کۆنگرەی ستار ماوەی ٢١ ساڵە چەترێکە بۆ ژنان
ژیان حسێن، ئەندامی کۆوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، بیری خستەوە کە کۆنگرەی ستار کە ٢١ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، بۆ ژنان بووەتە چەتر و ناسنامە، ڕایگەیاند، کە دەخوازن بە کۆنفرانسە نوێگەرییەکان، وەڵامدەرەوەی قۆناغی ئێستا بن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە – کۆنگرەی ستار کە ٢١ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، لەم ساڵانەدا بووەتە چەتر و ناسنامەی هەر ژنێک کە بۆ ماف، ئازادی و بوونی خۆی تێدەکۆشێت، لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا، کۆنگرەی ستار دەخوازێت بە کۆنفرانسە نوێگەرییەکان خۆی نوێ بکاتەوە و ڕۆڵی خۆی لە بەهێزکردنی تێکۆشانی هاوبەشی ژناندا بەهێزتر بکات، ژیان حسێن، ئەندامی کۆوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، ئەم بابەتەی بۆ ئاژانسەکەمان هەڵسەنگاند.
'هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا هێرش بوون بۆ سەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک"
ژیان حسێن، ئەندام کۆوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوای بیرخستەوە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دۆخێکی هەستیار هاتە ئاراوە و لە شیخ مەقسودەوە تا حەسەکە ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، ژیان حسێن دەستنیشانی کرد کە ئەم هێرشانە لەسەر پرۆژەی ئەنتیگراسیۆنی گەلان و نەتەوەی دیموکراتیک بوون و وتی: زۆرێک لەو هێزانەی کە دژی ئەم سیستەمەن، دەیانەون ڕێگری لە بەردەم سیستەمێکی دیموکراتیکدا دروست بکەن کە تێیدا هەموو گەلان بەیەکەوە بژین، خۆیان بەڕێوە ببەن و چاند و بوونی خۆیان بپارێزن.
"ڕیشەی ئەو پرۆژەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیە بەردەممان قووڵە"
ژیان حسێن ڕوونیکردەوە، کە ئەم ئەزموونە بووە بە نموونەیەکی جیهانی و کاریگەرییەکەی لەسەر زۆر کەس هەبووە وتی: بەڵام سەرەڕای ئەمە، دەستکەوت و پرۆژەکانیان تووشی پیلانگێڕییەکی گەورە بوون کە لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆ و ژناندا کرایە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم پیلانگێڕییەدا زیانی گەورە و باجی قورس درا و زۆر ناوچە لەدەستچوون، بەڵام ئەمە باوەڕی بە پرۆژەکەمان نەشکاند، ئەو پرۆژەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ خستیە بەردەممان، ڕیشەکەی قووڵە و هەمیشە سەوز دەبێت.
"ژن دەبێت لە پرۆسەی بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیکدا خاوەنی ڕۆڵێکی بنەڕەتی ببن"
ژیان حەسێن، ئەندامی کۆوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار سەرنجی خستە سەر پرۆسەی ئێستای سووریا و ئاماژەی بەوەدا، کە لەم پرۆسەیەدا لە ناو سیستەمەکەدا گۆڕانکاری و وەرچەرخانی زۆر دروست دەبن، وتی: لە چوارچێوەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا پێویستە قسە لەسەر ئەوە بکرێت کە چۆن سووریایەکی دیموکراتیک دادەمەزرێت کە هەموو ڕەنگ و دەنگەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرێت، دەبێت سوود لە ڕەنگاوڕەنگی کۆمەڵگەی سووریا وەربگیرێت و دەوڵەمەندی کولتووری و ئایینیی ئەو بپارێزرێت.
لە لایەکی ترەوە، ژیان ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی کاتیی سووریا گرت و وتی: ئەو حکومەتەی کە ئەمڕۆ سووریا بەڕێوە دەبات، ژنان ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت سووریا تەنها لەسەر بنەمای ڕەنگ، ڕەگەز و تێڕوانینێکی یەکلا ئاوا بکاتەوە، ئەمەی وەک ڕێگەیەک بۆ بردنی سووریا بەرەو تاریکی ناو برد.
کۆنگرەی ستار دەیەوێت بە کۆنفرانسی داهێنان خۆی بونیاد بنێتەوە
کۆنگرەی ستار بەرامبەر بە گۆڕانکاری و وەرچەرخانەکانی کە ناوچەکە تێیدا تێپەڕ دەبێت، بڕیاری داوە لە ناو خۆیدا گۆڕانکاری پێک بهێنێت، خۆی لەگەڵ پرۆسەکەدا نوێ بکاتەوە و بەم شێوەیە باسی گۆڕانکارییەکانی کرد: «سیستەمی ڕێکخراوەیی لە کانتۆنەکانەوە گۆڕاوە بۆ سیستەمی شارنشینی و ئێستا لە هەموو شارێکدا کۆنگرەی نوێبوونەوە بەڕێوە دەچن، ئامانجی ئەم کۆنگرانە ئەوەیە کە کەمکووڕییەکانی ساڵانی ڕابردوو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و جارێکی تر بنەمایەکی بەهێز بۆ کارکردن دابمەزرێت، لە ٢٨ی تشرینی یەکەمەوە لە جزیرە، هەشت شاری جیاوازدا کۆنگرە بەڕێوە چوون، لەوانە دێریک، قامیشلۆ، تل تەمر، تیربەسپی، دیرباسیی و عاموودا.
"هاودەنگی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە بڕیاردان گرنگە"
ژیان حسێن سەرنجی بۆ ئەرکەکانی ژنان لەو پڕۆسەیەدا ڕاکێشا و ڕایگەیاند، کە گرنگترین شت هاودەنگی ژنان و خەباتی هاوبەشیانە،وتی: ژنان دەبێ ئیرادەی بەرگری لە خۆیان هەبێت و لە بواری پەروەردە و گەشەپێدانی خۆپاراستندا خۆیان بەهێز بکەن و لە بواری سیاسی و یاساییدا چالاکتر بن، پێویستە ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان جێگەی خۆیان بگرن بۆ ئەوەی مافی هەموو ژنانی سووریا بە هەموو باکگراوند و ڕەنگ و بیروباوەڕێکەوە، لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت.
"باوەڕمان بە ئیرادە و هێزی ژن هەیە"
ژیان حسێن باسی ڕۆڵی ژنی لە پرۆسەی گۆڕانکاریدا کرد و بەم شێوەیە کۆتایی بەقسەکانی هێنا: رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بکات ژنە، ئەم ڕاستییە لە ژیانی ڕۆژانەشدا دەردەکەوێت، لەبەر ئەوەی ژنان لە بوارەکانی کار، تێکۆشان و خەباتدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن، باوەڕمان بە ئیرادە و هێزی ژنان هەیە و بەم گیانەوە سستمی خۆمان لە نوێوە دادەڕێژینەوە و دەبینە وەڵام بۆ ئەم پرۆسەیە.