بودجەی نوێی فیدراڵی عێراق بە کۆی گشتی ١٥٢.٢ ملیار دۆلارە
بودجەی نوێی عێراق گەیشتووەتە ١٩٧.٨ تریلیۆن دینار واتە بە نزیکەی ١٥٢.٢ ملیار دۆلار، بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ دووبارە دەکرێتەوە وەک بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری دارایی بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لە ئێستادا خەڵکی عێراق تیایدا دەژین.
ناوەندی هەواڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیعە سودانی ڕایگەیاند، بودجەی نوێی عێراق گەیشتووەتە ١٩٧.٨ تریلیۆن دینار واتە بە نزیکەی ١٥٢.٢ ملیار دۆلار، بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ دووبارە دەکرێتەوە وەک بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری دارایی و حکومەتی عێراق بودجەی گشتی بۆ پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کرد.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی INA، کورتهێنانی دارایی نزیکەی ٦٣ ترلیۆن دینارە کە دەکاتە ٤٨.٥ ملیار دۆلار، عێراق دووهەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپیکدا و وڵاتەکەی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دابینکردنی زیاتر لە ٪٩٠ی خەرجییەکانی وڵاتەکەی.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە بودجەی نوێدا بە ٧٠ دۆلار دیاریکرا، هاوکات تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانە لە دەوروبەری سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل دەبێت، کە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لەو بڕە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرهەمدەهێنرێت.
زیاتر لە ٪١٢ی کۆی بودجەی نوێی فیدراڵی بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، سودانی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی بودجەی فیدراڵی ڕەنگدانەوەی بەرنامەی حکومەتە کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر داوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوونی کردەوە کە ئەم بودجەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ دووبارە دەبێتەوە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، کە دەسەڵاتی بە ئەنجومەنی وەزیران داوە بۆ ماوەی سێ ساڵ بودجە بخاتەڕوو، هەروەها وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان دەتوانن بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و پلاندانان لە کاتی هەبوونی گۆڕانکاری لە پەرلەمان هەموارکردنەوە بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق تەواوبوونی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاند، کە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، سامی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئاستەنگە ئابوورییە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییەکانە.
عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ بودجەی نەبوو، خەرجی ڕاستەقینەی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ لەسەر بنەمای یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بوو،هەرچەندە عێراق هەناردەکاری نەوتە، بەڵام بەرهەمە سەرەکییە وەرگیراوەکانی نەوت هاوردە دەکات، وەک بەنزین، نەوتی غاز، نەوتی سپی.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی دەوڵەتی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پێنج ملیۆن تۆن وەرگیراوەکانی نەوت کە بەهای ٥.٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی هاوردەکراون، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤.٧ ملیۆن تۆن بە بەهای ٣.٣ ملیار دۆلار هاوردەکراون.