٣ ژن لە دەستبەسەرکردندا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی ژینا بەردەوامە و لە ناوەندی ئیتلاعاتی شۆڕش لە زاهیدان لانیکەم ٣ ژن دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و لە شەشەم مانگدا بە پێشەنگایەتی ژنان بەردەوامە، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان لانیکەم ٣ ژن کە لەو چالاکییانەدا بەشداربوون، لەلایەن ناوەندی ئیتلاعاتی شۆڕش لە زاهیدان دەستبەسەرکراون و دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر.

 

سێ لەو ژنانەی بەشدارییان لە چالاکیی هەینی خوێناوی کردبوو، لە شەقامی زانکۆی زاهیدان دەستبەسەر کراون.

 

یەکێک لە قوربانییەکان کە بە هۆکاری ئەمنی ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە، دەڵێت: "لەناو شەقامی زانکۆ لەگەڵ هاوڕێکانمان دروشممان دەوتەوە، مەبەستمان لە بەشداریکردنمان لە خۆپیشاندانەکەدا بۆ خۆشی بوو، جگە لە خواستی سیاسی، هەندێکیش لە منداڵەکان بە دەنگی بەرز یاری گاڵتەجاڕییان دەکرد، هیچ کاتێک پێمان وانەبوو کە دەستگیرمان بکەن".

 

ئاژانسی هەواڵی بەلووچستان-حال وش لە ڕاپۆرتێکدا بارودۆخی ئەو قوربانیانە بەم شێوەیە ڕوون دەکاتەوە: "بەهۆی بەستێنی نەریتی و کولتووری ناوازەی بەلوچستانەوە، قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی بە بەراورد لەگەڵ قوربانیانی هاوشێوەی دیکە لە بەشەکانی دیکەی وڵات تووشی دوو خەمۆکی بوون و زۆر پێویستیان بە پشتگیری دەروونی و ڕۆحی هەیە، تا ئێستا سێ کەس لە چوار قوربانی هێرشەکانی فەیلەقی ئیتلاعاتی زاهیدان کە ناسنامەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە، پاڵنەرێکی بەهێزی خۆکوشتنیان هەبووە.

 

بەگوێرەی هەمان ڕاپۆرت، قوربانییەکان ئەوەندە فشاریان لەسەر بووە کە "دوو لەو قوربانیانە ڕاوێژیان بە پسپۆڕانی ئایینی کردووە و لێکۆڵینەوەیان لە فیقهی خۆکوشتن بۆ ئەو جۆرە بارودۆخانە و مۆڵەتی خۆکوشتن بۆ خۆیان کردووە".

 

جێی ئاماژەیە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، کاتێک هێزە ئەمنییەکان ژنانیان بە تۆمەتی جلوبەرگ و بەشداریکردن لە گردبوونەوەکان دەستگیر دەکرد، تووشی هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژی سێکسییان کردوونەتەوە.