کەشوهەوای سارد کارەساتی بومەلەرزەکە گەورەتر دەکات

ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە سات بە سات لە زیادبووندایەو کەشوهەوای سارد و سەهۆڵبەندانیش هەڕەشەیە بۆ ژیانی هەزاران کەس کە ڕزگاریان بووە، تا ئێستا بێ پەناگەو نان و ئاون.

ناوەندی هەواڵ

ڕۆژی ٦ی شوبات بومەلەرزەیەکی بەهێز ١٠ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای هەژاندو ویرانکاری بەدوای خۆیدا هێنا، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە تەواوی کارەساتەکە کە تا ئێستا ڕوون نییە.

 

پڕۆسەی گەڕان و ڕزگارکردن درەنگ دەستیپێکردو سستی پیوە دیارە، هێشتا گەڕان بۆ ڕزگاربووان لە سەرەتادایە، دوای ١٠٠ کاتژمیر لە ڕووداوەکە خەڵک نیگەرانە و زیانلیکەوتوان لە ڕەوشێکی زۆر خراپدان.

 

لە لایەکی دیکەوە دۆخی چەقبەستووی کەشوهەوا، هەڕەشە لە ژیانی هەزاران ڕزگاربوو دەکات کە ئێستا بێ پەناگە و ئاو و خواردنن، لە شارەکانی باکوری کوردستان کە لەکاتی بومەلەرزەکە بەفر دەباری و ئێستا پلەی گەرما لە نزمبونەوەدایە بە تایبەت لە کاتەکانی شەودا دەگاتە پلەی بەستن و ئەو خەڵکانەی بێ ماڵن و لەسەر شەقامن بێ بەتانی و سوتەمەنی ڕۆژ دەکەنەوە.

 

ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە تا ئێستا تەواوی کارەساتەکە لەبەردەم چاوەکانیاندا ناڕوونە، بەتایبەتی لە سوریا کە شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن ئەو وڵاتەی وێران کردووە، بەڵێنی دا کە یارمەتی زیاتر لە ڕێگادا بێت و هانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی دا کە ڕێگە بدات پێداویستیەکان لە ڕێگەی زیاتر لە یەک دەروازەی سنوورەوە بگەیەنرێت، وتیشی: "ئەمە ساتی یەکگرتنە، ساتێک نییە سیاسەت بکەین یان دابەشی بکەین بەڵکو ئاشکرایە کە پێویستمان بە پشتیوانییەکی گەورە هەیە".