نەورۆز، ئاهەنگی ژن، ژیان، زەوی

نەورۆز لە کوردستان یەکێکە لە نەریتە هەرە دێرینە نەگۆڕ و ڕەسەنەکان و ئاماژەکان پەیوەندی سروشت بە ژنەوە نیشاندەدەن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە نەورۆز ئاهەنگێکی ژنانەیە.

سایدا شیرزاد

 

ناوەندی هەواڵ- ئاهەنگی نەورۆز ئاهەنگێکی دێرین و نەتەوەییە لە نێو کورد لە کوردستان، دەکرێت بە گرنگترین و جەماوەریترین ئاهەنگ لە کوردستان هەژمار بکرێت، کە دوای هەزاران ساڵ هێشتا جەوهەری خۆی پاراستووە، هەرچەندە لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا هەندێک ڕێوڕەسمی بۆ زیاد کراوە.

 

ژیانەوە و سەوزبوونی سروشت، نیشانەی هاتنی بەهارە

نەورۆز لە ساڵنامەی کۆنی کوردی هەبووە و بەپێی ڕووداوە مێژووییەکان لە کاتی ڕێوڕەسمەکاندا لە بەرواری جیاوازدا بەڕێوەچووە ئامادەکارییەکان بۆ گۆڕانی سروشت زۆر دڵخۆشکەر و لەبار بوون بۆ ئەو مرۆڤەی بە سەختی زستاندا تێپەڕیووە،  چونکە سروشتی مردوو جارێکی دیکە دووبارە دەژیایەوە و لەدایک دەبووەوە، گەشەی سەوزایی لە دەشت و شاخەکاندا مژدەی هاتنی بەهار بوو، لە ڕابردوودا ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕۆژێکی دیاریکراوی نەبووە، هەر ناوچەیەک هەر کە گەشەسەندنی سەوزایییان دەبینی ئاهەنگی هاتنی وەرزی نوێیان دەگێڕا، نەورۆز لە زۆرێک لە گوندەکانی کوردستان لەسەر بنەمای سەوزبوونی سروشت بەڕێوەچووە، لە گوندەکانی وەک دیوزناو و پڵەنگان، نەورۆز لە ڕۆژانی ناوەڕاست و کۆتایی مانگی ئادار بەڕێوەچووە.

 

تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی شوێنی مرۆڤ بە هۆی ڕووداوە سروشتییەکان و خوڵقاندنی شارستانیەتەکان، نەورۆز لە یادەوەری مێژوودا نەسڕدرایەوە و هێشتا ڕێزی لێدەگیرا، بەڵام وردە وردە کاتی ئاهەنگی نەورۆز وردتر و تایبەتتر بوو

بەڵام لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا و لە باکورەوە تا باشور، بەپێی ئەو ناوچەیەی تیایدا دەژین، خەڵک لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەست بە ئاهەنگی نەورۆز دەکەن.

 

چاندنی سەوزایی لە ماڵەوە

بە داهێنانی ساڵنامە و ناسینەوەی نەورۆز، کێشەی لە بیروباوەڕی خەڵکدا دروستکرد، بۆیە هەندێک ساڵ زستانەکان درێژتر بوون یان لە ناوچە شاخاوی و سەختەکاندا بوون، تا مانگی حوزەیران بەفر لەسەر زەوی بوو و ئەو سەوزەیەی کە بەڵێنی بەهاری دابوو نەدەناسرایەوە.

 

لەم ڕووەوە خەڵک خۆیان ئامادە کرد بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆز بە چاندنی سەوزە لەناو ماڵەکان و ئەمەش وردە وردە بوو بە نەریتێکی دانەبڕاوی نەورۆز و ئێستاش ئەگەر سەوزەش لە سروشتدا بچێنرێت، هێشتا هەر سەوزە لە ماڵەوە گەشە دەکات، لە ئێستادا خەڵکی ڕۆژهەڵات و کوردستان و ئێران، جگە لە سەوزە هەندێک بەرهەمی دیکەیان وەک سیمبولی جیاواز هەڵبژاردووە و بە دانانی سفرەی "حەوت سین" جۆراوجۆرییان بە ماڵەکانیان داوە و پێشوازی لە نەورۆز دەکەن.

 

بەڵام لە ڕابردوودا  سفرەی حەوت سین نەبووە و خەڵک چەند بەرهەمێکی سادەی سروشتییان پێکەوە دانابوو بۆ دیاریکردنی هاتنی بەهار و نەورۆز کە یەکێکیان هێلکە بوو.

 

ئاگر و نەورۆز

دابونەریتی گەلی کورد یەکێکە لە دابونەریتە هەرە نەگۆڕەکان بە درێژایی مێژوو، پێش ئیسلام نەریتی ئاگرکردنەوە لە ئێران تەنها لە شەوی ساڵی نوێدا واتا شەوی نەورۆز ئەنجام دەدرا دوای هاتنی موسڵمانان بۆ ئێران و ئاگاداری کولتوور و شارستانیەتی دەوڵەمەندی ئەو سەردەمە نەبوون، هەندێک نەریتی وەک ئاگرکردنەوە لە شەوی نەورۆزدا، بە شیرک و ئاگر پەرستی دادەنران و تا ڕادەیەک دژی بوون کە ڕێگەیان  پێنەدەدا، بەڵام لەکوردستان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات درێژە بە نەریتی دێرینی ئاگرکردنەوە لە شەوی نەورۆز دەدەن داگیرساندنی ئاگر لە سەرەتای ساڵی نوێدا نەریتێکە کە هەزاران ساڵە بەردەوامە.

 

بەها و پیرۆزی ئاگر لە چاوی مرۆڤە کۆنەکاندایە تا ئەو ڕادەیەی کە ئاگریان بە یەکێک لە چوار توخمەکانی سروشت لە پاڵ ئاو و با و زەویدا دەزانی و بەکارهێنانی ئاگریش مانای پەرستنی نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئاگر یەکێک بوو لە دەستکەوتە گرنگەکانی مرۆڤایەتی، کە لەبەرچاو گیرا وە و کاریگەری زۆری لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبووە.

 

چوارشەممە سوور

لە ڕابردووەوە شەوی چوارشەممە بە شەوی جنۆکە و خراپە ناسراوە، بە پێچەوانەی شارە جیاوازەکانی ئێران کە لە دوایین چوارشەممەی ساڵدا ئاگریان کردوەتەوە و ئەو شەوە یان بە "چوارشەممەی سور"  ناوناوە و تیایدا ئاهەنگیان گێڕاوە.

 

لەکوردستان تەنیا شەوی نەورۆز ئاگریان دەکردەوە و لە دوایین شەوی چوارشەممەی ساڵدا کە پێی دەوترا " چوارشەممەی سوور" ماڵەکەیان پاک دەکردەوە و بەو باوەڕیان بەوە  هەبووە کە  خراپە و پیسی و پیسی ماڵەکەیان فڕێ دەدەن، پاشان پیسییەکان لە دەفرێکی کۆندا ئاگریان تێبەردەدرا و خۆڵەمێشەکەی بەهەمان دەبە لە دەرەوەی ماڵەکەدا دەخرێتە سەر زەوی بۆ ئەوەی  بسوتێنرێت، ئەمە تاکە دابونەریتی چوارشەممەیە لە کوردستان و بە تایبەتی لە شاری سنە.

 

هەڵپەڕکێ

هاتنی وەرزی نوێ زۆر دڵخۆشکەر بوو و وەک سوپاسگوزارییەک بۆ لەدایکبوونەوەی سروشت ئاگریان  داگیرساندووە  و ئاهەنگیان گێڕاوە  و بەدەوریدا سەمایان کردووە، هەڵپەڕکێی کوردی فەلسەفەیەکی جوانی هەیە، بەجۆرێک کە ڕەنگە تاکە سەما بێت کە لەسەر بنەمای هەندێک یاسا و ڕێسا داڕێژراوە و ئەنجام  دەدرێت.

 

گەلی کورد لە سەرەتای ساڵی نوێدا، بە هێمای بەختەوەری و فەلسەفەی بەئاگاهێنانەوەی زەوی هەڵپەڕکێ دەکەن، کورد بە پێدان لە زەوی وەک ئەوەی بانگی زەوی بکەن بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە چاوەڕێی  بەئاگابوونت دەکەینەوە، بۆیە لەگەڵ هاتنی نەورۆز، مرۆڤەکان لە دەوری ئەو ئاگرەی کە دانیاناوە شاد دەبن و زەوی بەئاگا دێننەوە بۆ ئەوەی ژیان بە جیهان ببەخشن.

 

نەورۆز، ئاهەنگی ژن، ژیان، زەوی

ژن و ژیان و زەوی یەک وشەن و نەورۆز کە ئاهەنگێکە بۆ سروشت، لە ڕاستیدا ئاهەنگێکە بۆ ژنان، سەبارەت بە گرێدانی سروشت بە ژنەوە چەندین نیشانە هەیە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە نەورۆز ئاهەنگێکی ژنانەیە.

 

  یەکێک لە باوترینیان بریتییە لە سروشت و زەوی کە تایبەتمەندی ژنە زۆرێک لەو ڕێوڕەسمانەی کە لە نەورۆزدا ئەنجام دەدرێن تەنها بۆ گرێدانی ژن بە سروشتەوەیە، چونکە نەورۆز ئاهەنگێکە بۆ ژنان، لە کوردستان لە سەرەتای نەورۆزەوە مرۆڤی کورد پەیوەندی بە سروشتەوە هەیە، ژنان گرێ دەبەستن، ئەمەش بە واتای بەستنەوەی بەختی خۆیان  دێت بە بەختی سروشتەوە، تەنانەت بە هێمای ئاشتەوایی لەگەڵ سروشت دادەنرێت.

 

١٣ بەدەر نیشانەی دەستپێکی ژیانێکی نوێیە

بەم پێیە ژمارەی ١٣ لە هەر بارودۆخێکدا بە واتای لەدایکبوونەوە و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ دێت، ئەو باوەڕەی کە ١٣ بە خراپ دەزانێت بە درۆ دەخاتەوە،  بە پشتبەستن بە مێژووی سیاسی خۆیان لەلایەن عەشیرەتە بیانییەکانەوە بەسەر خەڵکدا سەپێندراوە، لە ساڵنامەی دێرینی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران، ١٣هەمین ڕۆژی ڕۆژی ئاهەنگگێڕان بۆ ژنان و سروشتە

لە دەقەکانی سەردەمی قاجاردا باڵیۆزی بەریتانیا باسی لەوە کرد کە ژنان دەچوونە ناو باخەکەمانەوە و ئەو ڕۆژە ئاهەنگیان دەگێڕا، هەروەها لە ئەسفەهان و سەردەمی شا عەباس، لە ١٣بەدەردا، لە شەقامی چوارباغدا، تەنها ژنان ئامادە بوون و پیاوان بۆیان  نەبووە بچنە ناو ئەو شەقامەوە.

 

سنە پایتەختی نەورۆزی جیهان

نەورۆز، ئاهەنگی هەزار ساڵەی گەلان، بەتایبەتی گەلی کورد، بەدرێژایی سەدەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام تا ئێستاش لە شارەکانی کوردستان بەگوێرەی دابونەریتی کۆن ئاهەنگ دەگێڕدرێت.

 

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە پێی نەریتی ڕابردوو لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و بە تایبەتی لە شاری سنە لە قۆناغێکدا کە چەندین دابونەریتی کۆن لەبیرکراون، بووە هۆی ئەوەی سنە وەک پایتەختی نەورۆز لە جیهاندا بناسێنرێت و ساڵانە زۆرێک لە سەردانکەران بۆ  شارەکە ڕابکێشێت.

 

ڕێوڕەسمەکانی تری نەورۆز

ئەوەی تا ئێستا خوێندووتەوە، تێڕوانینێکی گشتی بوو بۆ مێژوو و پرەنسیپی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و سەرەتای ساڵی نوێ لە کوردستان، جگە لەم ئاهەنگە گشتییە، شارە جیاوازەکان لە کاتی ئاهەنگگێڕانی ئەم ڕێوڕەسمە دێرینەدا کاری دیکەیان دەکرد، کە تا ئێستاش لە هەندێک ناوچەدا بەردەوامە، جاران گەنجان دەچوونە سەربانەکان و شاڵەکانیان فڕێ دەدایە خوارەوە بۆ ئەوەی خاوەن ماڵ  جەژنانەیان  پێبدات، خاوەن ماڵ شاڵەکەی پڕ دەکرد لە شوکولاتە و شیرینی ماڵەوە یان میوەی وشککراوە و دەیبەستەوە تا ئەو کەسەی شاڵەکەی فڕێداوە جەژنانەکەی بەرز بکاتەوە.

 

لە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆز، منداڵە بچووکەکان قاپێک یان کیسەیەکیان بە دەستەوە  دەگرت و دەچوونە بەر دەرگای ماڵەکان بۆ وەرگرتنی جەژنانە، باشترین جەژنانەی ئەو سەردەمە هێلکە بوو، هەندێک لە ژنان کونجی، شیرینی تایبەتیان دروست دەکرد و دەیاندا بە منداڵەکان.

 

تا چەند ساڵێک لەمەوبەر کە ئەم دابونەریتە لە گەڕەکەکانی سنە بەردەوام بوو، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان ئەم دابونەریتە لە تەمەنی پیریدا لەدەستچووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک گونددا بەردەوامە، پێویستە بوترێت لە هەندێک ناوچەی کوردستان، لە کۆتا چوارشەممەی ساڵدا منداڵان دیاری  جەژنانەکانیان کۆدەکەنەوە.

 

نەورۆز لە سنەی کۆن

ف.ح، دانیشتووی شاری سنە دەڵێت: شەوانی نەورۆز، یەک دوو کەس هەبوون کە دارێکی زۆریان لە ئابیدەرەوە دەهێنا و دەیانفرۆشت، لەو ڕۆژانەدا تەقەمەنی نەبووە و هەندێک لە منداڵان بە کۆمەڵێک ئامێر دەنگیان دروست دەکرد کە مەترسی بۆ کەس دروست نەدەکرد، هەموو خەڵک ئاگریان لە سەربانەکان هەڵدەکرد و هەموو شار پڕ دەبوو لە ڕووناکی و دوکەڵ، ئەو شەوە کەس نەدەچووە ماڵی کەسی تر و بۆ ڕۆژی دواتر، بچووکەکان  دەچوونە ماڵی گەورەکان  و پیرۆزبایی ساڵی نوێیان کرد

خەڵک هیچیان نەبوو، بەڵام لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا هەوڵیاندا جل و بەرگی نوێ لەبەر بکەن، جلێکم هەبوو کە تەنها لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا ڕێگەم پێدەدرا لەبەری بکەم، دواتر دایکم بۆ ساڵی دواتر  هەڵیدەگرت."