"هێرشی سەر خوێندکاران بە مانای شکستی حکومەتە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە"

ژمارەیەک لە پارێزەرانی شاری کرماشان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە وەک کاردانەوەیەک دژ بە ژەهراوی کردنی زنجیرەیی خوێندکاران، کە تیایدا داوای ڕوونکردنەوەی ئەو هێرش و ژەهراویکردنانەی سەر خوێندکاران دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزەرانی شاری کرماشان لە وەڵامی ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکارانی قوتابخانەکانی کچان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، " ئەو کەس و گروپانەی کە ئەو جۆرە کار و هێرشانە ئەنجام دەدەن و ئەنجامدەرانی سەرەکی و شاراوەی کە گازی ژەهراوی و مەترسیدار وەک غازی n2 یان  هەر جۆرە ماددەیەکی کیمیای دیکە بەکاردەهێنن لە دژی کچانی ئەم خاکە، پێویستە دەستبەجێ بناسێنرێن و دادگایی و دەستگیر بکرێن".

 

دەقی تەواوی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

" ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگ و جەوهەرییان هەبووە لە بەرزکردنەوەی کولتووری کۆمەڵگە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە کاروباری تاکەکەسی یان کۆمەڵ، چ بەشێوەیەکی سەربەخۆ یان پێکەوەیی لەگەڵ پیاوان، ژنان خوڵقێنەری شارستانیەت و ڕۆشنبیری بوون، مەحاڵە ئینکاری شتێکی لەو جۆرە بکرێت.

 

لە سەردەمێکدا کە دوای چەندین سەدە هەوڵی مژدەدەرانی ڕێبازی دادپەروەری و ئازادی، بیرۆکەیەک بە ناوی "مافی مرۆڤ" سەریهەڵداوە و زیاتر لە نیو سەدە بەسەر پەسەندکردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە پەیوەندیدارەکان تێپەڕیووە، بەداخەوە لە وڵاتێکی شکۆدار و خاوەن کولتور و شارستانی وەک ئێران ئەمڕۆ شاهیدی چەندین ڕووداوی تاڵین کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن.

 

کردەوەی نامرۆڤانە و ئەو تاوانکاریانەی مرۆڤەکان لە هێرشی شاراوە و ئاشکرا بۆ سەر کچان  لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و هاوشێوەکانیان ئەنجامدەدرێت، بووەتە هۆی ژەهراوی کردنی ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران، بەڕاستی بە ئازارە و شایەنی بیرکردنەوەیەکی جدییە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بارودۆخی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی هەیە.

 

ئەمه له کاتێکدایه که دەستوور وەک پەیمانێکی هاوبەش له نێوان حکومەت و میللەت، جەخت لەسەر ڕۆڵ و پێگه ی ناوازەی ژنان دەکاتەوە، لە بڕگەکانی ٢٠ و ٢١ و ٣٠ی دەستوور، زامنکردنی مافەکانی ژنان و دابینکردن و دروستکردنی زەمینە بۆ گەشەکردن و نەهێشتنی هەڵاواردنی نادادپەروەرانە بەرامبەر نەوەکانی ئەم خاکە وەک ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەت دەستنیشانکراوە بەرامبەر بە میللەت، هەروەها پێویستە ئاسایش بۆ ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە لە قوتابخانە و ناوەندەکانی زانستی و پەروەردەییدا مسۆگەر بکرێت.

 

بۆیە وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم جۆرە هێرشانە و بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بە پێی بڕگەی دووەمی مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بەڵگەنامەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانین، ڕایدەگەیەنین:

 

١- ئەو کەس و گروپانەی کە ئەم جۆرە کار و هێرشانە ئەنجام دەدەن و ئەنجامدەرانی سەرەکی و دیار کە گازی ژەهراوی و مەترسیداری وەک غازی N2 یان هەر جۆرە مادەیەکی کیمیایی دیکەیان بەکارهێناوە دژی کچانی ئەم خاکە، پێویستە دەستبەجێ بناسێنرێن و دادگای و دەستگیربکرێن.

 

٢- گرنگیدان بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەک مافی ژیان، ئازادی و ئاسایش و مافی خوێندن و بەرەوپێشبردنی پێویستییەکی گرنگی تاکەکانی کۆمەڵگەیە کە لە هەموو لایەنەکانی تری ژیاندا گرنگە پێشبخرێت و پێویستی گەشەسەندنی مافەکانی مرۆڤ لە پلەی یەکەمدا زامنی ئاسایشی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە، بۆیە هەر دواکەوتنێکی لەلایەن حکومەتەوە مایەی شەرمەزارییە.

 

٣- هێرشی ڕێکخراو و بەردەوام دژی خوێندکاران لە قوتابخانەکانی کچان لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوو، بە مانای شکست یان بێتوانایی حکومەتە لە ئەنجامدانی ئەرکی جددی لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە حکومەت و هێزە دەسەڵاتدارەکان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی بنەما بنەڕەتییەکانی دەستوور کە پێویستە گرنگی تەواو بدات بە جێبەجێکردنی ئەرکی سروشتی خۆی لە پاراستن و دڵنیابوون لە سەلامەتی خوێندکاران و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگە.

 

٤- زانیاری دروست و پێویستی دامەزراندنی ڕەوتی ئازادانەی زانیاری یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی گەل، کە نەک تەنها لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بەڵکو لە یاسای دەستڕاگەیشتن و بڵاوکردنەوەی ئازادانەی زانیاریی پەسەندکراو دیاری کراوە، بۆیە پێویستە بڵاوکردنەوەی زانیاری دروستی پەیوەست بەم ڕووداوە ترسناکانە و ئەو کارانەی تا ئێستا ئەنجامدراون بخرێتە بەردەستی گەل.

 

٥- بە لەبەرچاوگرتنی بەرپرسیارێتییە زۆرەکانی حکومەت لە بواری دابینکردنی ئاسایش و قەرەبووکردنەوەی میللەت وەک بەرپرسیارێتییەکی مەدەنی لەسەر بنەمای بنەما یاساییە پێشکەوتنخوازەکان، پێمان وایە حکومەت لەسەر بنەما یاساییەکانی وەک یاسای بەرپرسیارێتی مەدەنی و یاسای ڕێکاری تاوانکاری، پێویستە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە بکاتەوە.

 

٦- لە کۆتاییدا ئێمە وەک کۆمەڵێک پارێزەر کە بەرگری و پاراستنی مافی خەڵک بە ئەرک و ئەرکی سەرەکی خۆمان دەزانین و ئامادەیی خۆمان بۆ قبوڵکردنی نوێنەرایەتی شەرەفمەندانە و خۆبەخشانە و داکۆکیکردن لە مافی قوربانییەکان بە هەر شێوەیەک ڕادەگەیەنین و پێویستە لەبیرمان بێت کە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوانە بە تایبەتی لایەنی ڕۆحی و دەروونی تەواوی نەتەوەی ئێرانن، دەبێت بەرگری لەو خێزانانە بکرێت کە منداڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە و بریندار بوون.