کوشتنی ژنان و منداڵان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵکشاندایە
چەند شارێکی تورکیا شاهیدی زیادبوونی بەردەوامی کوشتنی ژنان و منداڵانن، دوایین ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی دوو ژن و دوو منداڵ دەکەن لە ڕووداوە جیاوازەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوودا.
ناوەندی هەواڵ
کوشتنی ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بووەتە پرسێکی کۆمەڵایەتی دیار و پەیوەندی بە بۆچوونی گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە، پاڵنەرەکانی ئەم تاوانانە جیاوازن، لە ناکۆکی هاوسەرگیرییەوە تا دەگاتە ئەوەی پێی دەوترێت بیانووی شەرەف، هەموو ئەمانە لە نەبوونی یاسای ڕێگریکردندا ڕوودەدەن.
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا باکووری کوردستان و تورکیا شایەتی تاوانە دڵتەزێنەکانی ناو خێزانەکان بووە، دوو ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژران و دوو منداڵیش بە دەستی دایک و باوکیان گیانیان لەدەستدا، لە شاری ئەدەنە، ئیبراهیم کراچی تەقەی لە دێرین کچەکەی و دۆروک کراچی کوڕەکەی کرد، پێش ئەوەی بە هەمان چەک کۆتای بەژیانی خۆی بهێنێت، بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
لە ئامەد، لە کاتی پشکنینی ڕۆتینی لەلایەن خاوەن موڵکەکەوە تەرمی ژنێکی گەنج لەناو کیسەیەکی زبڵدا لە شوقەیەکی چۆڵکراو لەناو کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا دۆزرایەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، پۆلیس و تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، ناسنامەی زیانبەرکەوتووەکە ناوی سومەیە دورغونو تەمەنی ١٨ ساڵە، هاوژینەکەی ڕۆژی پێشتر هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ڕاگەیاندبوو، تەرمەکە گەیەندراوەتە پەیمانگای پزیشکی دادوەری بۆ پشکنینی تەرمەکە، پاسەوانی بیناکەش بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تاوانەکەدا دەستگیرکراوە.
لە کەهرامانی مەرەش، پیاوێک پێش ئەوەی کۆتای بەژیانی خۆی بهێنێت، هاوژینەکەی بە ناوی فاتمە جيتينكايا کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوو لێی ئەشکەنجە دەدات و دەیکوژێت.