کۆنگرەی سێیەمی تاژێ دەستیپێکرد

کۆنگرەی سێیەمی تاژێ بە بەشداری ٢٥٠ نوێنەر دەستیپێکرد. لە وتاری دەستپێکی کۆنگرەدا ئاماژەی بە گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیستماتیکییەکان و پەرەسەندنی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنانی ئێزدی کرا.

شنگال 

 

ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ بە بەشداری ٢٥٠ نوێنەر، سێیەمین کۆنگرەی تاژێ دەستیپێکرد. کۆنگرە بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ژیانی کۆمیناڵ" بەڕێوەدەچێت و بە خولەکێک بێدەنگی دەستیپێکرد.

 

ئەندامانی تاژێ لەگەڵ وتەبێژی کۆمینەکانی ژنانی گوند و کۆمەڵگاکان کە لە ڕێگەی دیموکراتیکی ڕاستەوخۆوە هەڵبژێردرابوون، بە جلوبەرگی ڕەسەنی خۆیانەوە بەشداری کۆنگرەکە بوون، هەروەها ژنانی کۆمەڵگەی عەرەبی شنگال لەگەڵ نوێنەرانیان وەک بەشێک لە دەستپێشخەری ژنانی عەرەب بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە.

 

جگە لە ئەندامانی تاژێ، میوانانی مەخموور و چالاکوانانی ئێزدیش لە کۆنگرەدا ئامادەن. هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدی کە نەیانتوانی بە شێوەیەکی کەسی بەشداری کۆنگرەکە بکەن، پەیامیان بۆ کۆنگرە ناردووە.

 

لە کۆنگرەکەدا پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پۆستەری ژنە شەهیدەکان کە خەباتێکی گەورەیان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد، پانکارت بە نووسینی "خۆپاراستن هەبوونە، خۆبوون ژیانێکی ئازادە" نمایشکرا.

 

وتاری دەستپێکی کۆنگرە لە لایەن ڕیهام حجۆ، وتەبێژی تاژێوە پێشکەش کراو پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی ئێزدی و بەتایبەت ژنانی شنگال کرد و بەخێرهاتنی سەرجەم نوێنەران و میوانانی کرد.

 

ڕیهام حجۆ کۆنگرەکەی تەرخان کرد بۆ کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم شەهیدانی مانگی ئایار و بەتایبەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

 

"تێکۆشانی ئێمە تێکۆشانێکی ئاسان نەبوو"

ڕیهام حجۆ کە باسی لە گرنگی کارو خەباتی تاژێ کرد وتی: ئێمە زۆر کارمان کرد و تێکۆشانمان بۆ مافەکانی ژنانی ئێزدی و پێگەی شنگال کرد، ئێمە بە کارو بەرخۆدانمان ئەوەمان سەلماند، ژنانی ئێزدی و دایکانمان لێرە ئامادەن پێشەنگایەتی هەموو کار و هەوڵەکانی شنگال بکەن، تاژێ بۆ ژنانی ئێزدی سەریهەڵدا، خەباتی ئێمە خەباتێک نەبوو خەباتی ئاسان هەم سەختییەکان و هەم سەرکەوتنەکان زۆر بوون، خەباتمان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییە ئێمە پێمانوایە ئەمڕۆ لێرە بڕیاری کاریگەر دەدەین هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئێمە خۆمان ڕێکخست و خۆمان پەروەردە کرد، ئێمە ئەمڕۆ بە ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ لێرەین. ئێمە بە ڕەنجی شەهیدانی ژن لێرە کارەکانمان ئەنجام دەدەین. ئێمە بە پێی خەونی ژنان و شەهیدە پێشەنگەکانی ئێزدیمان کار دەکەین. خەبات دەکەین بۆ ژیانێکی کۆمیناڵ و ئازاد و دیموکراتیک. ئێمە دژی هەوڵی کۆیلەکردن و ملکەچکردنی ژنان تێدەکۆشین، خەباتمان زیاتر دەکەین. بارگرانیمان لە جاران قورسترە، بەڵام دەرفەتەکانی ئازادی لە هەموو کاتێک زیاترە. تا بەهێزتر ببین، دوژمن زیاتر هێرش دەکاتە سەرمان، پێویستە بڕیار بدەین بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و ژنان. داب و نەریتی خێڵەکی باش قبوڵ ناکەین. هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەمان دەخوازین. سەرکەوتن بۆ ژنانی ئێزدی.

 

هەروەها لە کۆنگرەکەدا وتارو پەیامی یەژەشە، بنەماڵەی شەهیدان و کۆمەڵەی ژنانی مەخموور پێشکەش دەکرێت. دوای وتارەکان پەیامی نووسراوی کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی ژنان دەخوێندرێتەوە.

 

دوای پەیامە پیرۆزباییەکان، بەشداربووانی کۆنگرە دەستەی سوێندخواردن هەڵدەبژێرن بۆ سەرکردایەتیکردنی کۆنگرە. دوای ڕاگەیاندنی دەستەی سوێندخواردن، دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد سەبارەت بە ژنان، ڕاپۆرتی کاری دوو ساڵەی تاژێ دەخوێندرێتەوە. دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە، بارودۆخی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و هەوڵە ڕێکخراوەییەکانی ئەو دوو ساڵە هەڵدەسەنگێندرێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی ئامادەکاری، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی تاژێ تازە پێکهێندراوە و لەلایەن نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت. دواتر پلانی کارکردنی دوو ساڵە دەردەچێت و بڕیاری گرنگ دەدرێت. دوای بڕیارەکان، هەماهەنگی کارەکانی دوو ساڵە هەڵدەبژێردرێت و سوێندی یاسایی دەخرێت.

 

کۆنگرە بە وتاری کۆتایی کۆتایی دێت و دواتر ئەنجامەکانی ڕادەگەیەندرێت.

 

لە ئێستادا کۆنگرەکە بە گەیاندنی پەیامەکان بەردەوامە و تا ئێوارە بەردەوام دەبێت.