کەیت فایرمان: پشتگیری بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین

پەرلەمانتار کەیت فایرمان لەناو پەرلەمانی ئوسترالیا، وتەکەی ڕێبەری گەلی کوردی بیرهێنایەوە کە دەڵێت ‘سڵاو لەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن”، دووپاتی کردەوە، بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە پشتگیری لە بانگەوازەکەی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

کەیت فایرمان پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئوسترالیا، بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی کردە ڕۆژەڤی پەرلەمانی ویلایەتی وێلزی باشووری نوێ (NSW) و پشتگیری خۆی ڕاگەیاند.

 

فایرمان تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ٢٦ ساڵەی سەر ڕێبەر ئاپۆ و وتی: پاش ٥ ساڵ چاوی بە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کەوتووە و دووپاتی کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردن لە بەدیهاتنی ئاشتیی هەرێمەکە ئامادەیە.

 

هەروەها تیشکی خستەسەر بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کوردو وتی: من لێرە هەموو پەیامەکە ناخوێنمەوە، بەڵام لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، ‘سڵاو لەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن، لەسەر بناغەی ئەم بانگەوازە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند بە مەرجی ئازادیی بەڕێز ئۆجالان ئامادەن دەست لە چەک هەڵگرن و هەنگاوی سیاسی بنێن، ئەم بانگەوازە لەلایەن ئەمریکا بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەتەلۆنیا، ئیتاڵیا، سوید، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا و هەروەها لە ئاستی نێونەتەوەییدا پشتگیرییەکی مەزنی لێ کرا.

 

جەختی لەوەش کردەوە، ئەم بانگەوازەی بەڕێز ئۆجالان هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو ئاشتی بۆ کورد و تورک لە تورکیا و بۆ کۆمەڵگەی کورد لە ویلایەتی وێڵزی باشووری نوێ گرنگییەکی زۆری هەیە.

 

لە کۆتاییشدا وتی: ئێمە داوای ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان لە دەوڵەتی تورک دەکەین، بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتگیری لە ئازادیی گەلی کورد و ئەم بانگەوازە دەکەین.