار سەرەڕای گەمارۆی سەربازی و پچڕانی کارەبا و تەلەفون بەڕێوەچوو، زۆرێک لە هاوڵاتیان لە ڕێگەی دارستانەوە گەیشتنە ئەم گوندە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای توندترین ڕێوشوێنی ئەمنی و گەمارۆدانی گوندەکە، مەراسیمی نەورۆز لە گوندی سیسار سەر بە شاری ڕەبەت بەڕێوەچوو.

 

هێزە ئەمنی و نیزامییەکانی ڕژێمی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێشترەوە گوندەکانی سیسار و نەستانیان گەمارۆ دابوو و ڕێگەیان نەدەدا بە هاتن و ڕۆشتن لە گوندەکە، بەڵام خەڵکەکە لە ڕێگای دارستانەوە گەیشتنە گوندەکە و پاش چەند کاتژمێرێک بە پێ ڕۆیشتن ڕێوڕەسمی نەورۆزیان گێڕا.

 

نەرمین عەبدوڵاهی، چالاکوانی مەدەنی دانیشتووی شاری سەردەشت کە بۆ بەشداریکردن لەو ڕێوڕەسمە هاتبووە گوندی سیسار، سەبارەت بە ڕێکخستن و چالاکیەکانی ڕێوڕەسمەکە وتی: "سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیانی بوومەلەرزەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد، دوای ئەوە گۆرانییەکانی نەورۆز لەلایەن تیپە هونەرییەکانەوە پێشکەش کران، پێشکەشکردنی نمایشەکەش بۆ ماوەی چەند خولەکێک سەرنجی هاوڵاتیانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هەرچەندە ئەو ڕێوڕەسمە لە ڕووی بەستنەوە و پچڕانی سیستەمی دەنگییەوە کێشەی هەبوو، بەڵام ئەو سنووردارکردنانە ئاساییە کاتێک کارەبا لە لایەن حکومەتەوە بڕاوە و گوندەکە گەمارۆ دراوە."

 

سروە فاتحی، ژنێکی گەنجی خەڵکی سیسار و دانیشتووی شاری ڕەبەت، سەبارەت بە ئاهەنگی نەورۆز لە گوندەکە وتی: " هەرچەندە ماڵی داپیرەم و هەموو خێزانەکە لەناو گوندەکەدایە، بازگەکانی سوپای پاسداران ڕێگەیان پێنەداین تێپەڕین، دوای تێپەڕین بە یەکێک لە گوندەکانی نزیکەوە، بە پێ چووینە ناو گوندەکە، کە چووینە ناو گوندەکە خەریک بوو تاریک دەبوو، دوای ئەوەی خەڵک لە گۆڕەپانی نەورۆزی گوندەکە کۆبوونەوە، کارەبای گوندەکە بڕابوو و ماتۆڕێکی کارەبایییان بەکارهێناوە بۆ داگیرساندنی سیستەمی دەنگ."

 

لەیلا ئەحمەدی، ژنێکی گەنجی خەڵکی سیسار، سەبارەت بە دۆخی سەربازیی و بەڕێوەچوونی مەراسیمی نەورۆز وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە ساڵی ڕابردوو هەرچەند پلانی زۆرمان بۆ مەراسیمی نەورۆز دانابوو، بەڵام لە ڕۆژی نەورۆزدا سیساریان گەمارۆ دابوو، ئێمە پێشبینیمان کردبوو بۆ ئەمساڵ گەمارۆی گوندەکە دەدەن و هەر بۆیەش دوێنێ شەو هەندێک لە هاوڵاتیان گەیشتبوونە گوندەکە و ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆریان لە ڕێگەی دارستانەوە چوونە ناو گوندەکە،  لە شەوی ڕابردووەوە هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە سیسار پچڕا بەڵام هێشتا نەیانتوانی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە بکەن."