ژنانی کەنەکە: پێویستە شنگال ببێتە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر

کۆردیناسیۆنی ژنانی کەنەکە ڕایگەیاند، پێویستە شنگال ببێتە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر، تاکو ئێزدییەکان بتوانن خۆیان بپارێزن و بە ئازادی باوەڕ، ئاین و کولتووری خۆیانەوە بژێن.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیۆناسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە"، لە ١٢ـەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگالەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەقەکەی بەم شێوەیەیە:

لە دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا، سەری ڕێز و نەوازش دادەنێین بۆ یادی هەموو ئەوانەی لەدەستمان داون.

لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـدا، لە شنگال دوو جۆر کۆمەڵکوژی لە هەمان کاتدا ئەنجامدرا. یەکێکیان مەبەستی لەناوبردنی جەستەیی ئێزدییەکان بوو، ئەوی دیکەشیان کۆمەڵکوژییەکی کولتووری بوو لە ڕێگای فێمینیساید (کۆمەڵکوژیی ژنان)ـەوە، کە ئامانجی سەرەکیی ژنانی ئێزدی بوون، چونکە ئەوان هەڵگری کولتوور و ناسنامەی ڕەسەنی ئاینی ئێزدی بوون، ئامانج تەنها لەناوبردنی جەستەیی ئێزدییەکان نەبوو، بەڵکو بە تەواوی سڕینەوەیان لەسەر ڕووی زەوی بوو.

 

هەزاران ژن هێشتا بێسەروشوێنن

ئێزدییەکان بە هۆی بەرخۆدانی هەزاران ساڵەیان، بە پشتبەستن بە ژنان وەک هەڵگری کولتوور و ناسنامە، توانیان لەو ناوچەیەدا بنەمای ناسنامەی ڕەسەنی کوردی بپارێزن، بۆیە ژنانی ئێزدی بوونە ئامانجی دڕندەترین هێرشەکانی سەدە، ژنانی ئێزدی ڕفێنران، دەستدرێژی سێکسییان لێکرا، ئەشکەنجە دران و لە بازاڕەکانی کۆیلایەتی فرۆشران، هەزاران ژن هێشتا بێسەروشوێنن.

جینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ لە ژێر ناوی داعشدا ئەنجامدرا، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، لە ژێر ناوی ململانێی شیعە و سوونەدا، لە دەوروبەری شەنگال هەڕەشەیەکی نوێ هەیە، بەڵام ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە ئیسلامی شیعە یان سوونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە هەیە لە چوارچێوەی ئامانجە ستراتیژییە نوێکاندا.

 

شنگال، کە بۆ سەدان ساڵە شوێنێکی پیرۆزی ئێزدییەکانە، لە ناوچەیەکی سنووری و گرنگی جوگرافیایی دایە، ئەوشوێنەیە کە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، شنگال بەشێکە لە پارێزگای موسڵ، کە زۆرجار بووەتە گۆڕەپانی ململانێی دەسەڵاتدارانی تورک، عەرەب و فارس. موسڵ ناوچەیەکە کە لەژێر چاودێری هێزە جیهانییەکان دایە.

 

پێویستە ژنانی ئێزدی بێسەروشوێن بدۆزرێنەوە

ئەمڕۆ، ئێزدیخان جارێکی تر لە ناوەڕاستی شەڕی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان بۆ کێبڕکێی جیۆستراتیژییە، هەروەها، جگە لە پێشکەشکردنی یارمەتیی مرۆیی، هیچ حکومەت یان پەرلەمانێک لەوانەی جینۆسایدیان ناساندووە، هەنگاوێکی سیاسی نەناوە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی ئارام و سەلامەت بۆ ئێزدییەکان، بەڵام، داواکارییەکی سەرەکیی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئێزدیخان، پێدانی پێگەی خۆبەڕێوەبەریی بووە لەچوارچێوەی یاسایی عێراقدا، بۆ دابینکردنی دادپەروەری لە شنگال، پێویستە ژنانی ئێزدی بێسەروشوێن بدۆزرێنەوە و ئەو کەسانەی هانی کۆمەڵکوژیانداوە یان بەشداریان تێدا کردووە، بخرێنە بەردەم دادگا و سزای یاسایی وەربگرن.

 

هەرچەند ناساندنی جینۆسایدی دژ بە ئێزدییەکان لەلایەن زۆر هێزەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بووە، بەڵام داخەوە هەتا ئێستا لە بواری کردارییەوە هێشتا مەترسییەکان لەسەر ئێزدییەکان لەنێو نەچوون، پێویستە حکومەت و پەرلەمانەکانی ئەو وڵاتانەی جینۆسایدیان ناساندووە، لە ڕێگای حکومەتی عێراقەوە لە بواری دیپلۆماسی و سیاسییەوە ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن، بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ ئێزدییەکانی شنگال دابین بکرێت، تاکو بتوانن خۆیان بپارێزن.

 

بۆیە ئێستا پێویستە شنگال ببێتە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر، تاکو ئێزدییەکان بتوانن هەم خۆیان بپارێزن و هەم بە ئازادیی باوەڕ، ئایین و کولتووری خۆیان بژێن.

هەروەها پێویستە شنگال ببێتە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر، تاکو ژنانی ئێزدی بتوانن بەبێ ترس و بە ئازادی بژین.