کەسایەتی میدیایی میسری ئیناس لیسی کۆچی دوایی کرد

ئیناس لیسی کەسایەتی میدیایی میسری، لەناکاو پەستانی خوێنی دابەزی دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد، سەرەڕای ئەوەی بەم دواییە پشکنینی پزیشکی لە دەرەوەی وڵات ئەنجامدابوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیناس لیسی، کەسایەتی میدیایی میسری لە ساڵانی ڕابردوودا کەسایەتییەکی دیار بوو لە بواری میدیادا، دەستی بە کاری ڕادیۆ و نواندن کردووە، بەشداری لە بەرهەمە تەلەفزیۆنییەکان و بەرنامە بەناوبانگەکاندا کردووە.

 

ئیناس لیسی، کەسایەتی میدیایی میسری دوای کارێکی درێژخایەن و دیار لە بواری تەلەفزیۆن، ٢٨ی شوبات کۆچی دوایی کرد، بە هەڵسوکەوتی ئارام و ئامادەبوونی ناسرابوو، ئەمەش وای لێکرد ببێتە کەسایەتییەکی دیار لە تەلەفزیۆنی میسردا، هەواڵی مردنی دڵتەنگی هاوکارەکانی و کۆمەڵگەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ماتەمینی بۆ گێڕا و دەستکەوتە پیشەییە بەرچاوەکانی و بەشدارییە مرۆییەکانی بەبیرهێنایەوە، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان.

 

سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی، هاوڕێیەکی نزیکی ئیناس لسی ڕایگەیاند، کە تووشی دابەزینی توندی پەستانی خوێن بووە، ئەمەش پێویستی بە گواستنەوەی دەستبەجێ بووە بۆ نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵەکانی ڕزگارکردنی، بەڵام کۆچی دوایی کرد، بەم دواییە چەندین پشکنینی پزیشکی لە دەرەوەی وڵات ئرمجامداوە بۆ چاودێریکردنی تەندروستی.

 

ئیناس لیسی، کەسایەتی میدیایی کۆچکردوو بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک بەرنامە کە باسی لە پرسە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە جیاوازەکان دەکرد، جیاکرایەوەتەوە، هەروەها بە پابەندبوونی بە پیشەیی و بابەتگەراییەوە ناسرابوو، ئەمەش بووە هۆی بەدەستهێنانی ڕێزی خەڵک و متمانەی ئەو دامەزراوە میدیاییانەی کە تێیدا کاری دەکرد.

 

ئیناس لیسی دەستی بە کاری ڕادیۆیی کردووە، وەک پێشکەشکار لە کەناڵی ”Panorama FM” ”پانۆراما ئێف ئێم” کاری کردووە، پێش ئەوەی لە ڕێگەی ”MBC” ”ئێم بی سی” میسرەوە بچێتە تەلەفزیۆن بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەی "أحسن ناس" ”باشترین کەسەکان”، دواتر پەیوەندی بە کەناڵی محور کرد و بەرنامەی "الطبيب" ”دکتۆر”ی پێشکەش کرد، هەروەها لەڕێگەی بەشداریکردنی لە زنجیرەی "مملكة يوسف المغربي" ”شانشینی یوسف مەغریبی” ئەزموونێکی نواندنی هەبووە و لە کۆمەڵێک کارەکتەری ناو بەرنامەی "سيد أبو حفيظة" ”سەید ئەبو حەفیزە” دەرکەوتووە، کە ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە و کارلێکی گەورەی لەلایەن بینەرانەوە بەدەستهێناوە کاتێک نمایشکرا.