دایکانی لەچک سپی بە دروشمی " داگیرکاری سوتانی دڵی دایکانە" دژی داگیرکاریەکان وەستانەوە
دژی هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوور کوردستان، دایکانی لەچک سپی و دایکنی ئەنفال کراوان، بە دروشمەکانی " داگیرکاری سوتانی دڵی دایکانە"، "خاک و دایک و نیشتمان سێ قوربانی لێک جودانین"، گردبونەوەیان ئەنجامدا
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، دایکانی لەچک سپی و دایکانی ئەنفال، دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بە ئامادەبوونی دایکانی شەهیدان و ئەنفال کراوان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامە نوسیدا، بە دروشمەکانی " داگیرکاری سوتانی دڵی دایکانە"، "خاک و دایک و نیشتمان سێ قوربانی لێک جودانین" ، پەیامیان بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق نارد، تێیدا ئیدانەی هێرش و داگیرکاریەکان بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق شەرمەزار کرد.
دایکانی شەهیدان، ئەنفال کراوان و دایکانی لەچک سپی، بەیاننامەیان دژی داگیرکارییەکان خوێندەوە:
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرا:
دایکانی شەهیدانی هەرێمی کوردستان، دایکانی ئەنفال کراوان و دایکانی لەچک سپی داوا لە وەزارەتی ناوخۆی ئێراق دەکەن، ئەوداگیرکاریانە قبوڵ نەکەن و لەبەرامبەر ئەو داگیرکاریانە بێ دەنگی بشکێنن، ئەگەر بەڕاستی پاراستنی خەڵکی عێراقیان خستۆتەسەر شان و ئەستۆی خۆیان دەبێت ئەو داگیرکاریە بوەستێن.
هێزی سەربازی بۆ پاراستنی سەروەری خاک و نیشتیمانە، ئەگەر خاک و خەڵک نەپارێرن هێزی سەربازی کاری چیە؟ هەروەها دەڵێن خاک، نیشتیمان، سەروەری عێراق و هەرێمیان پێشێل کردوە و داگیریان کردووە ئایا ئەرکی هێزی سەربازی نیە کە ئەم خاکە بپارێزن؟ چیتر دڵ و جگەری ئێمەی دایک و هەزاران دایکی تر نەسوتێت؟
ئێمەی دایک لە جەنگ وداگیرکاریەکاندا هەمیشە قوربانیمان داوە بەڕۆڵەکانمان و نەهامەتی و کارەساتی کیمیاباران و ئەنفال و شەڕی داعش و شەڕی ناوخۆمان بینیوە، ئەو کارەساتانە دڵمان دەسوتێنێت و لە بیرمان نەکردووە، نامانەوێت جارێکی دیکە دڵی دایکان بسوتێت و نەهامەتی بەسەر خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت، چونکە جەنگ و داگیرکاری ماڵ وێرانییە.
پێمان وایە خەڵکی عێراق و هەرێم بەرگەی ئازار و ماڵ وێرانیەکی لەوجۆرە ناگرن، هەروەها دەستپێشخەری بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ داگیرکاران شەرمەزاردەکەین وجەخت لەوە دەکەینەوەکە ئەوە خیانەتە بکەویتە پێش داگیرکاران و خاکیان ڕادەست بکەیت، ئەوە خیانەتە لە نیشتیمان و شەهیدان.
دەوڵەتی تورکیا هەرشوێنێک داگیر بکەن دەیکەن بە ماڵی خۆیان و نکۆڵی لەهەبوونی هەموو گەلانی تردەکەن، جیاوازی لە نێوان هیچ گەلێک ناکەن، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر خاکی عێراق بە گشتی، بۆیە پێویستە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەئەرکی مێژوویی خۆی هەستێت و سنورێک بۆ ئەو داگیرکاریانە دابنێت و سەروەریەک بۆ وەزارەت و هێزی سەربازی عێراق تۆمار بکەن و ڕێگری لەو داگیرکاریانە بکەن.
"خۆشویستن و یەکگرتن و دڵسۆزیمان سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکات"
ناسک محێدین، هاوڵاتی، باس لەوەدەکات، دەوڵەتی داگیرکەرهەموو کات هێرشەکانیان بۆسەر خاکی عێراق ئەنجام دەدەن، دەڵێت: ئێمە لەسەر خاک، ئاو و بانی خۆمانین هاتون دەرمان دەکەن، ئێمە دژی هێرشەکان گردبوونەوە ئەنجام دەدەین ناهێڵین خاک و ئاومان داگیر بکرێت و ڕۆڵەکانمان چیدیکە ببنە قوربانی دەستی داگیرکەران.
لە کۆتاییدا وتی: ئێمەی کورد دەبێت پشتی یەکدی بگرین دژی داگیرکاریەکان، بە خۆشەویستی و دڵسۆزی و یەکگرتنمان سەرکەوتن مسۆگەر بکەین.
لە کۆتایدا بە دروشمەکانی "بژی سەروەری خاک و نیشتمان، بمرێت هەموو داگیرکاری و خیانەتێک" کۆتاییان بە گردبوونەوەکە هێنا.