کشتوکاڵی هەرێم و عێراق داوادەکەن بڕینەوەی دارەکان بوەستێندرێت
لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێڕاق بڕینەوەی دارەکانی سنوری باشوری کوردستان بە تاوانکاری بەناو دەکەن و داوادەکەن ئەو کارەی دەوڵەتی تورکیا بوەستێندرێت.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و عێراق ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەداوە کە ماوەیەکە ژمارەیەک کۆمپانیای تورکی بە هاوکاری سوپای تورکیا داری دارستانە خۆڕسکەکانی سنوری بادینان لە باکوری هەرێمی کوردستانی عێراق دەربڕنەوە بۆ بارزگانی پێکردنیان لە ناوخۆی تورکیادا.
ئەوەشیان خستەڕوو: لێرەوە ناڕەزایی و ڕەتکردنەوەی ئەو کارە ناشارستانیە ڕادەگەیەنین، ئەو پرۆسەیە نەک هەر دوژمنکارییە بەرامبەر سروشت و ژینگەی عیراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکو کارێکی دوژمنکارانەیە دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگەی تەواوی ناوچەکە و هەموو جیهان.دەشڵێن، لەبەرئەوەی ژینگە سنووری نیە، لەبەرئەوە لێرەوە داواکارین لە حکومەتی تورکیا ئەو کارە ڕابگرێت و لەهەمان کاتدا داوا لەهەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بەجدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە وەڵامیان هەبێت.

بانگ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ ڕاوەستاندنی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی کە دژ بە ژینگە ئەنجام دەدرێت.
ت.پ