کەوسەر محەمەد: بەرخۆدان ژیانە بووە بە نەریت
بەرخۆدان لە هزری سیاسی کوردیدا تەنها وەستانی چەکداری نییە، بەڵکو بۆتە فەلسەفەیەک بۆ پاراستنی ناسنامە، ئازادی و ژیان، چالاکوان کەوسەر محەمەد دەڵێت: بەرخۆدان ژیانە بووە بە نەریت.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_لە مێژووی تەڤگەرە سیاسییەکانی کورد، بەرخۆدان زۆرجار بە واتای شەڕ و وەستانی سەربازی هاتبوو. بەڵام لە ٨٠ـەکانەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی بیرۆکە سیاسییەکانی ناو پەکەکە، ئەم واتایە گۆڕا بۆ چەمکێکی فراوانتر، لەم تێڕوانینەدا بەرخۆدان، تەنها هێزی چەکداری نییە بەڵکو بەرخۆدانی کولتووری، بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانی سیاسی و داواکردنی مافەکان دەگرێتەوە، ئەو بیرۆکەیە لە دروشمی “بەرخۆدان ژیانە”دا کورت کراوەتەوە، کە بەو واتایەیە ژیان بێ بەرخۆدان ناتوانێت بەردەوام بێت، بە پێی ئەم تێروانینە بەرخۆدان تەنها کردارێکی کاتی نییە بەڵکو شێوازی بوونی مرۆڤە لە بەرانبەر هەر هیزێکی زۆردار .
دەربڕینی "بەرخۆدان ژیانە" تەنها دروشم نییە، نوێنەرایەتی گۆڕینی وەستانەوە لە بەرامبەر سەختییەکان و بەدواداچوون بۆ ئازادی دەکات بۆ فەلسەفەی ژیان.
بە ئاوردانەوەیەک بۆ مێژوو، مەزڵوم دۆغان، یەکەم پریشکی گەورەی بەرخۆدانی لە زینداندا هەڵگیرساند ، چەمکی "بەرخۆدان"ی بەم قوڵاییە فەلسەفییە بەکارهێنا و کردیە سیمبول لە بەرامبەر ئەشکەنجە و چەوساندنەوەی توندی زیندانی ئامەد، پەیامی "رادەستبوون دەبێتە هۆی خیانەت، بەرخۆدان بەرەو سەرکەوتن" لە ٢١ی ئاداری ١٩٨٢ گیانفیدایی کردو، دروشمی بەرخۆدان ژیانە. دواتر بووە دروشمی سەرزاری ئازادی خوازان و تا ئێستا بەردەوامەو ژنان لە خۆپیشاندانەکان و گردبوونەوەکان هەمیشە ئەم دروشمە بەرز دەکەنەوەو هاواری کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و دیموکراتیک دەکەن.
"بەرخۆدان ژیانە بووە بە نەریتێک"
کەوسەر محەمەد، چالاکوان لە بارەی دروشمی بەرخۆدان ژیانەوە وتی: بەرخۆدان ژیانە ئێستا ئەم دروشمە هەر چوار بەشی کوردستان دەیڵێتەوە، بووە بە نەریتێک و دروشمێک کە هەر چوار بەشی کوردستان کاری بۆ دەکات، بینیمان کە لە ماوەی دوو هەفتە پێش ئێستا چۆن یەکگرتووانەو یەک دروشمانە، لە ژێر یەک ئاڵادا لە هەر چوار بەش هاتنە سەر شەقامەکان، لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە چۆن هەموو کورد دڵسۆزی خاک و کوردایەتییە، هەمووی هەوڵ دەدات کە کوردان بە یەک پارچەی و یەک دەنگی بمێنێتەوە، بێگومان قسەکانی من هەر بۆ ئێستا نیە،بەڵکو هەر لە ڕا بردووەوە بەو شێوەیە هاتووە بەڵام کۆمەڵێک هۆکار هەبووە کە نەمان توانیوە بەم شێوازەی ئێستا بین. کە تەنانەت کوردانی تاراوگەش چۆن یەکدەنگانە هاتنە سەر شەقامەکان یەکگرتووانە دروشمی بەرخۆدان ژیانەمان وتەوە، ئەم بارودۆخەی کە ڕوویدا بووە هۆی ئەوەی کە شتێکمان بۆ دەربکەوێت کە وامان دەزانی گەنجەکانمان دوورن لە خۆشویستنی نیشتیمان و ئینتیما بۆی، ئەوەی لەسەر شەقامەکان بوو گەنجەکانمان بوون، من هەموو کات وتومە ئەوەی خۆت دەتوانی بۆ خۆتی بکەی کەس بۆت ناکات، بە هیچ شێوەیەک وڵاتانی زلهیز نەیانتوانی ئەوەی ئێمە بۆ خۆمان کرد ئەوان بۆمان بکەن بۆیە گرنگە هەموو حزب و ڕێکخراوەکان کار بکەن بۆ ئەوەی ستراتیژی کار کردن بۆ خزمەتکردنی کوردو کوردستانە گەنجەکانمان و ژنان بگۆڕدرێت، گەنجەکان و ژنان کایەیکی زۆر گرنگن و دەتوانین دوارۆژیان لەسەر بونیاد بنێین و دەبێت کاری جدی بکەن بۆیە دەبێت بزانن کە ئەمرۆ گەنج کار دەکات و لە خەمی دواڕۆژدایە.
" لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین"
کەوسەر محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەمیشە "ژن ژیان ئازادی"، یەکێکی دیکە بووە لە دروشمەکانی ئێمە کە بەردەوام دەیڵێینەوە، ژن تاکێکی گرنگی کۆمەڵگەیە و پەیامی من ئەوەیە لە ئەمرۆ بە دواوە من و ئەو نییە بەڵکو وردو کوردستان هەیە هەر یەکەو لای خۆیەوە لە ئاستی خۆیەوە لە هەموو ناوچە جیاوازەکاندا خزمەت بە ژنان و گەنجان و کوردستان بکات، لە پێناو کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین.