"'کوشتنی ڕۆژین کابایش ڕوون بکەنەوە کۆتایی بە هەڕەشەکانی سەر بنەماڵەکەی بهێنن"
کۆمیسیۆنەکانی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کابایش ڕایاگەیاند، پێویستە ئەو هەڕەشانەی لە بنەماڵەی ڕۆژین کابایش دەکرێن کۆتایییان پێ بهێنرێت و داوای تێکۆشانی دادپەروەرییان لە هەموو ژنان کرد.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیسیۆنەکانی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کابایش، سەبارەت بەو هەڕەشانەی لە بنەماڵەی ڕۆژین دەکرێن و ئەو کەموکورتیانەی لە دۆسیەکەدا هەن، لە تەلاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "ئیهەدە" لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیان دا.
ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان بەشدارییان لە لێدوانەکەدا کرد و پانکارتێک بە نووسینی "با هەڕەشەکان لەسەر بنەماڵەی ڕۆژین کۆتایییان پێ بێت، بەڵگە کەمەکانی ناو دۆسیەکە ئاشکرا بکەن" بەرز کرایەوە.
عایشە جەبەجیۆغڵو، لەسەر ناوی کۆمیسیۆنەکە قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە ساڵێک بەسەر گیانلەدەستدانی ڕۆژین کابایشدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ڕووداوەکە ڕوون نەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکە بە کەموکورتییەوە بەڕێوە دەچێت و وتی: هەڕەشەکان دژی بنەماڵەی ڕۆژین گەیشتوونەتە لووتکە. ئەمە دەستێوەردانێکی ئاشکرایە لە دژی مافی گەڕان بەدوای دادپەروەریدا. داواکاریی بنەماڵەکە بۆ پاراستنیان بێ وەڵام ماوەتەوە و ئاسایشی بنەماڵەکە نەپارێزراوە. مەحاڵە لێکۆڵینەوەیەک بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێت کاتێک ئەندامانی بنەماڵەکەش پارێزراو نەبن.
عایشە جەبەجیۆغڵو لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە داتا و بەڵگە گرنگەکان کۆنەکراونەتەوە و بە باشی لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە و وتی: "تا ئێستاش ئاشکرا نەکراوە کە ئەو دوو DNAـیەی دۆزراونەتەوە هی کێن. مۆبایلەکەی ڕۆژین بۆ ماوەیەکی زۆر پشکنینی بۆ نەکراوە و تا ئێستاش ناتوانن بە تەواوی دەستیان بە ناوەڕۆکەکەی بگات. لە لایەکی دیکەوە، تۆماری زۆرێک لە کامێراکانی چاودێری لە ناوچەی ڕووداوەکە کۆنەکراونەتەوە یان ون بوون؛ هەروەها پرسیارە سەرەکییەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی ڕووداوەکە (کاتی مردن، هۆکار و هەلومەرج) بە ڕوونی وەڵام نەدراونەتەوە.
لە کۆتاییدا عایشە جەبەجیۆغڵو بانگی لە هەموو ژنان کرد کە لە دەوری ئەم داواکارییانە کۆببنەوە و داوای تێکۆشانی هاوبەشی کرد.
ئەلیف نور گولەر، لەسەر ناوی یەکەی یاسایی کۆمیسیۆنەکانی دادپەروەری بۆ ڕۆژین کابایش، تیشکی خستە سەر کەموکوڕییەکانی ناو دۆسیەکە و وتی: پێویستە نهێنیبوونی سەر دۆسیەکە هەڵبگیرێت. سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر بنەماڵەی کابایش سکاڵای یاسایی تۆمار کراوە، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە. دۆسیەی ڕۆژین کابایش تەنیا دۆسیەیەکی دادوەری نییە؛ ڕوونکردنەوەی ئەم دۆسیەیە بە واتای ڕوونکردنەوەی دۆسیەی گوڵستان دۆکو و ئەو ژنانەی دیکەش دێت کە کوژراون. ئێمە تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەین.
ئەنقەرە
کۆمیسیۆنەکە لە ئەنقەرەش هەمان لێدوانی دا. لەو لێدوانەدا کە لە تەلاری ئیهەدە درا، وترا کە گیان لەدەستدانی گوماناوی ڕۆژین کابایش زیاتر لە ١٨ مانگە ڕوون نەکراوەتەوەو لە کاتی گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک هەڕەشە لە بنەماڵەی ڕۆژین کراوە.