کوشتنی زەهرا چیمان پێدەڵێت؟

زەهرا، ئەو ژنەی ١٦ی ئەم مانگە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا، بووەتە باسی ڕاگەیاندنەکان و بە چەندین جۆر باس دەکرێت، دایکی زەهرا دەڵێت ماڵی خەزووری زەهرا وتوویانە گەرەنتی نە کوشتنی زەهرا ناکەین، بەپێی یاساش کوشتنی بە ئەنقەست سزاکەی لەسێدارەدانە.

ناوەندی هەواڵ

 

سێ ڕۆژ پێش ئێستا، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ بەناوی "زەهرا جاسم" لە گەڕەکی باداوە لە شاری هەولێر، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی "حەیدەر محەمەد" بە ١٣ فیشەک کوژرا.

 

پێشینەی ڕووداوەکە

زەهرا تەمەنی ٢١ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لەدایکبووە، بەڵام لە تەمەن ١٢ ساڵیدا باوکی دەیدات بە پیاوێک بەناوی حەیدەر کە تەمەنی ١٧ ساڵبووە و خەڵکی گوندی خەیلانی سەر بە ناوچەی برادۆستە، زەهرا ماوەی هەشت ساڵە هاوسەرگیری کردووە، خاوەنی سێ کوڕە بە ناوەکانی 'هەریاد، لەیاد، ئەیاد' کە تەمەنیان، شەش ساڵ، سێ ساڵ، دوو ساڵە.

 

لە ماوەی هەشت ساڵی هاوسەرگیری زەهرادا، بەردەوام کێشەییان هەبووە، بەپێی وتەی خێزانەکەی زەهرا، بەردەوام هاوژینەکەی و دوو لە شوبراکانی لێیان داوە، چەندین جار بە برینداری بردوویانە بۆ نەخۆشخانە، جارێکیش دوو لە شوبراکانی نەوتیان پیاکردووە تا بیستوتێنن.

 

باوکی زەهرا لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها ئاماژە بەوە دەکات: زەهرا کۆتاجار لە مانگی ١١ دەچێتەوە ماڵی باوکی، ماوەی پێنج مانگ لە ماڵی باوکی دەمێنێتەوە، دواتر چەند ڕۆژێک پێش جەژنی نەورۆز بۆ ماوەی کەمتر لە هەفتەیەک دەچێتەوە بۆ لای هاوژینەکەی، بەڵام دووبارە دەچێتەوە بۆ ماڵی باوکی، باوکی زەهرا لە قسەکانیدا باسی لەوەکرد پاش جەژنی نەورۆز ماڵی خەزوری زەهرا هێرش دەکەنە سەر باوکی زەهرا و دەیڕفێنن هەوڵ دەدەن بیکوژن، بەڵام کەسێک ڕێگری دەکات، دواتر باوکی تووشی سەکتەی دڵ دەبێت.

 

پاش ئەو ڕووداوە، دایک و باوکی زەهرا کچەکەیان سێ ڕۆژ لەسەر یەکتر دەبەنە خانەی داڵدەدان، هەرچەندە بە خانەکە دەڵێن کە مەترسی لەسەر ژیانی کچەکەیان هەیە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی دەوام وەریناگرن، دواتر لە ڕێگای ئاسایشەوە دەیبەنە خانەی داڵدەدان، ماوەی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە خانەکە دەمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا حەیدەری هاوژینی زەهرا بڕیار دەدات لە زەهرا جیا ببێتەوە.

 

باوکی زەهرا دەڵێت بە سوڵحی عەشایەری و بە ئامادەبوونی هەمان ئەو مەلا ئاینییەی زەهرای مارەکردووە، لەگەڵ شەش گەواهیدەردا لە زەهرا جیادەبێتەوە، بەڵام دایکی زەهرا لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە میدیاکان دەڵێت "ماڵی خەزووری وتوویانە گەرەنتی نە کوشتنی زەهرا ناکەین"، مەلا ئاینییەکە وتوویەتی " من کەفیلی نەکوشتنی کچەکەتان دەکەم "، لە ڕۆژی ١١ ئەم مانگە لە زەهرا لە خانەی داڵدەدان بە ڕەزامەندی خۆی دێتەدەرەوە.

 

ڕۆژی ١٦ مانگ و کوشتنی زەهرا

کاتژمێر چوار و نیوی ڕۆژی هەینی، ١٦ مانگ زەهرا بەڕۆژوو دەبێت، بەڵام چوار پیاو بە ئۆتۆمبێلێکی تەکسی جۆری بیکاشۆ، دێنە کۆڵانی ماڵی زەهرا، کە شۆفێرێک و حەیدەر و دوو برای بە ناوەکانی 'نەجات و بیلال' هەڵدەکوتنە سەر ماڵی زەهرا، حەیدەر لە دایک و براکەی زەهرا دەدات، دواتر بە چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف زەهرا بە زمانی بەڕۆژووەوە دەستڕێژی گولە دەکەن، ١٣ فیشەکی بەر سینگ و سکی دەکەوێت، دوای ڕووداوەکە حەیدەر و دوو براکەی هەڵدێن، زەهراش لە ڕێگادا بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

 

لە ڕاگەیاندنەکاندا چۆن باسکرا؟

باوکی زەهرا لە لێدوانەکانیدا بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان دەڵێت، "ئەوان بنەماڵەیەکی عەشایەرن و دەڵێن نابێت لای ئێمە ژن بتۆرێت یاخود جیاببێتەوە"، دایکیشی هەمان شت دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت "حەیدەر دەیوت براکانی پێی دەڵێن دەبێت هاوسەرەکەت بکوژیت چونکە دەتۆرێت، یان ئێمە تۆ دەکوژین یانیش دەبێت تۆ هاوسەرەەکەت بکوژیت".

 

پاش ئەو ڕووداوە، حەیدەر و براکانی هەڵهاتوون، بە فەرمانی پۆلیس بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراون، باوکی زەهراش، لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان نایشارێتەوە کە ماڵی بکوژەکەی زەهرا سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، لە ڕاپۆرتی یەکێک لە دەزگا میدیایەکاندا سەرباری ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر زەهرا ئەنجامیان داوە، خەزوری زەهرا، دایکی زەهرا تاوانبار دەکات، دەڵێت بەهۆی دایکیەوە زەهرا وای بەسەردا هاتووە.

هەر هەمان دەزگای میدیایی سەر بە دەسەڵات لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە حەیدەری بکوژەوە دەکات، بکوژەکەش ئاماژە بەوە دەکات " باوکی زەهرا و خاڵەکانی وتوویانە کە زەهرا بکوژێت "، بەڵام پۆلیسی هەولێر تا ئێستا تاوانبارەکەیان دەستگیر نەکردووە، باوکی زەهراش لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت "کەس جەرگی خۆی دەکوژێت، ئەگەر تاوانباربم خۆم دەشارمەوە".

 

بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ، پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هەر کەسێک بە منداڵ ئەژمار دەکرێت، بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ لەساڵی ١٩٥٨ی عێراقی، کە لە هەرێمی کوردستانیش پەیڕەو دەکرێت، هاوسەرگیری لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ئەنجام دەدرێت، لە دۆخێکدا بە ئامادەبوونی "وەلی ئەمر" لە تەمەنی ١٦ ساڵیشدا ئەنجام دەدرێت، خودی بەشوودانی زەهرا لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا پێچەوانەی یاسایە، لەلایەن مەلای ئاینی ئەنجام دراوە.

 

لە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارەی ١١١ ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە، کوشتنی بە ئانقەست سزاکەی لەسێدارەدانە.

 

بە وردبوونەوە لەم تاوانە و لێدوانەکانی دایکوباوکی زەهرا، هەروەها ماڵی خەزوری زەهرا کاتێک دەڵین نابێت ژن جیابێتەوە لە هاوژینەکەی و بڕواتەوە بۆ ماڵی باوکی و بتۆرێت، وە دەبێتە عەیبە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆمەڵگای کوردی هێشتا لە ڕووی ئەقڵیەتەوە پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، تا ئێستاش لەو ئەقڵیەتە کۆنەپەرستانەیە، کە بە عەیبەی دەزانێت کە دوو کەس نەگونجان لەیەکتر جیاببنەوە، ڕزگاری نەبووە.

 

ت.پ