کەسوکاری ئەنفالکراوان بۆ لە سێدارەدانی عەجاج شیرنی دەبەخشنەوە
کەسوکاری ئەنفالکراوان لە کۆیە، بۆ خۆشی دەربڕینی بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج، جەلادەکەی نوگرەسەلمان، کۆبوونەوەو شرینیان بەخشییەوە.
شلێر کۆیی
کۆیە-رۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بە بڕیاری دادگای ڕەسافە لە بەغداد، بە بڕیارێکی تەواو یاسایی و دادپەروەرانە، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بەرزان تکریتی "عەجاج خەلادەکەی نوگرە سەلمان" دەرچوو، ئەوەش بۆیە جێی دڵخۆشی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، وەک خۆیان دەڵێن "مرازی دڵمان حاسڵ بوو بەچاوی خۆمان دیتمان خوا تۆڵەی کەسوکاری کردینەوە" لە راپۆرتی دادگاکەدا چەندین تاوانی نامرۆیی عەجاج ئاشکرا کران، لەوانە فڕێدانی تەرمی زیندانییەکان بۆ دەرەوە تاوەکو لەلایەن سەگەوە بخورێن، هەروەها دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و منداڵانی کچ، کە یەکێکیان منداڵێکی کچی ١٥ ساڵان بووە و بە بیانووی پاککردنەوەی ژوورەکەی بردوویەتییە لای خۆی و دەستدرێژی کردووەتە سەر.
زێبا عەزیز ، بۆ خۆشی و شادی دەربڕین هاتووەتە باغی خوشکەفریشتە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: خەڵکی گوندی ناسرئاغام کۆمەڵێک کەسوکارم ئەنفال و شەهیدن، باوکم و خوشکم کە دووگیان بووە و دوومنداڵی کەی هەبوو ١٠ کەس بوون ، جگە لەوانە زۆر لەخزم و کەسانم شەهید بوون و ئەنفالکران.
زێبا وتیشی: ئێستا زۆر دڵخۆشم کە عەجاجی جەلاد لە سێدارە دەدرێت زۆر دڵخۆشم کە تاوانبارێکی ئەوها ئازاری و ئەشکەنجەی کەسوکارمانی داوە لە زیندانی نوگرە سەلمان بەچەندین شێوە ئەشکەنجەی داون و دەستدرێژی کردۆتە سەریان و ئەشکەنجەی دەروونی داون، پێویستە هەمو کورد بێتە دەرێ بۆ خۆشی دەرببڕین و ئاهەنگ بگێرن، هیوادارم هەموو جەلادەکان ئەوها کۆتایان بێت و بەسزای خۆیان بگەن، هەرچەندە هەتا ئێستا نەم دیوە یەک کەس لەسەر کەیسی ئەنفال سزابدرێت کەدەیان عەجاج هەبوو و ئێستاش لەناوشارەکانی کوردستان دەسوڕێنەوە و داڵدە دراون و ژیان زۆر خۆشترە لە ژیانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، دەبوو لەگەڵ درووستبوونی حکومەتی کوردی لێکوڵینەوە بکرایەو ئەو تاوانبارانانەی کەیسی ئەنفال سزا درابان ، نەگەیشتایەتە ئەمڕۆ کە ٣٨ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و بابەتی ئەنفال کاڵبۆتەوە نەوەکانمان هەر نازانن ئەنفال چیە، خەڵک ئینتمای نەماوە بەداخەوە، بۆێە کەسوکاری ئەنفال زۆر بریندارن و زۆر بەگلەیین لەو حکومەتە چونکە هیچ گرنگیان پێ نەدراوە.
زێبا نەشیشاردەوە کە ئەوەی بەدەستهاتووەو وتی: ئەوانەی لەسەر کورسی دەسەڵاتن بە خوێنی ئەنفالکراوان وشەهیدان بەدەستهاتووە، ئەوان سیمبولی ئەو کوردستانەن ، دەبوو ئێستا ئێرە پڕ بووایە لە بەرپرسەکان بۆخۆشی دەربڕین نەک کەسوکاری ئەنفالکراوان بە کزی بوەستن، بەداخەوە وەک پێویستی گرنگی بە کەسوکاری ئەنفال نادرێت لەکاتێک ئەنفال گەورەترین قوربانی بوو.
نەسرین ئەحمەد ساڵح، خەڵکی گوندی گۆمەشینی دەشتی کۆیەیە وتی: هاوژینم لەگەڵ پێنج برای ئەنفال بوو من خاوەنی سێ منداڵ بووم، خەسوشم گیرابوو بەڵام لەگەڵ بەتەمەنەکان ئازاد کران، کەس هەبوو هەر بەحەسرەتی منداڵەکانی مایەوە لە پشتی جێ سۆندەو لێدانی عەجاجی پێوە بوو و هەر بەو ئازارو ئەشکەنجەی عەجاج سەری نایەوە، جگە لەوانەش زۆر لە خزم و کەسەکانم ئەنفالن کە نزیکەی ٣٠کەسن.
نەسرین ئەحمەد، بە ئاخ و حەسرەتەوە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: خۆزگە خەسوم بمایەو بەچاوی خۆی بیدتبایە کە ئەوەی ئەشکەنجەی داوە بەسزای خۆی گەیشتوە ، بۆیە ئەمڕۆ بۆ ئێمە وەک جەژنە، ئەوەندە دڵخۆشین خۆزگە هەموو زاڵمان بەسزا دەگەیشتن.
هاوکات پشتیوان سدیق، سەرۆکی ڕێکخراوی کۆژان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وتی: ئەوەی هاتۆتە دی جێی دڵخۆشیە و ئێمە وەک ڕێکخراوو و کەسوکاری ئەنفالکراوان ئامادەیی دادگایی کردنی عەجاج تکریتی بووین، زۆر پێی خۆشحاڵبوین بەو بڕیاری لەسێدارەدانە و هیوادارین هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە ئەنفالکردنی کەسوکارمان، لە جاش و مستەشارکان بەسزای خۆیان بگەن.