بارانبارینی بە خوڕ لە چەند وڵاتی ئەفریقا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان

ڕۆژی شەممە زریانی وێرانکەری فرێدی بۆ دووەم جار لە باشووری ئەفریقای مالاوی و مۆزەمبیق و ماداگاسکاردا وێرانکاری و داڕمانی زەوی درووستکرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی گۆڕانەکانی کەشوهەوا ئەفریقا لە دۆخێکی سەخت و ململانێدایە لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکان، لە دواین کارەساتی سرووشتی ڕۆژی شەممە زریانی وێرانکەری فرێدی لە ناوچە گەرمەکان بۆ دووەم جار لە باشووری ئەفریقای مالاوی و مۆزەمبیق و ماداگاسکاردا وێرانکاری و داڕمانی زەوی درووستکرد و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

 

لە وڵاتی مالاوی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، کە بارانبارینی بەخوڕ و بەردەوام بووە هۆی لافاوێکی قوڕین کارەساتبار، سەرۆک لازارۆس چاکوێرا دۆخی کارەساتی لە ١٠ شارۆچکەی باشووری وڵاتەکەی ڕاگەیاند و بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتگیری و هاوکاری پێشکەش بکەن لەکاتێکدا خێزانەکان ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوە بۆ ناشتنی قوربانیان کە لە ئەنجامی ئەو کارەساتە سرووشتییە گیانیان لەدەستدا.

 

زریانی گەرمی فرێدی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە یەکەم جارەوە کە گەیشتە سەر زەوی لە ماداگاسکار کە زیاتر لە ٢٧٠ کەس لە باشووری ئەفریقا گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە کوشندەترین زریانەکانی کیشوەرەکە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا و یەکێکە لە درێژخایەنترین زریانە گەرمەکان کە تا ئێستا لە ڕووی زانستییەوە باسی لێوەکراوە و بەڵگەی لەسەر کراوە.

 

گەردەلوولەکە بۆ ماوەی ٣٤ ڕۆژ بەردەوام بوو و تەواوی زەریای هیندی باشووری بەزاند و زیاتر لە هەشت هەزار کیلۆمەتری بڕی، هاوتای شەش مانگ بارانبارینی لە ماوەی شەش ڕۆژ بەسەر مالاوی و مۆزەمبیق.