ڕۆکسان محەمەد: بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا تێدەکۆشن
ڕۆکسان محەمەد، وتەبێژی یەپەژە ل، دەڵێت: خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنها بەشدارییەکی زوو تێپەڕ نەبووە لە بەرەکانی شەڕدا، بەڵکو ڕێگایەکی یەکگرتووی بەرخۆدان و بەرگریکردنە لە ناسنامە و بوونی ژن.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ-لە نێوان گفتوگۆ بەردەوامەکان سەبارەت بە داهاتووی سووریا و پێکهاتەی دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکانی، پرسی بەشداری ژنان لە بەرگریدا وەک یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین پرسەکان سەریهەڵداوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێ کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات، یەپەژە خۆیان لە دڵی ئەم کاردانەوەیەدا دەبیننەوە، کە لە ساڵانی شەڕدا ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستنی کۆمەڵگەدا بینیوە.
١٤ ساڵە یەپەژە وەک هێزێکی سەربازی و کۆمەڵایەتی خۆی جێگیر کردووە، ڕۆڵی ژنان لە بەرگری و بەرخۆدان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێناسە دەکاتەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنەکان بۆ یەکخستنی سەرجەم دامودەزگاکانی نێوان حکومەتی کاتی سووریا و ناوچەی ڕۆژئاوایکوردستان، دانپێدانانی فەرمی بە یەپەژە لە بڕگەکانی یەکگرتنی سەربازیدا نەخراوەتەڕوو، فەرماندەکانی یەپەژە ئەمە بە چاوپۆشیکردن لە دەستکەوتەکانی خەباتێکی درێژخایەن کە بە بەرخۆدانی بێئەندازە دیاری کراوە دەزانن، بۆ ئەوان ئیتر دانپێدانان تەنها مەرجێکی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی ژنان لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا بەدەستیان هێناوە و دەستەبەرکردنی ڕۆڵی بەردەوامیان وەک هێزێکی کارا لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکیدا کە دادپەروەرانە بێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی.
لە میانی کۆنگرەی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا، کە ١٧ی ئادار بەڕێوەچوو، نوێنەرانی یەپەژە دووپاتیان کردەوە: کە خەباتیان ناوەستێت و دانپێدانانی فەرمی بە ڕۆڵی ئەوان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و چەسپاندنی بوونی ژنان لە دامەزراوە سەربازییەکان زۆر گرنگە.
"ئێمە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ لە هێڵی پێشەوە بووین"
لە میانی کۆنگرەکەدا، ئاژانسەکەمان ڕاگەیامدراوێکی لە ڕۆکسان محەمەد، وتەبێژی یەپەژە وەرگرتووە، کە ڕایگەیاندووە، بوونی یەپەژە لەناو سوپای سووریادا گرنگە و ئەگەر ئەمە پەسەند نەکرێت، خەبات و هەوڵەکانیان بەهێزتر دەبێت و بەردەوامیش دەبێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنە پێشەنگەکانی شۆڕش لە بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان شەهید بوون، هەروەها ئێمە بەشداریمان لە کۆنگرەی ژنان کرد بۆ دڵنیابوون لە چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستووری سووریادا، خاڵە سەرەکییەکان کە لە کۆنگرەکەدا باسکران بریتی بوون لە چۆنیەتی پاراستنی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریا، چونکە ژنان دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە، ئەوان بە هەموو شێوەیەک درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە ئاستەکانی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ و چەندین سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشێکیان کرد کە بووە نموونەیەک بۆ هەموو جیهان، زۆرێک لە پئشەنگەکانی ئەم شۆڕشەش بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان و بوونیان شەهید بوون، بێگومان هەوڵی یەکجار زۆر و خەباتێکی گەورە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە درا، ئەم خەباتە، ئەو کارانە، ئەو دەستکەوتانەی بەدرێژایی ساڵان بەدەست هاتوون، چۆنێتی مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لەمەودوا، ئەوەن کە دەکرێت ئەمڕۆ باسی لێکرا.
"کاتێک دەوترێت یەپەژە مەبەستمان پاراستنە"
جەختی لە گرنگی چارەنووسسازەکانی یەپەژە لە ناو سوپای سووریادا کردەوە وتی: وەک یەپەژە، پێمان سەیرە لەمەودوا دۆخەکە چۆن دەبێت، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە یەپەژە لە زۆر بواردا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆژی، ڕێکخراوەیی، سەربازی و پیشەیی، بوون و ناسنامەی ژنانیان لە مەیدانی سەربازیدا پاراستووە و ئەمەش بووەتە هۆی پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل.
"یەپەژە لە دەستووری سووریادا جێگەی خۆیان دەبێت"
ڕۆکسان محەمەد پێی وایە، کە بوونی یەپەژە بۆ مانەوەی کۆمەڵگە زۆر گرنگە و یەکینەکان بە پشتیوانی ئەوانی تر درێژە بە خەباتی خۆیان بۆ سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک دەدەن، ئێمە تا کۆتایی درێژە بەو خەباتە دەدەین، تەنانەت ئەگەر شێواز و ئامرازەکانی بەکارهێنراویش جیاواز بن، یەپەژە دەبێت ببێتە هێزی پارێزەر بۆ هەموو ژنانی سووریا، چونکە ئێمە هێشتا شاهیدی کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و کۆچکردنیان، هەر ژنێک بیەوێت ژیانی خۆی مسۆگەر بکات و مافەکانیی مسۆگەر بکات و ناسنامەیی بپارێزێت، دەنگێکی گرنگی لە دەستووری سووریادا هەیە.
ڕۆکسان محەمەد، وتەبێژی یەپەژە لە کۆتایی ڕاگەیانراوەکەدا، وەک ڕێکخراوێک بەشداریکردنمان لە سوپادا گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ناو سوپادا دەهێنێتە ئاراوە، سووریاش بەرەو دیموکراتیکی هەنگاو دەنێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش پێویستە هەموو ژنێک بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە بوونی یەپەژە بکات، ئێمە پێمان وایە گەلەکەمان پشتیوانیمان دەکات، بەردەوامین لەم ئاراستەیەدا بوونی ئێمە بوونی کۆمەڵگەیە، بوونی کۆمەڵگەش بوونی ئێمەیە، هەر بۆیەش پێکەوە ئەم خەباتە بەرەو سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک دەبەین.