کوێستان ئەکرەم: لە هەرجێگەیەک ژنان باڵادەست بن ئەوە گۆڕانی بەرچاو لەو کۆمەڵگەیە ڕوودەدات
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە کایە سیاسی و کارگێڕییەکان دەڵێت: لە هەرجێگەیەک ژنان باڵادەست بن ئەوە گۆڕانی بەرچاو لەو کۆمەڵگەیە ڕوودەدات، ژنان ئەگەر لەناو سیاسەت و حیزبیشدا نەبن، دەتوانن هەردەم پێشەنگ بن.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-وەک بەردەوام باس دەکرێت ژنان وەک پێویست ناتوانن بەشداری سیاسیان هەبێت، کە ئەمە زۆرجار وەک بیانوویەک دەهێندرێتەوەو دەخرێتە سەرشانی ژنان کە خۆیان ناتوانن بەشداربن، بەمەش عەقڵیەتی پیاوسالاری و حزبەکان دەیانەوێت ئەوە بشارنەوە کە ژنان پەراوێز دەخەن، یاخود ئەگەر ژنان لە پۆستی کارگێڕی وەربگرن دەبێت لە حیزب کار بکات ئەوکات دەبنە بەڕێوەبەر.
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەلەبجە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد، کە بەبێ پاڵپشتی تەنها ئەزموون وایکردووە لەسەرجەم کایەکانی ژیانیدا پایەی هەبیت وتیشی: بۆ ئەوەی ژن سەرکەوتوو بێت لە ژیانیداو بگاتە ئاستی دەسەڵات دەبێت سەرجەم قۆناغەکان ببڕێت جا ئەو دەسەڵاتە سیاسی بێت یان ڕێکخراوەیی بێت یاخود کارگێڕی بێت، ئەکەر ئیمە بێینە سەر سیاسەت بمانەوێت و نەمانەوێت کاتی هلبژاردن سەرجەم قەوارە سیاسیەکان هەوڵ دەدەن زۆرترین ڕێژەی دەنگ بەدەستبێت، زۆرترین پلە و پۆستی ئیداری لە کایە حکومیەکان بەر ئەو لایەنە دەکەوێت کە زۆرترین دەنگی هەیە جا ئەو لایەنەش دەبێت بزانین چەندە باوەڕی بە توانای ژن هەیە.
"لە هەڵەبجە بەردەوام ژنان پێشەنگ بوون"
کوێستان ئەکرەم ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرجێگەیەک ژنان باڵادەست بن، ئەوە گۆڕانی بەرچاو لەو کۆمەڵگەیە ڕوودەدات وتی: دەمەوێت بەئاشکرا باسی هەڵەبجە بکەم، کاتێک هەڵەبجە بوو بە پارطزگای زۆرترین دەنگ لەم شارە لەلایەن یەکیتی نیشتمانی بەدەستهات، ئەوە وایکرد کە دەسەڵات زۆربەی بە ژنان دراو لە ٨٥-٩٠٪ی ژنان سەرکەوتوو بووون، ژنان لە پیاوان زیاتر سەرکەوتوو ترن ئەمە قسەی من نییە بەڵکو بە پێی توێژینەوەیەک، کە راپرسیەک کراوە لە سەرتاسەری هەرێم پرسیویانە ئایا ژنان لە کارگێڕی سەرکەوتوو ترن یان پیاوان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژنان لە ڕووی کارگێڕییەوە سەرکەوتوو ترن، ژنیش هەیە لە بواری ڕێکخراویی و کایەکانی تر هەن. کەوتۆتە سەر تواناو لیهاتوویی کەسەکان خۆیان.
"دەبێت ژنان باوەڕیان بە تواناکانیان هەبێت"
کوێستان ئەکرەم کە تا ئێستاش لە ئەزمووندایە لەگەل یەکە کارگێڕییەکان، باسی لەوەکرد کە ژنان بیانەوێت ببن بە سەرکردە دەبێت کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەبێت، ئەویش تواناو هەوڵی پەرەسەندن و تواناکان و گەشەسەندنی خۆی هەبێت، دەبێت کەسێک بێت سەربەرز بێت، دەبێت تایبەتمەندی سەرکردەیان تیابێت تاوەکو لەبەرچاو ئەوکەسانەی هەڵیدەبژێرن بەتوانا بن و سادە بن هەرچەندە سادەبوون زۆر جار مرۆف باجی سادەیی دەدات، وتیشی: لە کاتیکدا دەسەڵاتی کارگێڕییم هەبوو باجی سادەیم داوەو شانازیم کردووە کە چۆن مامەڵە بکەم لەگەڵ دەورووبەر، زۆر جار سادەیی کەمی نییە، بەڵام گەورەیی ئەو کەسانەیە کە سادەو ساکارن، بۆ ژنێک بیەوێت بچێتە ئاستی پلەو پۆست دەبێت سیقەی هەبێت و باوەڕی بە تواناکانی هەبێت و لێهاتوو شارەزا بێت و لە هەر بوارێک دەبێت پێشەنگ بێت.
"ژنان دەتوانن هەردەم پێشەنگ بن ئەگەر لەناو سیاسەت و حیزبیشدا نەبن"
لە کۆتایی قسەکانیدا کوێستان ئەکرەم وتی: زۆرجار کەسانی لێهاتوو بەتوانا ئەگەر پاڵپشتی حزبی نەبێت ناتوانن بێنە پێشەوە ئەگەر لایەنی حزبی نەبی بۆت نییە بچیتە دەسەڵاتەوە، ئەو حزبانەی دەیانەوێت بچنە دەسەڵات ئەوەیە کادیری خۆیان بینە پێشەوە، ئەو کەسانەش کە توانایان هەیە دەتوانن بێلایەن بن و سەربەخۆ بن، بۆنموونە چەندین ژن هەن کە پێشتر لە حزب بون ئێستا بەسەر بەخۆیی لە بواری ڕێکخراوەیی کار دەکەن و لەسەرجەم بوارەکان داکۆکی لە ژنان و ژینگە دەکەن و دەتوانن لەو بوارەدا خۆیان ببیننەوەو بتوانن سەرکردایەتی بکەن، مەرج نییە لە حزبدا بیت ئنجا سەرکەوتوو بیت، بەڵکو دەبێت توانا کەسیەکان ئەوەندە زۆر بێت کە هەڵیبژێریت و دەتوانین بەتوانا خۆمان هەلبگرین، نموونەشمان هەیە کە سەر بە هبچ لایەنێک نییەو سەرکەوتووە.