یونسکۆ پلانی نۆژەنکردنەوەی ١٨ هەزار شوێنەواری مێژووی لە عێراق هەیە

یونسکۆ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هاوکاری کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی نزیکەی ١٨ هەزار شوێنەواری مێژوویی لە عێراق و تا ئێستا کارەکانیان بەردەوامی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسکۆ، پلانی درێژخایەنی داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنەوارە گرنگە گشتگیرەکان لە عێراق.

 

ئۆدری ئازولای بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ، لە میانی سەردانێکی سێ ڕۆژەی ئەم دواییەیدا بۆ عێراق کە لە ٦ی ئادارەوە دەستیپێکرد، بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییە تاڵانکراوەکانی ئەو وڵاتەی داوە کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، زۆرێک لە مێژوونووسان، بابلی کۆن کە دەکەوێتە عێراقی مۆدێرن، بە شانەی شارستانیەتی مێژووی مرۆڤایەتی دەزانن.

 

لە ساڵی ٢٠١٨، بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دەستپێشخەریی پڕۆژەی "زیندووکردنەوەی ڕۆحی موسڵ"ی دەستپێکرد، لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق جەختی لەوە کردەوە کە یونسکۆ پابەندە بە هاوکاریکردنی عێراق لە وەرگرتنەوەی ئەو ئاسەوار و شوێنەوارە کولتووریە مێژووییانەی کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا تاڵان کراون و بردراونەتە دەرەوە.

 

لە کاتێکدا یونسکۆ دان بەوەدا دەنێت کە بڕێکی بەرچاو لە کارەکانیان تا ئێستا تەواونەکراوە، بەڵام یونسکۆ شانازی دەکات کە هاوکاری کردووە لە گەڕاندنەوەی نزیکەی ١٨ هەزار شوێنەواری مێژوویی بۆ عێراق لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئێستا زۆرێک لەو شوێنەوارانە لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق لە بەغدا هەڵگیراون و ئۆدری ئازولای هەفتەی ڕابردوو لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە سەردانی مۆزەخانەکەی کردووە.

 

سەرۆکی یونسکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو شوێنەوارانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، “تابلێتە بەناوبانگەکەی گلگامێش” هەیە، داستانی گلگامێش یەکێکە لە کۆنترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی جیهان کە تا ئێستا ماوەتەوە، بەڕێوەبەری یونسکۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆشتن بە شەقامەکانی بەغدا خۆشحاڵییەکی گەورەیە، کاتێک شوێنەوارەکان دەبینیت کە شایەتحاڵی مێژووی دەوڵەمەندی عێراقن.

 

ئۆدری ئازولای، لە موسڵ سەردانی شوێنە جیاوازەکانی کرد، یونسکۆ لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکان کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی شوێنە کولتووری و ئایینییەکان دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییەکی بەهێزیان بە مێژوو و خەڵکی موسڵەوە هەیە، لە ئێستادا کارەکانیان بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی نووری و منارەی مەیلی ئەلحەدبەع، لەگەڵ چەندین کڵێسا لە ناوچەکەدا و هەروەها  ١٢٤ خانووی میراتی دێرین لە موسڵ.

 

ئاوەدانکردنەوەی شوێنەوارە گرنگەکانی موسڵ نەک تەنها لەبەر هۆکاری کولتووری و میراتی ئاینی گرنگە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەلی کاری پێویست بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست دەکەن، لەنێویاندا کرێکاران و ئەندازیاران و تەلارسازەکان وەک تیمێکی هاوبەش کاردەکەن ، کە ژنان ڕۆڵێکی گرنگی کارکردن دەبینن.