کۆنگرەی ستار: خەباتی ژنان کلیلی ئازادیی و دیموکراسی و یەکڕیزییە
کۆنگرەی ستار پەیامێکی ئاڕاستەی سێیەمین کۆنفرانسی پلاتفۆرمی ژنانی کورد لە ئامەد کرد و ڕایگەیاند، دەبێت یەکێتی نەتەوەیی لەژێر سەرکردایەتی ژناندا بونیاد بنرێت، خەباتی ژنان کلیلی ئازادیی و دیموکراسی و یەکڕیزییە.

ئامەد
ئەمڕۆ لە هۆڵی بینای بازرگانی ئامەد، بە دەستپێشخەریی پلاتفۆرمی یەكێتی ژنانی کورد، بە درووشمی “بە یەکڕیزی ژنانی کورد، بەرەو یەکێتی نەتەوەیی” سێیەمین کۆنفرانسی پلاتفۆرمی ژنانی کورد دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا کۆنگرەی ستار پەیامێکی بۆ کۆنفرانسەکە نارد.
بەشێک لە پەیامەکەی کۆنگرەی ستار بەم شێوەیەیە؛
ئێمە وەک ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە کە قەڵای بەرخۆدان و گۆڕەپانی شۆڕشی ژنانە، بەو ڕۆحە شۆڕشگێڕییە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی کۆنگرەتان دەکەین.
هیوادارین لە کۆنگرەکەدا بڕیاری گرنگ بدرێت کە ببێتە ئامرازێک بۆ بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی و کۆنفرانسی ژنان و دامەزراندنی یەکێتی نەتەوەیی کورد، بەستنی کۆنگرەیەک کە لە چوارچێوەی ڕیکخستنیدا بێت، نوێنەرایەتی ساتێکی گرنگ دەکات لە پڕۆسەی تێکۆشانی کورددا.
کۆنفرانسەکەتان لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، چونکە گەلی کوردمان لە قۆناغێکی مێژووییدایە، هێزە هەژموونگەراکان جارێکی دیکە نەخشەی ناوچەکە دەکێشنەوە، کە ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی هەموو ئێمەی ژن، پڕۆسەی ئێستا پێویستی بە ڕێبەرایەتییەکی ڕاستەقینە هەیە بە بوێری، ڕێکخستنبوون، ستراتیژی و هاودەنگی، کە ئەمە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ بنیاتنانی چارەنووسێکی هاوبەش.
ژنانی کورد، کە گەورەترین شەڕی بوونیان لە دژی فاشیزم و داگیرکەری کرد و دژی داعش وەستانەوە، دەیانەوێت ئەمڕۆ نەک تەنها لە ئاستێکی قوربانیداندا بمێننەوە، بەڵکوو لە ئاستی ئیرادە، پێشەنگایەتی و دیاریکردنی داهاتووشدا ڕۆڵیان هەبێت، هیوایەکی زۆرمان بەم کۆنفرانسە هەیە، چونکە هەنگاوێکی کردەیی دەبێت کە زەمینە بۆ کۆنفرانس لە هەموو پارچەکانی کوردستان خۆش بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی دەستکەوتەکانی ئێستا و داهاتوو و دروستکردنی هاوپەیمانی و هاودەنگی لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەکان.
ئازادیی گەلێک، کە ژنی تێدا بەدەر بێت، مومکین نییە، بەڕاستی خەباتی ژنان کلیلی ئازادی و دیموکراسی و یەکڕیزییە، ئێمەی ژنان دەبێ بە قسە و هەوڵ و کار و کردار و دڵسۆزی و ئازایەتیمان ببینە بنیاتنەری یەکێتی نەتەوەیی.